ئـەتـالـیـا ئـۆمێر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایینی و ئاشتی لە زانكۆی نۆتردام: لە ئەنجامی نایەكسانییەوە جۆرێك لە ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەو سەری هەڵداوە

ئـەتـالـیـا ئـۆمێر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایینی و ئاشتی لە زانكۆی نۆتردام: لە ئەنجامی نایەكسانییەوە جۆرێك لە ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەو سەری هەڵداوە

ئەتالیا ئۆمێر پرۆفیسۆری دیراساتی ئایین و ناكۆك و ئاشتییە لە ئەنستیتوتی كرۆك بۆ دیراساتی ئاشتیی نێودەوڵەتی لە سكووڵی كیوه بۆ كاروبارە جیهانییەكان لە زانكۆی نۆتردام. بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئایین و ئەخلاق و سیاسەت لە زانكۆی هارڤارد بەدەست هێناوە. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك ئایین و توندوتیژی و بنیاتنانی ئاشتی، هەروەها تیۆر و ڕێچكەكانی دیراسەتی ئایینی، ناسیۆنالیزم و ئاڵوگۆڕی ناكۆكی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد سەبارەت بە پرسی ناسیۆنالیزم و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

زۆجار كە باس لە ئاڵوگۆڕە جیهانییەكان دەكرێت، ئاماژە بەوە دەكرێت كە لە ئێستادا مەیلێك هەیە بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزم، بەو واتایەی كە وڵاتانی جیهان دەیانەوێت پتر جەخت لەسەر گرنگیدان بە پرس و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكەن و كەمتر بایەخ بە پرسە نێودەوڵەتییەكان بدەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێمە لە جیهانێكی پێكەوەگرێدراودا دەژین، سەرەتا دەمانەوێت لە پێناسەی ناسیۆنالیزمەوە دەست پێبكەین، ئێوە چۆن پێناسەی دەكەن؟
- من پێم وایە ئەوەی پەیوەست بێت بە ناسیۆنالیزمەوە ئەوا دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكەین كە دەتوانرێت ڕەگ و ڕیشە و بەرفراوانبوونی ناسیۆنالیزم گرێ بدرێتەوە بە شاڵاوی كۆڵۆنیاڵیزمی سەدەی 15 كە لەلایەن ڕۆژئاواوەوە ئەنجام درا. دواتر ئەگەر پێناسەی ئەم پرسە بكەین، ئەوا بە دید و تێڕوانینی من دەكرێت بەو شێوەیە لیێ بڕوانرێت كە پەیوەستە بە ڕەوایەتپێدانێكی سیاسی بە بونیاد و پێكهاتەی دەوڵەتەوە.
* هەروەك لە پرسیاری پێشوو ئاماژەمان پێ كرد، لە ئێستادا گەڕانەوەیەك هەیە بۆ ناسیۆنالیزم، ئێوە چۆن لە هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم گەڕانەوەیە دەڕوانن و پێتان وایە هۆكار و پاڵنەرەكانی پشت ئەم پەرەسەندنە چین؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە نەتوانین بڵێین ئەمە گەڕانەوە، یان سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمە، چونكە ناسیۆنالیزم هەر لە ئارادا بووە و دەكرێت بە دەربڕین و گوزارشتێكی دیكە ئاماژە بەم پرسە بكەین و بڵێین: ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە جۆرێك لە ناسیۆنالیزم هاتووەتە ئارا كە پتر جەخت لەسەر دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەكات. ئەوەی پەیوەست بێت بە هۆكار و پاڵنەرەكانیشەوە، ئەوەیە لە ئێستادا و لەسەر ئاستی جیهان ئەوە بەدی دەكرێت كە جۆرێك، یان فۆرمێك لە ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەو سەری هەڵداوەتەوە لە ئەنجامی ئەو نایەكسانییەی لە سەر ئاستی جیهاندا هاتووەتە ئاراوە.
* هەندێ لە توێژەران و نووسەرانی ئەم بوارە باس لەوە دەكەن كە شان بە شانی ناسیۆنالیزم پەرەسەندنێكی دیكە هاتووتە ئاراوە ئەویش پۆپۆلیزم و ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتخوازییەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
سەرەتا دەبێت ئێمە ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ڕەنگە نەتوانین پۆپۆلیزم یەكسان بكەین بە دەسەڵاتخوازی و شۆڤینیزم. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی بەدی دەكرێت و ئەو پەرەسەندنەی دروست بووە، بریتییە لە سەرهەڵدان و هاتنەئارای هەندێ لە شێوە و فۆڕمەكانی تاكڕەوی و دەسەڵاتخوازی و دژ بە دیموكراتییە كە ڕەوایەتی دەدەن بە مەیل و ڕەوتێك كە برەو بە پەراوێزخستن دەدات، ئەم ڕەوتە پێی وایە پێشتر ڕۆژگارێكی پڕ لە شكۆمەندی و شانازی هەبووە كە دەبێت دووبارە بگەڕێنرێتەوە و كەسانێكیش هەن بوونەتە بەربەست لەم ڕووەوە، ئەمەش دۆخێكی خوڵقاندووە كە دژایەتی و ناكۆكی و یەكتر تۆمەتباركردن دروست ببێت لە نێوان ناسیۆنالیستە ئیتنی و ئایینییەكاندا و هەندێ جار وەك دژ و دوژمن ئاماژە بە یەكتری دەكەن.
* ئێوە لە یەكێك لە وەڵامەكانتاندا ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەم شێوە نەخوازراوەی ناسیۆنالیزم زادە و دەرهاویشتەی ئەو نایەكسانییەیە كە لەسەر ئاستی جیهان سەری هەڵداوە و هاتووەتە ئاراوە، ئەمە لە كاتێكدا كە بە جیهانگەرایی هەڵگری مژدەی باشتركردنی بار و گوزەرانی بۆ هەمووان هەڵگرتبوو، كەواتە پێت وایە دەبێت ناڕازیبوون و تەنانەت نائومێدبوون لە جیهانگەرایی بە جددی وەربگیرێت و هەڵوەستەی لەسەر بكرێت؟
- بە تێڕوانینی من جیهانگەرایی بە چەشنێك هاتووەتە ئاراوە كە ڕەنگە بتوانین بڵێین پێچەوانە نابێتەوە و ناكرێت باس لەوە بكەین یان پێشبینی ئەوە بكەین كە لە ئارادا نەمێنێت، بەڵام ڕەنگە لە بەرگ و شێوە و فۆرمی دیكەدا گوزارشت لە خۆی بكات و بەرجەستە ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ ڕەوت و تەوژمی دادپەروەریخواز لە ئارادا هەن كە دەیانەوێت پەردە هەڵبدەنەوە لەسەر ئەو دەسەڵاتخوازی و باڵادەست و ئیستیغلالكردنەی لەژێر پەردەی جیهانگەرایدا دەگوزەرێت.
* هەر لە پەیوەندی بە سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمەوە، ئەوانەی بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەوە لەم پرسە دەڕوانن، لە ڕووی مێژووییەوە ئۆباڵی چەندین كاولكاری و كوشتاری بەربڵاو و بەرفراوان دەخەنە ئەستۆی ناسیۆنالیزم، كەواتە دەمانەوێت پرسیارەكە ئەوە بێت ئایا دەكرێت بە ڕەهایی بڵێین ناسیۆنالیزم بۆ مرۆڤایەتی مایەی نەهامەتی و كارەسات بووە؟
- رەنگە بتوانین بڵێین گیروگرفت هەیە لەم گوزارشت و بانگەشەیەی لە پرسیارەكەی ئێوەدا هەیە. من باوەڕم وایە دەكرێت گفتوگۆ لەبارەی مانا و واتاكانی هاووڵاتیبوون و ئینتیماوە بكەین، مەبەستم ئەوەیە مەرج نییە ناسیۆنالیزم بەرگ و ڕواڵەت، یان ڕەهەندێكی توندوتیژ و پەراوێزخستن وەربگرێت، هەروەها پێم وایە پێویست بەوە دەكات كە ئەو نادادی و ستەمە مێژووییانە ڕاست بكرێنەوە كە بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە لە گەلان كراون.
* چەمك و زاراوەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بریتییە لە ناسیۆنالیزمی داخراو، ئایا چۆن دەكرێت پێناسەی ئەم چەمكە بكرێت و ئایا ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە ڕەنگدانەوەی لە شێوەی گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی و گۆشەگیر و داخراودا دەبێت؟
- من پێم وایە مەبەستی ئێوە بریتییە لەو بوونی ئەو ڕەوت و تەوژمانەی كە پێداگری لەسەر پەراوێزخستنی كەسانێك، یان پێكهاتەیەكی دیاریكراوی كۆمەڵگە دەكەن، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بێت كە لەسەر ئاستی جیهانیش سیاسەتەكان بە چەشنێكن كە سوودمەندبوونە بۆ نوخەبەكی سیاسی و ئابووریی دیاریكراو. لە دەرئەنجامدا دۆخێك دروست بووە كە كۆمەڵێك كەس لە نێو كۆمەڵگەكاندا وەك دوژمن بە ئامانج دەگیرێن، لە كاتێكدا ئەم كەسانە تەواو بێبەش كراون لە خێر و خۆشییەكانی سیستمە ئابوورییە جیهانییەكان.
* ئێوە توێژەر و تایبەتمەندی بواری دیراساتی ئایینین، ئایا هیچ جۆرە ڕایەڵ و پەیوەندییەك لە نێوان ئایین و ناسیۆنالیزمدا بەدی دەكەن؟
- بەڵێ من باوەڕم وایە وابەستەیی و ڕایەڵ و پەیوەندییەك لە نێوان ئایین و ناسیۆنالیزمدا هەیە. خۆ ئەگەر ئێمە وەك بەرجەستەبوونی پرۆژەیەكی سیاسیی ڕۆژگاری هاوچەرخ لە ناسیۆنالیزم بڕوانین كە پێگەی بنەڕەتی ئایینی گرتووە لە ڕەنگڕێژكردن و داڕشتنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەوروپا، ئەوا لە هەمان كاتدا دەتوانین ئاماژە بەو ڕاستییە بكەین كە ئەم هەوڵ و پرۆژەیە تەواو خاڵی نەبووە لە ئایین. لە هەمان كاتدا دەكرێت جۆری ئەم پەیوەندی و ڕایەڵەش بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار و سەردەمەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت.
* بەڵام ئاشكرایە كە پرسی ئایین قووڵ ڕۆچووەتە چەندین پرس و دۆزی نیشتمانییەوە لەسەر ئاستی جیهان، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە ئەمە تا چەند لەسەر ئەو پرس و دۆزانە كاریگەری هەبووە؟
- ئەگەر وەڵامێكی كورتی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ئەوا دەكرێت بڵێین بەڵێ هەندێ جار پێكداچوون ئاڵۆزی دروست كردووە. ئەگەر ئێمە لەم ڕووەوە ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لەبەرچاو بگرین، ئەوا ئەوەی بەدی كراوە ئەوەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەنا براوەتە بەر ڕاڤەی ئایینی و پرسە ئاینییەكان بۆ ئەوەی ڕەوایەتیدان و پاساوهێنانەوە بۆ هەندێ لە كردار و هەڵوێستەكانیان و ئەمە بە درێژایی داگیركارییەكەیان ئەنجام دراوە. هەرچەندە دەبێت لەم ڕووەوە بە حەزەر بین، واتە سەرەڕای ئەوەی كە ئاماژەمان پێ كرد و خستمانە ڕوو، ئەوا ناكرێت بڵێین سەرجەم هەڵوێست و سیاسەتەكان لەم وڵاتەدا لە ڕوانگە و گۆشەنیگایەكی ئایینییەوە لێیان دەڕوانرێت و ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی ئەنجام دراوە ئەوەیە كە ئایین كراوەتە بنچینە و بناغەی سیستمەكە. هەر چۆنێك بێت چەندین دەستتێوەردانی ئاشكرای ئایینی هەبوون كە ڕەنگڕێژی ڕەوتی مێژوو و پەرەسەندنەكانیان كردووە. دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی مەسیحییە زایۆنییەكان بكەین. كەواتە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین كە ئایین پەیوەندیدارە بە شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی پەرەسەندن و پێشهاتە سیاسییەكانەوە، بە واقیعی كۆڵۆنیاڵیزمەوە، بە داگیركاری و بە چۆنیەتی پاساوهێنان و ڕەوایەتی پێدانیانەوە بە درێژایی چەندین دەیە. هەروەها پرسی دژایەتیكردنی سامییەت هەیە كە لە دەرئەنجامدا بووە هۆی كۆمەڵكوژی دژ بە جوولەكەكان لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەڵام دواتر بووە هۆی پتەوكردنی پرۆژەی سیاسی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەكان. 

Top