نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژەی هەژاری لە ئەفغانستان دەگاتە 97٪

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژەی هەژاری لە ئەفغانستان دەگاتە 97٪

 

 

ئۆفیسی ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: لە سێ ساڵی ڕابردوودا هەژاری لە ئەفغانستان بە ڕێژەی ٥٠٪ زیادی کردووە.

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ڕێژەی ئەو ئەفغانییانەی کە لە هەژارییەکی زۆردا دەژین، تەنیا لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە ٤٧% بۆ ٩٧% زیادی کردووە.

ئەم ڕێکخراوە وێڕای هۆشداری لە مەترسی برسێتیی زۆر لە ئەفغانستان جەختی لەوە کردەوە کە کەمبوونەوەی داهات و گرانی  و بێکاری بووەتە هۆی زیادبوونی هەژاری لەم وڵاتەدا.

ئۆچا ئەوەشی گوت: برسێتی لە ئەفغانستان جێگای مەترسییە و ئێستا لەسەدا ٩٧ی دانیشتووانەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وەرزی سەرما لە خاکی ئەفغانستان دەستی پێکردووە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە برسیەتیی بەربڵاو، بەتایبەتی لە ناوچە دوورە دەستەكانی ئەو وڵاتە کە بە یەکەم بەفربارین ڕێگاکان دەگیرێن.

ئەمساڵ هیوا هەیە ئەو 30 هەزار تۆن گەنمەی کە ئۆکرانیا لە ڕێگەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی بەخشییە ئەفغانستان، برسێتی لەم وڵاتەدا کەم بکاتەوە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاندووە، کە ئەم گەنمە لە تورکیا دەگۆڕدرێت بۆ ئارد و پاشان ڕەوانەی پاکستان دەکرێت و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەگەیەنرێتە ئەفغانستان.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top