گرنگی ڕۆڵى مامۆستا

گرنگی ڕۆڵى مامۆستا

نوسه‌ر وچیرۆك نوسى میسری به‌ ناوبانگ (نه‌جیب مه‌حفوز) ده‌لێ" مامۆستا گه‌وره‌ترین پیشه‌ى هه‌یه‌، كه‌ هه‌مووپیشه‌كانى تر له‌ سه‌ر ده‌ستى مامۆستا ده‌رده‌چن".
گومانى تێدانییه‌ مامۆستا ڕۆڵى سه‌ره‌كی و هه‌ره‌ كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ كردن و فێركردن و بنیاتنانى تاك و پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، ته‌نها ڕۆڵى مامۆستا بریتی نییه‌ له‌ وانه‌گوتنه‌وه‌ و چونه‌ پۆڵ و گه‌یاندنى زانیاری و زانست، به‌ڵكو مامۆستا زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌. مامۆستا دڵى كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ئه‌گه‌ر مامۆستا باش و چاڵاك و به‌هێز كارنه‌كات، كۆمه‌ڵگه‌ دڵه‌كه‌ى پێویستى به‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌موو سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى مامۆستا دایه‌ و مامۆستا بنچینه‌ى كۆى گشتی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن و فێربوونه‌،ڕاگری ئه‌ستونده‌ى په‌روه‌رده‌یی و گه‌یه‌نه‌ری ته‌ندروستى پایه‌مه‌كه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌.
مامۆستا نموونه‌ى هه‌ره‌ به‌رزه‌ له‌ ژیانى قوتابی دا و له‌ هه‌مان كاتدا مامۆستایه‌تى هه‌ڵى زێرینه‌ له‌ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى و تاك به‌ تایبه‌تى تا بتوانێ ئه‌وه‌ى پێویسته‌ و زه‌روره‌ بۆ بنیاتنانى تاك و چه‌سپاندنی خۆشه‌ویستى خاك و نیشتمان و خۆشه‌ویستى بۆ یه‌كتر له‌ ناخی قوتابی بنه‌خشێنێ و چه‌كه‌ره‌ بكات.
كه‌واته‌ ڕۆڵ و به‌رپرسیاریه‌تى مامۆستا په‌روه‌رده‌ كردن و فێركردن و بنیاتنانى تاكه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێكى زیندوو و كارا و دڵسۆز و خۆنه‌ویست و به‌هێز و كاریگه‌ر بێنێته‌ بوون و به‌رهه‌م بۆ كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ هه‌میشه‌ رێز و خۆشه‌ویستى بۆ تاكه‌كانى تر هه‌بێت كاتێك به‌رپرسیاریه‌تى ده‌بێت، به‌رپرسێكى پاك و ڕاستگۆ ودادپه‌روه‌ر و خۆشه‌ویست و دڵسۆز و ڕاستگۆ و هه‌ڵگری پڕه‌نسیپی به‌رپرسیاریه‌تى بێت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، نه‌ك ته‌نها خه‌ریكی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بكاته‌وه‌ و كه‌سێكى قین له‌ دڵ و به‌رژه‌وه‌ندخواز و هه‌ڵپه‌رست نه‌بێ، به‌ڵكو كه‌سێك خاوه‌ن ڕه‌وشتێكى گشتگیرو ڕاستگۆ و سه‌ر ڕاست و ویژدان زیندوو دادپه‌روه‌ر بێ و خاوه‌ن به‌لێن و متمانه‌ بێ، هه‌موو ئه‌و دروستكردنانه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى مامۆستایه‌، بۆیه‌ مامۆستا پێویسته‌ وورد و خاوه‌ن سه‌لیقه‌ بێ و ڕه‌چاوی زۆر شت بكات، تایبه‌ت چۆن هه‌ڵس وكه‌وت و ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانى ده‌كات، وا بكات قوتابییه‌كانى خۆشیان بوێت و نزیك بێت لێیان، له‌ هه‌مان كاتدا نه‌رم ونیان بێ و بگونجێ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی قوتابییه‌كانی و هه‌رده‌م كه‌شێكى له‌ باروگونجاو پڕ جۆش و خرۆش و په‌رۆشى بۆیان بڕه‌خسێنێ و له‌ هه‌مان كاتدا هه‌رده‌م وزه‌ى ئه‌رێنى هه‌بێ و ببه‌خشێ، نه‌وه‌ك بێزار و ماندووبێ. پێویسته‌ هه‌رده‌م مایه‌ی سه‌رنج و دڵخۆشی قوتابییه‌كانى بێت، هه‌رده‌م متمانه‌ ببه‌خشێ به‌ قوتابیان و هانیان بدات و هه‌رگیز كه‌سێكى ڕاڕا وده‌م ده‌می و بێبار نه‌بێ، هه‌میشه‌ ئامانجه‌كانى خۆى دیارى بكات ، كه‌وا مامۆستا ئه‌ركی چییه‌ و ئه‌ركه‌كانى چین و له‌ هه‌مان كاتیشدا پێش چوونه‌ پۆل هه‌میشه‌ دووباره‌ ئامانجه‌كانى دیارى بكاته‌وه‌ و بیر له‌ قوتابییه‌كانى بكاته‌وه‌ ئه‌وان بۆ لێره‌ن و ئه‌و بۆ ده‌چێته‌ پۆل؟
توێژینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌كه‌ قوتابی له‌ هه‌ر بابه‌تێك و هه‌ر وانه‌یه‌ك ده‌توانێ بۆماوه‌ى یه‌ك خوله‌ك و نیو له‌ سالێك بیرو هزری جێگیر بكات و وورد ده‌بێت، واته‌ قوتابی شه‌ش ساڵ ده‌توانێ (9)نۆ خوله‌ك بیری جێگیر بكات و وریا بێت، لێره‌دا مامۆستا پێویسته‌ هه‌مه‌ ڕه‌نگی بكات له‌ ناو وانه‌كه‌ى دا، نه‌وه‌ك(40)چڵ خوله‌ك به‌ بابه‌تێك بیگرێ و تا كۆتایی دڵنیابه‌ قوتابی بیری ده‌ڕوات، بۆیه‌ مامۆستای لێزان و شاره‌زا و زیندوو ناوه‌ ناوه‌ جۆش و خرۆشیه‌ك و جووله‌یه‌ك ده‌خاته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ى و وانه‌كه‌ ده‌كاته‌ جێ سه‌رسامی و سه‌رنجی قوتابییه‌كانى چ به‌ به‌كارهێنانى هۆیه‌كانى فێركردن، یانیش هه‌ر جاره‌ى له‌ (9)خوله‌ك بتوانێ نوێكاری و گۆڕانكارییه‌ك له‌ بابه‌ته‌كه‌ و له‌ ناو وانه‌كه‌ دروست بكات، له‌ ئه‌نجامدا قوتابی دانابڕێت و دوور ناكه‌وێته‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌.
كه‌واته‌ مامۆستا هه‌رده‌م پێشه‌نگ ده‌بێت بۆ قوتابییه‌كانى، نابێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێت مامۆستا ده‌بێ كه‌سایه‌تیه‌كى سه‌ركرده‌یی هه‌بێت و توانادار بێت له‌ رێكخستنی كاته‌كان و به‌ فیرۆیان نه‌دا و ڕكێف و ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ر پۆڵه‌كه‌ دا هه‌بێت و قوتابییه‌كانیش بێزار نه‌بن له‌ وانه‌كه‌ى، به‌ڵكو ئاره‌زوو و خواست لاى قوتابیانى دروست بكات، هه‌رده‌م تامه‌زرۆیی بابه‌ت و وانه‌كان بن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ دڵنیایی ئاماده‌ ده‌بوون و خۆشه‌ویستى و تێگه‌یاندن دروست ده‌كات بۆ بابه‌ته‌كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و ئامانجه‌ به‌دی دێت كه‌ قوتابی بۆی دێته‌ قوتابخانه‌ و مامۆستا بۆی هه‌وڵ ده‌دات.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top