حکومەتی فیدڕاڵی عێراق: تا ٢٠ ڕۆژى تر نەوتى سپی بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرین
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لەسەر پرسى نەوت و هەناردەکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بەنزین و نەوتى سپى لهلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، چەند زانیارییەکى دایە فەرمانگەى میدیا و زانیارى و باسى لەوەکرد کە بەپێی ڕێکەوتنى هەولێر و بەغدا، دەبێت تا ٢٠ ڕۆژى دیکە ئەو بەشە نەوتە بگاتە هەرێمی کوردستان.
فارس عیسا راشیگەیاند:''بە پێى بڕیارى ژمارە (١٦٩)ى ڕێکەوتى ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ى ئەنجومەنى وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەر لە هاتنی وەرزى زستان و بە خێرایی کێشەى نەوتى سپى و سووتەمەنى بە گشتیى، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی چارەسەر بکەن ".
عیسا گوتیشی:'' لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتى ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەگەڵ هەر یەک لە د.ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت و د.حامد یونس ئەلزەوبەعی، بریکارى وەزارەت کۆبووینەوە، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٥٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی لە حکومەتی فیدراڵی بکڕێت و بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان ٢٠٠ لیتر دابین بکات.''
لە میانی سەردانى مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرى لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیش وەک سەرجەم هاووڵاتییانى دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دا بکرێت لە ڕووى دابینکردنى نەوت و گاز و بەنزینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی جوگرافى لەبەر چاو بگیرێت، چونکە کوردستان ناوچەیەکى شاخاوییە و زستانى ساردە و پێویستییەکانى سووتەمەنى زیاترن.
لەلای خۆیەوە مستەفا کازمی، دڵنیایی داوەتە سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان کە "پشکى هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە".
لەلایەکی دیکەوە، فارس عیسا رایگەیاند:''لە چوارچێوەى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندین پشکى هەرێمی کوردستان تا سەرى مانگ، واتە تا ٢٠ ڕۆژى دیکە دابین دەکرێت و پڕۆسەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دەست بە هەناردەکردنى ئەو بڕە سووتەمەنییە دەکرێت، بە ئومێدی ئەوەی وەک ساڵانى پێشووی لێ نەیەتەوە کە لە کۆی ٢٥٧ ملیۆن لیتری ساڵانە، کەمتر لە ٦٥ ملیۆن لیتر بۆ هەرێم نێردرا.''
شایەنى باسە، پێشتر بە بەهاى بازرگانى نەوتى سپى دەدرایە هەرێمى کوردستان و بۆ هەر لیترێک ٤٠٠ دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا داوا کراوە وەک هاووڵاتییانى دیکەى عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەم بەهایە بکرێت و بۆ هەر لیترێک ١٥٠ دینار وەربگیرێت و لە کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆکوەزیرانى هەرێم و بەغداش ئەمە پەسەند کراوە و جێبەجێکردنەکەشى وەستاوەتە سەر بەغدا، چونکە لە ساڵی ٢٠٢١دا لەسەر هەمان بڕ ڕێکەوتن کرابوو، کەچى حکومەتى فیدراڵی سەرەڕاى وەرگرتنى پارەکە، نەوتەکەشی نەنارد و تەنیا نێزیکەی ١٠ ملیۆن لیترى بۆ خەڵکى هەرێمی کوردستان نارد و ئێستا ٩ ملیار و ٢٦٨ ملیۆن دینارى هەرێمی کوردستان لایی وەزارەتی نەوتى فیدراڵە.
عیسا جەختی کردووە کە یەکێک لە کاری هەرە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمە و لەو بابەتەشدا پێشەنگ بووە وکاری پێویستی وەک ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێگەیاندووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
11 تشرینی یەکەم 2022