كیت: پێویستە كچە ئەكتەرەكان وریا بن

كیت: پێویستە كچە ئەكتەرەكان وریا بن

خانمە ئەكتەری ناسراوی هۆڵیۆد كیت وینسلت داوایەكی ئاراستەی ئەو كچە ئەكتەرانە كرد كە بۆ بەشداری لەسەر فەرشی سوری فیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكان ئامادە بن، بۆ ئەوەی گرنگییەكی زیاتر بە شێوازی دەركەوتنیان و جلوبەرگیان بدەن، تا بە جوانترین شێوە دەركەون و بەر لە هەڵبژاردنی جلوبەرگەكانیان باش بیری لێ بكەنەوە، بۆ ئەوەی نەبنە گاڵتەجاڕی میدیاكان.
كیت وینسلتی پاڵەوانی فیلمی تایتانیك داوا لە كچە ئەكتەرەكان دەكات كە بەر لە هەر شتێك، پێویستە لەو بۆنە جیهانییە گەورانەدا ئەو جلوبەرگان هەڵبژێرن كە زۆرترین بەشی لەشیان دادەپۆشێت لە جیاتی ئەوەی رووت و وروژێنەر بن، وینسلتی تەمەن ٤٧ ساڵ دەڵێت: «ئەو ئافرەتانەی زۆرترین بەشی لەشیان دەردەخەن و زیادەڕەۆیی لەم رووەوە دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە كە سەرنجی ئامادەبووان بۆ لای خۆیان راكێشن، من خۆم بەر لەوەی بناسرێم و بەشداری لە فیلمی تایتانیكدا بكەم، هەمیشە پابەندبووم بەوەی جلوبەرگەكانم وروژێنەر نەبن و دووربن لە راكێشانی سەرنجی خەڵك، چونكە دایكم هەمیشە ئەو ئامۆژگارییەی دەكردم.»
پاڵەوانی فیلمی تایتانیك هەروەها دەڵێت: «من نیگەران و پەست دەبم كاتێك دەبینم هەندێك لە ئافرەتان بەشێكی زۆری لەشیان بە دەردەخەن و خۆیان رووت دەكەنەوە، چونكە تاكە ئامانجیان لەم كارە ئەوەیە كە پیاوەكان سەیریان بكەن و چاویان تێببڕن، دەركەوتن لە فیلم هەرچۆنێك بێت جیاوازە لە دەركەوتن لە دەرەوە، چونكە لە فیلمەكەدا ئەو رێنماییانەی دەرهێنەر پێت دەڵێت، پێویست جێبەجێیان بكەیت، بۆ سەركەوتنی رۆڵەكەت لە فیلمەكەدا، بەڵام لە دەرەوە هیچ كەسێك ناچار نییە خۆی رووت بكاتەوە، بگرە ئەم رەفتارانە زیان بە ناوبانگی خودی ئەكتەرەكەش دەگەیەنن».

Top