ئولریك بروكنەر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپی لە زانكۆی ستانفۆرد بۆ گوڵان: سەردانەكەی ئۆلاف شۆلز بۆ ناوچەی كەنداو زیاتر لە پەیامێكی لەخۆگرتبوو
ئولریك بروكنەر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپیە لە زانكۆی ستانفۆرد لە بەرلین. پێشتر مامۆستا بووە لە بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەرلینی ئازاد و وانەبێژ بووە لە زانكۆی فودان لە شانگهای، زانكۆی سابانجی لە ئەستەنبول و زانكۆی لیوبلیانا لە سلۆڤینیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە هۆكار و دەرئەنجامەكانی سەردانی ئەم دواییەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆلز بۆ وڵاتە دەوڵەمەند بە نەوت و غازەكانی كەنداو.
* بەم دواییە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلز سەردانی وڵاتە دەوڵەمەند بە نەوت و غازەكانی ناوچەی كەنداوی كرد، ئێوە چۆن لەم سەردانە دەڕوانن و تا چەند ئەمە كاریگەریی ئەو قەیرانەی وزەیە كە بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ئەوروپا هاتووەتە ئاراوە، كە پێشبینی دەكرێت سەختتر و دژوارتر بێت، تا چەند ئەم سەردانە دەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت؟
- بە تێڕوانینی من ئەم سەردانەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بۆ ئەم ناوچەیە چەند هۆكار و پاڵنەرێكی لە پشتە، یەكێكیان ئاماژە و پەیامێكە بۆ گەلی ئەڵمانیا كە حكومەتی وڵاتەكە هەموو هەوڵ و كۆششێك دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كەمیی غاز و هەڵكشانی نرخی نەوت و غاز بدۆزێتەوە لە وڵاتەكەدا، بۆ ئەم مەبەستە چەند بەرپرسێكی حكومەتی وڵاتەكە گەشت بە جیهاندا دەكەن و سەردانی وڵاتی دیكە دەكەن لە پێناو واژووكردنی ڕێككەوتنی نوێ و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی بەدەستهێنان و هاوردەكردنی وزە، بۆ ئەوەی چیتر بەو چەشن و ڕاددەیەی ئێستا پشت بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیاوە نەبەستن. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا ئەمانە هەنگاوی كردارین بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی هاوردەكردنی وزە و دابینكاری نوێ لەم ڕووەوە. چونكە ئەڵمانیا پێویستی بەم چەشنە وزەیە دەبێت، تا ئەو كاتەی ئابوورییەكەی لەسەر پشتبەستن بە وزەی دیكەی بەدیل بنیات دەنێتەوە. كەواتە دووبارەی دەكەمەوە ئەمە پەیامێكە بۆ گەلی ئەڵمانیا كە حكومەتەكەی كۆششی سەخت دەكات بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی نوێ، چونكە ناكرێت ئەڵمانیا وا بە ئاسانی دەستەبەرداری هاوردەكردنی وزە بێت لە ڕووسیاوە. دواتر ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كرد، كە لەم ڕووەوە پرسێك، یان ڕەهەندێكی دیكە لە ئارادایە، ئەویش ئەوەیە كە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا رایان وایە جیهان گۆڕانكاریی جیۆپۆلەتیكی بە خۆیەوە دەبینێت و لەم چوارچێوەیەدا باوەڕیان وایە ناكرێت هەندێ وڵات جێ بهێڵرێت، بۆ ئەوەی چین و ڕووسیا برەو بە دەستڕۆیشتوویی و باڵادەستیی خۆیان بدەن و سیاسەتی دەرەكیی خۆیانی تێدا پیادە بكەن، واتە پێیان وایە ناكرێت وڵاتانی ئەوروپا لەم ڕووەوە ڕۆڵی تەماشاكار ببینن و دەستەوەستان دابنیشن و هیچ كارێك ئەنجام نەدەن، چونكە هەڵوێستێكی لەم چەشنە كاریگەریی پێچەوانە و نەخوازراوی لەسەر ئەم وڵاتانە لێ دەكەوێتەوە و، ئەم وڵاتانە دەكەونە دۆخێكەوە كە مەرجیان بەسەردا بسەپێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە پێیان وایە پێویستە ڕۆڵێكی كاراتر و جددیتر ببینن و هەوڵ بدەن دەستنیشانی بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشەكان بكەن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی بەرفراوانتر و چڕتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكانی دیكە دروست بكەن، كە كورت نەبێتەوە لە تەنیا واژووكردنی ئەو ڕێككەوتنانەی كە بەرژەوەندیی كورت مەودا لەخۆ دەگرن، وەك ڕێككەوتنەكانی هاوردەكردنی وزە، بەڵكو بیر لە دامەزراندن و پێكهێنانی پەیوەندیی دوور مەودا و درێژخایەنتر بكەنەوە.
* هەروەك دەزانین كە هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی شەڕ و داگیركارییەكەوە لەلایەن ڕووسیا دژی ئۆكرانیا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین سزای ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاند، بە ئومێدی ئەوەی لاوازی بكەن و نەتوانێت درێژە بە شەڕەكە بدات، یان ناچار بێت بە هەڵوێست و سیاسەتەكانی پەیوەست بە شەڕەكەدا بچێتەوە، ئایا پێت وانییە ئەم سزایانە كاریگەریی پێچەوانەیان لێ كەوتووەتەوە، بە چەشنێك ئەوەتا وڵاتانی ئەوروپا تووشی قەیرانی سەختی وزە بوونەتەوە و ناچارن ڕوو لە وڵاتانی دیكە بكەن بۆ ئەوەی جێگرەوەیەك بۆ هاوردەكردنی غازی ڕووسیا بدۆزنەوە؟
- لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتای سەپاندنی سزاكان لە مەودایەكی بەرفراواندا و ڕێككەوتن لەسەر گرتنەبەری حەوت پاكێجی سزاكان لە دژی ڕووسیا ئەو ڕاستییە ڕوون بووەوە كە ڕاستە ئەم سزایانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەو وڵاتەی كە بەرپرسە لە شەڕەكە -بەو پێیە یاسای نێودەوڵەتیی پێشێل كردووە-، بەڵام لە هەمان كاتدا سەپاندنی ئەم سزایانەش باج و دەرئەنجامی دیكەیان دەبێت لەسەر ئەو وڵاتانەشی كە نەكراونەتە ئامانجی سزاكان. بەڵام هەر لەو كاتەشدا ڕۆژئاوا ئەم ڕاستییەی لەبەر چاو بوو و ئامادە بوو ئەم باجە بدات و ئەم دەرئەنجامە بگرێتە ئەستۆ. چونكە ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی پاڵپشتی و هاوكارییەكەوە ئەم سیاسەتەی گرتەبەر و ئەم هەڵوێستەی نواند لە ئاست ئۆكرانیادا و لەم ڕووەوە هاوكارییەكی زۆری بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر كرد و تەنیا هێڵی سوور لەم ڕووەوە بریتی بوو لە ڕەوانەكردنی هێز بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا. واتە جگە لە ڕێگاچارەی ناردنی هێز، وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەی لە توانایاندا بووە هاوكار و یارمەتیدەر بوون بۆ ئۆكرانیا و هەر لەم ڕووەشەوە چەندین سزای ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، بۆ ئەوەی كارێك بكەن ڕووسیا باجێكی زیاتر سەبارەت بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی بدات.
* ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسی سەردانەكەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بۆ وڵاتانی كەنداو، ئایا پێت وایە تا چەند سەركەوتوو دەبێت لە دۆزینەوەی بەدیلێك بۆ هاوردەكردنی غازی ڕووسیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە ئەمە كارێكی ئاسان نییە هەروەك ئێوەش لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان پێ كرد؟
- خۆی لە خۆیدا ئەم سەردانە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەیەكی كەمی پێویستیی پەیوەست بە هاوردەكردنی وزە پڕ بكاتەوە، بەڵام هەروەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد، بەرپرسانی ئەڵمانیا سەردانیان بۆ چەندین وڵات دەست پێ كردووە و ئەگەر هەر یەكێكیان بتوانێت ڕێككەوتنێك ئەنجام بدات و ڕێژەیەكی كەمی پێداویستی ناوخۆیی مسۆگەر و هاوردە بكات، ئەوا ئەڵمانیا نەك هەر دەتوانێت فرەیی و جۆراوجۆری دروست بكات لە سەرچاوەكانی بەدەستهێنانی وزە، بەڵكو دەتوانێت كۆگاكانیشی پڕ بكات، ئەمەش زۆر لەو پێشبینییانە زیاتر دەبێت كە دەكرا لەم بارەیەوە، بە چەشنێك كە بتوانین لەم مانگەدا 90%ی كۆگانمان پڕ بكەین، ئەمەش دەستكەوتێكی بەرچاوە بەراورد بەو ڕێژەیەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا و لەم مانگەدا لە ئارادا بوو. مەبەستم ڕێژەی پڕكردنی كۆگاكانە لە پێداویستیی وزە بۆ هاووڵاتیان. كەواتە مەسەلەكە ئەوە نییە كە ئێمە لە یەك پاكێجدا بتوانین بەدیل و جێگرەوە بۆ هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیا بدۆزینەوە و بەدی بهێنن، واتە سعودیە، یان قەتەر ناتوانن بە تەنیا ئەم ئەنجامە بۆ ئەڵمانیا بەدەست بهێنن، بەڵكو ئەم ئامانجە هەنگاوی زیاتر و كۆششی زیاتر دەوێت. دوای ئەوەی هەوڵەكان بە ئاراستەی دیكەشدا بە گەڕ خراون، واتە دۆزینەوەی سەرچاوە، یان وزەی بەدیل بۆ نەوت و غاز، كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەك كە پشتبەستوو نەبێت بە هاوردەكردنی نەوت و غاز، بەڵام ئەمە كارێك یان ئەنجامێك نییە بتوانرێت لە شەو و ڕۆژێكدا بەدی بهێنرێت. هەروەها نابێت لەم ڕووەوە ئەوەشمان لە یاد بچێت كە پشتبەستن بە هاوردەكردنی غازی ڕووسیا لەلایەن ئەڵمانیاوە ماوەیەكی زۆری خایاند. هەرچۆنێك بێت ئەم بارودۆخ و پەرەسەندن و پێشهاتانە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەكەنەوە كە ئەگەر تەنیا پشت بە یەك سەرچاوە و یەك وڵات ببەستیت و فرەیی و جۆراجۆری لە سەرچاوەكاندان نەكەیت، ئەوا درەنگ، یان زوو تووشی دۆخێك دەبیتەوە كە ئێستا ئەڵمانیا لەگەڵ ڕووسیادا تووشی بووە. كە دۆخێكی لەم چەشنەش نەك تەنیا ڕەهەندێكی ئابووری و پەیوەست بە وزەی دەبێت، بەڵكو لە كۆتاییدا ڕەهەند و ڕواڵەتی سیاسییش وەردەگرێت.
* ئایا ئەم پەیوەندییە نوێیانەی ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا لە ڕووی هاوردەكردنی وزەوە چ كاریگەری و دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە، مەبەستمان ئەوەیە ئایا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەڵمانیاش بە چەشنێكی كاریگەر و بە قورساییەكی زیاترەوە لە كێشە و ناكۆكییەكانی ئەم ناوچەیەوە تێوەبگلێت، یان بە پێچەوانەوە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی كەنداو بتوانن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كاریگەرییان زیاتر بێت؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە هێشتا زوو بێت بۆ ئەوەی ئەم پرسە یەكلا بكەینەوە و باس لە دەرئەنجامەكانی بكەین و ئەوە ساغ بكەینەوە ئایا ئاكامی ئەم پەیوەندییانە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕۆن. چونكە لەم ڕووەوە قسەی زۆر دەكرێت، وەك ئەوەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتز ئاماژەی پێ كرد كە ئەمە خاڵی وەرچەرخانە و باسی لەوە كرد كە ئێستا ئێمە لە جیهانێكی تەواو جیاوازدا دەژین، كە ڕەنگە ئەمانە دەستپێكی گفتوگۆیەكی نوێ بن لەبارەی ئەوەی ئایا پێویستە ڕۆڵی ئەڵمانیا چی بێت، یان پێویستە ڕۆڵی ئەوروپا چی بێت و چۆن بێت. هەروەها دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە تا چەند ئەم پێشهاتانە ڕەنگدانەوەیان لەسەر ئەرزی واقیع هەبووە و دەبێت، بۆ نموونە پێشتر لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەكەی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە 100 ملیار دۆلار لە بواری خەرجی سەربازیدا زیاد دەكات، ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەكات ئایا زیادكردنی وەبەرهێنان لە هێزە چەكدارەكانی ئەڵمانیادا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم هێزە چەكدارانە بە شێوەی جیاواز و بۆ مەبەستی جیاواو بەكار بهێنرێن. من پێم واییە هێشتا زووە ئەمە یەكلا بكەینەوە.