ستیڤن بلانك توێژەر و تایبەتمەندی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەمریكا بۆ گوڵان:   بە لەبەرچاوگرتنی كەسایەتیی پوتین نابێت مەترسیی شەڕی ناوكی فەرامۆش بكەین

ستیڤن بلانك  توێژەر و تایبەتمەندی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەمریكا بۆ گوڵان:     بە لەبەرچاوگرتنی كەسایەتیی پوتین نابێت مەترسیی شەڕی ناوكی فەرامۆش بكەین

 

 

ستیڤن بلانك توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئیرۆئاسیا لە ئەنستیتۆتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەكی، شارەزا و تایبەتمەند و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا، كاروبارە سیاسی و سەربازییەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەر لەم ڕووەوە چەندین كتێب و توێژینەوە و وتاری نووسیوە، هەروەها لەلایەن ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریكا و چەندین ناوەندی توێژینەوەوە ڕاوێژی پێ كراوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئەگەرەكانی هەڵكشانی ئەم شەڕە و هەڕەشە و مەترسیی بەكارهێنانی چەكی ناوكی و هۆكار و پاڵنەرەكانی درێژەكێشان و بەردەوامبوونی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن و پێتان وایە ئەم شەڕە لە چ قۆناغێكدایە و ئایا پێشبنی دەكرا پەرەسەندن و پێشهاتەكان بەم ئاقار و ئاراستەیەدا بڕۆن؟ ئایا هیچ ئەگەرێك لە ئارادا ماوە بۆ ئەوەی ڕووسیا بتوانێت شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە؟

لە ڕاستیدا ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە دەتوانین بڵێین تا ئەم ساتەوەختە ڕووسیا دۆڕاوی ئەم شەڕەیە و بە گوێرەی دوایین زانیاری كە من هەمە، سوپای ئۆكرانیا بەردەوامە و درێژە بە پێشڕەویی خۆی دەدات. ڕووسیا تا ئێستا نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بە پێچەوانەوە تووشی كێشە و پاشەكشە بووەتەوە، بۆیە بەردەوام دەبێت و درێژە بە هەڕەشەی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ناوكی دەبات. هەرچۆنێك بێت پێم وانییە ئەم هەڕەشەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕ بە سەر بارودۆخە سەربازییەكەی شەڕەكەدا بهێنێت، بە چەشنێك لە بەرژەوەندیی ڕووسیا یەكلا ببێتەوە و كۆتایی پێ بهێنرێت. خۆ ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا پێم وانییە -كە ڕەنگە زۆرێك لە شرۆڤەكارانیش لەگەڵمدا هاوڕا بن - كە ڕووسیا بتوانێت براوەی ئەم شەڕە بێت و لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلای بكاتەوە لەم ساتەوەختەدا.

* بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستە و سەرنجدانە ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا تووشی چەندین پاشەكشەی سەربازی بووەتەوە، بەڵام هێشتا سوورە لەسەر درێژەدان بە شەڕەكە و جار لە دوای جار هەوڵە سەربازییەكان بەم ئاراستەیەدا چڕ دەكاتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئەم پێداگرییەی ڕووسیا لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- بە تێڕوانینی من ئەم پێداگرییە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین بەرگەی ئەوەی ناگرێت لەم شەڕەدا تووشی شكستخواردن و دۆڕان ببێتەوە، چونكە دەرئەنجامێكی لەم چەشنە دەسەڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەكەدا دەخاتە مەترسییەوە.

* بەڵام ئەگەر لە بارودۆخەكە بڕوانین و هەروەك ئێوەش لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان پێ كرد، ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە ڕووسیا بتوانێت بەم نزیكانە شەڕەكە بباتەوە و دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی یەكلا بكاتەوە؟

- لە ڕاستیدا كێشەكە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین هیچ بایەخ و گرنگییەك نادات بە ڕووسیا و بە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی و ئەمەی نەكردووە بە چەقی بەرنامە و سیاسەت و هەڵوێستەكانی، بەڵكو خەمی سەرەكیی ئەو تەنیا و تەنیا درێژەدان و پارێزگاریكردنە لە دەسەڵاتەكەی، چونكە ئەوەتا بە هۆی ئەو شەڕەی هەڵیگیرساندووە و درێژەی پێ داوە، بە بەدەیان هەزار كەس كوژراون، ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون و چەندین سەربازیش بە دیل گیراون و بە سەدان هەزار كەسیش وڵاتیان جێهێشتووە، كەواتە من لێرەدا ئەوە دووپات بكەمەوە كە ئەگەر بە ڕاستی سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین لە خەمی وڵاتەكەیدا بووایە ئەوا شەڕەكەی ڕادەگرت و كۆتایی پێ دەهێنا.

* كەواتە لە ئێستادا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەم پێداگرییەی سەرۆك پوتین، چ شتێك زیاتر ئێوە نیگەران دەكات؟

- ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێكی دیكە مایەی نیگەرانییە بۆ من – و ئەمە نیگەرانییەكە لە نێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا گوزارشتی لێ دەكرێت- ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ناوكییە، كە ئێستا ئەوە بەدی دەكەین كە هەڕەشەی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی ئەم چەكە دەكرێت.

* ئەمەی ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن ڕاستە، چونكە تەنانەت جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە كاولكارییەكی سەرتاسەری دەخولقێنێت، بەڵام لە ڕوی واقیعییەوە تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەكە بگاتە ئەم ڕادددەیە؟

- بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ئێمە لە كەسایەتیی خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین و ئەو كەسانە بڕوانین كە لە نزیكەوە لەگەڵیدا كار دەكەن، كە هەمان بیركردنەوە و هەستیان هەیە، كە پێیان وایە نابێت ڕێگە بدرێت ئۆكرانیا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە ئارادا بێت و بوونی هەبێت، لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە ئەم ئەگەرە لەوە زیاترە كە خەڵكی پێشبینی دەكەن. هەر چەندە ئەمە بەو مانایە نییە كە بە شێوەیەكی حەتمی ئەمە ڕوو دەدات، بەڵام پێم وایە ئەگەرەكە لەوە زیاترە كە پێشبینی دەكرێت، ئەویش بە هۆی كەسایەتیی پوتین و ئەو دۆخە سیاسییەی لە ئارادایە، كە بەرگەی ددانپێدانان بە دۆڕان ناگرێت. دواتر من پێم وانییە بەكارهێنانی چەكی ناوكی ئاكامی ئەوتۆی سەربازی هەبێت، بەڵكو ئەمە زیاتر وەك گوزارشت دەبێت لە جۆرێكی دیاریكراوی بیركردنەوەی سیاسی، كە هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەكانی ڕووسیا بۆ تێكشكاندن و وێرانكردنی ژێرخانە بنەڕەتییەكانی ئۆكرانیا- وەك وزە و كارەبا-. كەواتە مەبەستم ئەوەیە ئەم مەترسییە لە ئارادایە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.

*  كاردانەوە و پەرچەكرداری وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چی دەبێت ئەگەر ڕووسیا ئەم چەكە بەكار بهێنێت؟

- رەنگە ئێمە نەتوانین بزانین چی لە بیركردنەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ناتۆدا دەگوزەرێت لە پەیوەندی بە كاردانەوەیان لە بەرانبەر بەكارهێنانی ئەم چەكە، بەڵام هەر چۆنێك بێت، من پێم وایە پەرچەكردارێكی بەهێزیان دەبێت و لەم ڕووەوە هیچ گومانێكم نییە.

* چ هەڵسەنگاندنێكت هەیە بۆ ئەدای ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن لە ئاست ئەم شەڕەدا، كە ئاشكرایە ئەمریكا هاوكارییەكی گەورەی سەربازیی بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر كردووە و سزاشی بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئایا پێویست بوو ئەمریكا كاری زیاتر، یان كەمتر، یان جیاوازتری بكردایە لەم ڕووەوە؟

- ئەگەر هەموو لایەنەكانی ئەدای ئەم ئیدارەیە لەبەرچاو بگرین لە پەیوەندی بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم شەڕەدا، ئەوا پێم وایە ئەمریكا ئەدایەكی باشی هەبووە، ئەوەی لە ئێستاشدا پێویستە ئەم ئیدارەیە ئەنجامی بدات، ئەوەیە وڵاتە ئەورووپییەكان قەناعەت پێ بكات بۆ ئەوەی چەكی زیاتر دەستەبەر بكەن بۆ ئۆكرانیا. لە هەمان كاتدا كار و كۆشش بكات بۆ ئەوەی ڕای گشتیی نێوخۆی ئەمریكا بهێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی كە بۆچی درێژەدان و بەردەوامیدان بە پشتیوانیكردنی ئۆكرانیا و دەستەبەركردنی هاوكاری بۆ ئەو وڵاتە لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا دەشكێتەوە. خاڵێكی دیكە كە ئەم ئیدارەیە كاری لەسەر بكات، ئەوەیە كە دەبێت پیشەسازیی سەربازیی ئەمریكا و ئەوروپا بە چەشنێك بخرێنەگەڕ و درێژەیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەك هاوكاری ئۆكرانیا بكرێت كە بتوانێت بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە شكست بە ڕووسیا بهێنێت، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە كە ڕووسیا بۆ ڕۆژگارێكی دوور و درێژە لە شەڕ و ململانێدایە لەگەڵ ڕۆژئاوا و مەسەلەكە هەر تەنیا لە پرسی ئۆكرانیادا كورت نابێتەوە.

* لە پەیوەندی بە سزا و ڕێكارە ئابووری و داراییەكانەوە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوویانە بە سەر ڕووسیادا، ئایا ئێوە چۆن لە كاریگەرییەكانی ئەم سزایانە دەڕوانن، بە تایبەتی كە هەندێك پێیان وایە كاریگەریی پێچەوانە و نەخوازراویان هەبووە و بە هۆی گرانبوونی نرخی وزەوە ڕووسیا داهاتێكی زیاتر بەدەست دەهێنێت و بەم هۆیەشەوە توانیویەتی درێژە بە شەڕەكە بدات؟

- من پێم وایە سزا و ڕێكارە ئابوورییە سەپێنراوەكان بەسەر ڕووسیادا كاریگەری و دەرئەنجامی گەورەیان بووە و ئابووریی ڕووسیا لە كێشەدایە و خودی سەرۆك پوتینیش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەیدا ئاماژەی پێ كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وایە پێویستە سزای بەهێزتر و قورستر بە سەر ڕووسیادا بسەپێندرێت، بە تایبەتی بە سەر كەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا.

Top