لە سلێمانی قوتابخانەیەکی نوێی ١٢ پۆلی کرایەوە

لە سلێمانی قوتابخانەیەکی نوێی ١٢ پۆلی کرایەوە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی تەواو بە بوونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی پەروەردەیی دەدات و لەوپێناوەشدا، هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە بۆ باشترکردنی دۆخی خوێندن و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان.

قوتابخانەی (ڕۆشن)ـی ئامادەیی و (رابەر)ـی بنەڕەتی لە قەزای بازیان، یەکێکە لە ناوەندە پەروەردەییە نوێیەکان کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروستکراوە، لە ١٢ پۆل پێکدێت و دوو دەوامی تێدا دەکرێت.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:"قوتابخانەکە لە قەزای بازیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە بە گوژمەی ٨٠٠ ملیۆن دینار، کە ناوەندێکی پەروەردەیی گرنگە بۆ قەزاکە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە دابینکردنی زەویی بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە، لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە، مامۆستا و کەلوپەلی نوێش بۆ قوتابخانەکە دابین دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت:"دوو دەوام لە دوو کاتی جیاواز لەناو قوتابخانەکەدا دەکرێت، کە بە هەردوو دەوامەکە ٧٢٠ قوتابی تێیدا دەخوێنن و سوودمەند دەبن تێیدا، جگە لەوەش قوتابخانەکە تاقیگە و یاریگای وەرزشیشی تێدایە".

بە کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە، ئاستی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی لە قەزای بازیان بەرز دەبێتەوە و کاریگەریی زۆریشی لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاستی پەروەردە و فێرکردن لە ناوچەکەدا دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢

Top