پڕۆژەی پێوانەكردن و چاودێریكردنی بڕی پیسكارەكانی هەوا

پڕۆژەی پێوانەكردن و چاودێریكردنی بڕی پیسكارەكانی هەوا

 

 

نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2019 وە بڕیاری دا كە ڕۆژی حەوتی سێپتەمبەری هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی هەوای پاك و ئاسمانی شین بناسرێت، بۆ یەكەم جاریش لە ساڵی 2020 ئەم ڕۆژە جیهانییە یاد كرایەوە. دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش لە ڕووی كردارییەوە زۆر هەنگاوی ناوە، كە ئەمانەی لای خوارەوە هەندێكن لەو هەنگاوانە:

1. دەركردنی ڕێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2021ی تایبەت بە پاراستن و چاككردنی هەوا كە لە 26 ماددە و حەوت پاشكۆ پێكهاتووە و، لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان ژمارەی 275 لە 9/12/2021 بڵاو كراوەتەوە.

2. كاركردن بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ ڕێكخراوی (جی. ئای. زێد)ی ئەڵمانی لە ئامادەكردنی توێژینەوەیەكدا، بۆ دیاركردنی ڕاددەی پیسبوونی هەوا لە هەرێم و تەواوكردنی توێژینەوەكە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بۆ كاركردن لەسەر ڕاسپاردەكانی.

3. داواكردن لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی ژینگەدۆست.

4. هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا بۆ بە 24 سەعات كردنی كارەبا و، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە سەرچاوەی وزە نوێبووەوەكان و، دانانی كاتێك بۆ كۆتاییهێنان بەكاری موەلیدەكان.

5. ناردنی نووسراو بۆ هەرسێ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی دارایی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردن و ژمارەپێدان و كاركردنی هەر ئۆتۆمبێلێك كە بەردی ساڵەنسەی دەرهێنرابێت.

6. هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان بۆ ئەوەی توێژینەوەی دواساڵی خوێندكاران لەسەر بابەتەكانی پیسبوونی هەوا و گۆڕانكاریی ئاو و هەوا بێت.

7. ناردنی نووسراو بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پێداچوونەوە و چاودێریكردنی كوالێتیی سووتەمەنی بە گشتی و بەنزین بە تایبەتیی.

8. داواكردن لە وەزارەتی گواستنەوە بۆ كاركردن بە سیستمی گواستنەوەی گشتی وەك پاس و شەمەندەفەڕ و ئەوانی دیكە.

9. هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵخانەی وڵاتی چین و هەوڵدان بۆ چاككردنی جۆری هەوا و، ئامادەییان بۆ بنیادنانی پاركێكی ژینگەیی.

10. هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵخانەی بەریتانیا و ئامادەییان بۆ نۆژەنكردنەوەی تاقیگەكانی دەستەی ژینگە بە ئامێر و كەرەستەی نوێ، بۆ پێوانەكردنی پیسكارەكانی هەوا و ئاو و خاك.

11. پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی ژینگە بۆ سزادانی پیسكاران، ئەوەش بە هۆی هەمواركردنی ماددەی 42 لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008 ی پاراستن و چاككردنی ژینگە.

12. هەماهەنگی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان و وەزارەتی ژینگەی عێراق لە ڕێگەی بەشداربوون لە ئامادەكردنی بەڵگەنامەی پشكدارییە دیاركراوە نیشتمانییەكان، بۆ كەمكردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا، وەك جێبەجێكردنێك بۆ پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەی پاریس.

13. ئامادەكردنی پڕۆژەی پێوانەكردن و چاودێریكردنی بڕی پیسكارەكانی هەوا بەم شێوەیەی لای خوارەوە و، پێشكەشكردنی بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان:

 یەكەم- ناوی دامەزراوە: دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە

 دووەم- ناوی پڕۆژە: پێوانەكردن و چاودێریكردنی بڕی پیسكارەكانی هەوا

 سێیەم- ئامانج لە پڕۆژە: پیشاندانی بڕی پیسكارە سەرەكییەكانی هەوا وەك: یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین، دووەم ئۆكسیدی گۆگرد، ئۆزۆنی زەمینی و وردە گەردیلەكان.

وردە گەردیلەكان:

بریتین لەو گەردیلانەی نێو هەوا كە دەچنە هەوای هەناسەوەرگرتنەوە و تیرەكانیان یەكسانە بە دە مایكرۆمیتەر، یان كەمتر و دەبنە گرفت بۆ ئەوانەی كە هەناسەتەنگی و هەوكردنی بۆڕییەكانی هەوایان هەیە.

ئۆزۆنی زەمینی:

ئەم جۆرە لە ئۆزۆن لە نزیك ڕووی زەوی دروست دەبێت لە ئەنجامی كارلێكردنی ئۆكسیدەكانی نایترۆجین و پێكهاتە ئۆرگانییە هەڵواسراو و پژاوەكان (ڤۆ ئۆ سی) كە بەرهەمی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل و هەڵمی بەنزین و تواوە كیمیاوییەكانن بە بوونی گەرمیی تیشكی ڕۆژ.

ئەم ئۆزۆنە زەمینییە ماددەیەكی ژەهراوی و بۆندارە، گرفتی تەندروستی بۆ ئەو كەسانە دروست دەكات كە هەناسەتەنگی و كێشەیان لە سییەكاندا هەیە، لەكاتی زۆربوونی بڕەكەشیدا كۆكە و سووربوونەوەی گەروو دروست دەكات و زیانیش بە ڕووەك و سیستمی ئیكۆڵۆژیی دەگەیەنێت.

دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین :

ئەم گازە بەكارلێكردنی لەگەڵ ئاودا ترشی نیتریك پێك دەهێنێت، بەمەش دەبێتە سەرچاوەیەكی پیسبوون بە ترشەڵۆكە باران.

ئەم گازە لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل و لە سووتاندنی خەڵوز و پاشماوە ئۆرگانییەكان و غازی سرووشتی و نەوتی خاو پەیدا دەبێت، هەروەها لە پیشەسازییەكانی پلاستیك و ڕۆن و مس و تایەی ئۆتۆمبێل و نتراتی ئەمۆنیۆم و ترشی نتریكیش پەیدا دەبێت، ئەم گازە ژەهراوییە و كار لە كۆئەندامی هەناسە دەكات.

دووەم ئۆكسیدی گۆگرد:

ئەم گازە لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنییە بەردینەكان و لە وێستەگەكانی بەرهەمهێنانی وزە و دەرهێنانی كانزاكان پەیدا دەبێت و، گرفتی تەندروستی بۆ ئەو كەسانە دروست دەكات كە هەناسەتەنگی و هەستیاری و كێشەیان لە سییەكاندا هەیە.

یەكەم ئۆكسیدی گۆگرد:

گازێكی ژەهراویی بێ تام و بێ بۆن و بێ ڕەنگە، لە ئەنجامی سووتاندنی سووتەمەنییەكانی وەك بەنزین و ئەو ماددانەوە دەبێت كە كاربۆنیان تێدایە و، كاریگەریی خراپی لەسەر مرۆڤ هەیە لە گشت تەمەنێكدا و، تەنانەت تا ڕاددەی مردنیش.

 چوارەم- شوێنی پڕۆژە: پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، بە دانانی وێستگە بۆ پێوان و پێشاندانی ڕاستەوخۆی بڕی پیسكارە هەواییەكان لە سایتی ئەلكترۆنی.

 پێنجەم- ئامانجە گشتییەكان: بەدیهێنانی بەشێك لە حەڤدە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام، وەك ئامانجەكانی ژمارە حەوت و یازدە و دوازدە و سێزدە، كە خۆیان دەبیننەوە لە: دابینكردنی وزەی خاوێن، شار و كۆمەڵگە نێوخۆییە بەردەوامەكان، بەكاربردن و بەرهەمهێنانی بەرپرسیارانە، گۆڕانكاریی ئاو و هەوا.

 شەشەم- لایەنی جێبەجێكاری پڕۆژە: دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و لایەنی هاوكار.

 حەوتەم - كەرتی سوودمەند لە پڕۆژە: كەرتی ژینگە و تەندروستی.

 

Top