رێزگرتن لە مامۆستا نه‌وه‌یه‌كی نیشتمان دۆست دروست ده‌كات

رێزگرتن لە مامۆستا نه‌وه‌یه‌كی نیشتمان دۆست دروست ده‌كات

نوسه‌ر و توێژه‌ری ئیرله‌ندی (سی ئیس لویس) ده‌لێ" ئه‌ركی مامۆستا ئه‌وه‌یه‌ بیابان بكێلێ، نه‌وه‌ك گژوگیای زیان به‌خش بژار بكات له‌ كێلگه‌كان".
مامۆستا كه‌ هه‌میشه‌ وه‌كو چرایه‌ك وایه‌ و رێگا تاریكه‌كان ڕوناك ده‌كاته‌وه‌ و نه‌زانین و دواكه‌وتوویی بنبڕ ده‌كات، خاوه‌نى گه‌وره‌ترین چاكه‌ و باشه‌یه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تى، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان ووشه‌یه‌ك دێرێك ڕسته‌یه‌ك فێربوونه‌ و ده‌نووسن، چاكه‌ و هۆكاری فێربوونیان بۆ مامۆستا ده‌گه‌رێته‌وه‌. شاراوه‌ نییه‌ لاى كه‌سمان كه‌ مامۆستا له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانى ترى كۆمه‌ڵگه‌ پیرۆزتر و پڕ بایه‌ختره‌، چونكه‌ هه‌موویان له‌ سه‌ر ده‌ستى مامۆستا فێرده‌بن و دروست ده‌بن.
له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێ باسى ڕۆڵ و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى مامۆستا بكه‌م، بێگومان مامۆستا كه‌ له‌ ماڵ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ى ده‌ڕوات ده‌بێ له‌ خۆى بپرسێ بۆ كوێ ده‌ڕوات؟ بۆ له‌ ماڵ ده‌چێته‌ ده‌ر؟ كێ چاوه‌ڕێی ده‌كات؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ دڵسۆزی مامۆستا نیشان ده‌دات، پێویسته‌ ئه‌وپه‌رى دڵسۆز و له‌ خۆبورده‌ و هێمن و ئارام گرتوو بێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ مامۆستایه‌ مرۆڤ بنیات ده‌نێ و دروستى ده‌كات بۆ كۆمه‌ڵگه‌. كه‌واته‌ ئیشى مامۆستا له‌ قوتابخانه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ى له‌ پۆڵ دا به‌ده‌رده‌كه‌وێ، پێویسته‌ ئه‌وپه‌ری قورسایی وماندووبونى خۆى له‌ پۆڵ و قوتابخانه‌ چڕ بكاته‌وه‌، مامۆستا كه‌ ده‌چێته‌ پۆڵ سه‌ره‌تا پێویسته‌ به‌ ڕوویه‌كى گه‌ش و بزه‌وه‌ پێشوازی له‌ قوتابییه‌كانى بكات و پێیان بلێت من له‌به‌ر ئێوه‌ هاتووم و لێره‌م ئێوه‌ن چه‌قی قورسایی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنن، ئه‌گه‌ر قوتابیان نه‌بن مامۆستاش ڕۆڵ وبوونى نامێنێ، واته‌ هه‌موو ئه‌رك و ڕۆڵ و به‌رهه‌م و به‌رپرسیاریه‌تى مامۆستا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى تا چه‌ند توانیویه‌تى قوتابییه‌كانى په‌روه‌رده‌ بكات و فێریان بكات، هه‌روه‌كو گوتمان له‌ پۆل گرنگه‌ مامۆستا پلان و ئامانجی خۆى هه‌بێت ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ و مانگانه‌ و ساڵانه‌، به‌رده‌وام ڕووی گه‌ش و ڕه‌فتار و گوفتار و هه‌ڵسوكه‌وتى باوكانه‌ و دایكانه‌ بێت له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانى، سه‌ره‌تایی هه‌ر وانه‌یه‌ك به‌ ناوى خودا ده‌ست به‌ بابه‌ته‌كه‌ى بكات و چه‌ند خوله‌كێك وا بشه‌ ئامۆژگارییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌یی و بنیاتنان فێری قوتابییه‌كانى بكات و له‌ هزری قوتابی ده‌مێنێته‌وه‌، دواتریش وا بكات زۆرترین قوتابیان به‌شدارى پێ بكات و له‌ كۆتایی ته‌واو بوونى هه‌ر بابه‌تێك وا باشتره‌ كاغه‌ز به‌ سه‌ر قوتابییه‌كانى دابه‌ش بكات، داوایان لێ بكات بۆى بنوسن له‌و بابه‌ته‌ چى فێر بوون، ئه‌وه‌یان زۆر گرنگه‌ هه‌م وا له‌ قوتابی ده‌كات كه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ دانه‌برێ و دوورنه‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌میش بۆ مامۆستا ده‌زانێ تا چه‌ند قوتابییه‌كانى له‌ بابه‌ته‌كه‌ تێ گه‌یشتوون و ئاگاداربوونه‌ له‌ وانه‌كه‌، سوودی تریش ئه‌وه‌یه‌ پۆله‌كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ژێر كۆنترۆل ده‌بێت و قوتابییان ئاوێته‌ى بابه‌ته‌كه‌ ده‌بن، بێگومان ئه‌وه‌ش ئامانجی مامۆستایه‌.
جودا له‌وه‌ش گرنگه‌ مامۆستا گرنگى به‌ ڕواڵه‌تى ده‌ره‌وه‌ى خۆی بدات و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بێت، چونكه‌ ڕواڵه‌تى ده‌ره‌وه‌ى مامۆستا وه‌كو رێكپۆشی و جوان پۆشى و گرنگیدان به‌ خۆى به‌ گرنگترین لایه‌نه‌كانى دیارى كردنى كه‌سایه‌تى مامۆستا داده‌نرێت و كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر قوتابی و ده‌بێته‌ مایه‌ى سه‌رسامی قوتابیان، پێویسته‌ جل وبه‌رگی ده‌وام و كار له‌ جل و به‌رگی ترى ده‌رچوون و ده‌ره‌وه‌ و گه‌ڕان جیاواز بێ، چونكه‌ هه‌میشه‌ رێك پۆشی و جوان پۆشى نیشانه‌ى كه‌سێكى خاوه‌ن سه‌لیقه‌ و متمانه‌ به‌خۆبوو گرنگیدان نیشان ده‌دات، له‌ هه‌مان كاتیشدا هێز و متمانه‌ ده‌به‌خشێته‌ كه‌سایه‌تى و شكۆی مامۆستا و وا ده‌كات متمانه‌ و دڵنیایی به‌خۆت زیاتر ده‌بێت و كه‌سایه‌تى و رێزی خۆى فه‌رز ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا قوتابی سه‌رسام و ئاسوده‌ بێت و زیاتر ئاماده‌یی ده‌بێت گوێ له‌ مامۆستا بگرێ و كاریگه‌ری باس كردن و گه‌یاندنى بابه‌ته‌كه‌ باشتر ده‌بێت و قوتابیش ئاسانتر وه‌رده‌گرێت، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ زانایانى دروونزانى ده‌ڵین" ڕواڵه‌تى ده‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌سند و ویستراو بوو، ئه‌وا كاریگه‌رى ئه‌رێنى و باشى هه‌یه‌"، جگه‌ له‌وه‌ش توێژینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌وا رێك پۆشى و جوان پۆشى له‌ شوێنى كاركردن ده‌بێته‌ كلیلی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌كه‌ و(78%)كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشبردنى ئیش و كار و پیشه‌كه‌، بۆیه‌ گه‌ر به‌خێرایی هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ بگه‌رێینه‌وه‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندى ئه‌وكات مامۆستایانى رێك پۆش وپۆشته‌ى ئه‌وكات له‌ بیرمانه‌ و ده‌زانین چ بابه‌تێكى بۆمان باس ده‌كرد و چه‌ند گرنگی به‌ خۆى و به‌ بابه‌ته‌كه‌ى ده‌دا و چه‌ند متمانه‌ى به‌ خۆى هه‌بوو، هه‌رده‌م به‌ كه‌سێكى رێزدار و خاوه‌ن سه‌لیقه‌ ده‌هاته‌ پێش چاوان هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ قسه‌ى ڕۆژنامه‌نوسی لوبنانى (عه‌لی ئیبراهیم)مان بیر دێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌لێ" كاتێك منداڵه‌كانمان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى رێزی مامۆستا بگرن، ئه‌وكات نه‌وه‌یه‌ك دروست ده‌بێ نیشتمانى خۆش ده‌وێ".
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top