لەدایكبوونی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

لەدایكبوونی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

 

داوا لە گەلان و ڕژێمەكانی ناوچەكە دەكەین پابەندی پەیامی خوا و

فەرموودەكانی پێغەمبەر بن و چیتر دەستدرێژی نەكەنە سەر گەلی كوردی موسڵمان

 

 

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی جیهان و موسڵمانانی كورد دەكەم، داواكارم لە خودای گەورە و میهرەبان ساڵیادی لەدایكبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی سەرەتای خۆشییەكان بێت لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و كوردستانی خۆشەویستمان بە تایبەتی. لەم بۆنە پیرۆزەدا لە خوای گەورە و میهرەبان داواكارم خێر و خۆشی ببەخشێتە گەلی كورد و نەتەوە و ئایینزاكانی كوردستان و گەلانی موسڵمانی ناوچەكەشمان ڕێگا نەدەن ڕژێمەكانیان دەستدرێژی بكەنە سەر گەلی كوردی موسڵمان و زیان بە برا كوردە موسڵمانەكانیان نەگەیەنن.

قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێشەوای مرۆڤایەتی پێغەمبەرمان (د.خ)پێمان دەڵێن: نابێت موسڵمان ئازاری برای موسڵمانی خۆی بدات، خودای گەورە و میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ). لە ساڵیادی لەدایكبوونی فەخری كائینات پێغەمبەری موسڵمانان (د.خ) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت: (المسلم من سلِم المسلمون من لسانه ويده..) لە فەرموودەیەكی دیكەدا تەئكید لەسەر برایەتیی نێوان موسڵمانان دەكاتەوە و دەفەرموێت: (المسلم أخو المسلم، لا يخونه، ولا يكذبه، ولا يخذله، كل المسلم على المسلم حرام عرضه وماله ودمه).

داواكاریی ئێمەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ گەلانی موسڵمانی ناوچەكە و ڕژێمەكانیان داواكارییەكی كوردی موسڵمانە، دەبێت ئەوە بزانن كە خوای گەورە و میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا دەڵێت: (وَالْأَرْضَ وَضَعَهَا لِلْأَنَامِ)، واتە زەوی و ئەم خاكەمان دروست كردووە و دامانناوە بۆ ئەو خەڵقەی لەسەری دەژین بە جیاوازی ڕەنگ و زمان و ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاوازەوە و هیچ كەسێك بۆی نییە بێت و بڵێت تۆ نابێت لەسەر ئەم خاكە بژی، ئەمە شەرعی خوا و یاسا و داواكاریی و ویستی خوای گەورە و میهرەبان و دروستكەری هەموو زیندەوەران و جیهان و گەردوونە، ئێمەی مامۆستایان و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام داوامان لە هەموو موسڵمانانی جیهان و بە تایبەتی موسڵمانانی ئەو وڵاتانە هەیە كە كوردستانی بەسەردا دابەش بووە، ڕێزی برای موسڵمانی خۆیان بگرن و كۆمەڵكوژی نەكەن و ئازارمان مەدەن و دەستدرێژی نەكەنە سەرمان، هەرگیز خوای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەرەكەمان (د.خ) لەگەڵ چەوسانەوە و زوڵم و زۆرداری نییە، پەیاممان لەساڵیادی لەدایكبوونی پێغەمبەر ئیسلامدا (د.خ) ئەوەیە گەلانی برای موسڵمانمان لەهەر چوارپارچەی كوردستان بە دواداچوونێكی هەڵوێست و كار و ڕەفتاریان و ئەو هەڵوێستە ناڕێكەیان بەرامبەر گەلی كوردی موسڵمان بكەنەوە.

لەدایكبوونی پێغەمبەرمان سەلامی خودای لەسەر بێت، گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی، وێڕای بابەتە دینییەكەی كە پێغەمبەر (د.خ) پەیامێكی شەرعی و دینی لای خوای گەورە و میهرەبان پێ بوو، بەڵام لە هەمانكاتیشدا لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) گۆڕانكاری و سەرەتایەكی نوێ بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەر لەدایكبوونی ئازادی و دژایەتیكردنی كۆیلایەتی و چاندنی تۆوی برایەتی و ئاشتی و ڕێزگرتن لە بەرامبەر و بڵاوكردنەوەی كەلتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان بوو. لەدایكبوونی حەزرەتی پێغەمبەر (د.خ) لەناوبردنی كۆمەڵێك دابونەریتی ناشیرین و قێزەوەن بوو لە دوورگەی عەرەبی بە تایبەتی شەڕ و ئاشووب و هەڵكوتانە سەر یەكتر و تاڵانكردنی ماڵ و موڵكی یەكتر، بە لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) هەموو ئەو دابونەریتە ناشیرینانە لەناو بران. لەدایكبوونی پێغەمبەر بۆیە پێی دەوترێت لەدایكبوونی ئازادی، چونكە ئەو دەمەی فەخری كائینات لەدایك بوو، كاتێك كەنیزەكەی ئەبوو لەهەب هەواڵی بۆ ئەبوولەهەب هێنا كە برا بچووكەكەی ئەبوولەهەب كوڕێكیان بووە، ئەبوولەهب ڕاستەوخۆ لە خۆشیی هەواڵەكە كەنیزەكەی بێ بەرامبەر ئازاد كرد.

یەكەمین جار كە ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر ئاهەنگی بۆ ڕێكخرا، لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو لەناو كوردەكاندا، دواتریش لە شارستانیەتی كوردیدا ئەم كەلتوورەی مەولودی پێغەمبەر(د.خ) بە دەر لە تێڕوانینە ئایینییەكەیلەدێڕ زەمانەوە ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتی و كلتووریشی وەرگرت و لە بیروبۆچوون و زهنییەتی كورددا چەسپێنرا و بە زیندوویی و پیرۆزی بەرز ڕاگیرا، ئەمەش بیدعە نییە و زانایان و مامۆستایانی ئایینی ڕایان وایە مادام ئامانج لە بەبیرهێنانەوەی موسڵمانانە لەدایكبوونی فەخری كائینات پێغەمبەر (د.خ) كە پەیامی مرۆڤایەتی پێ بووە و ڕۆژێكی نوێیە لە مێژووی مرۆڤایەتی و ئامانجێكی جوانی هەیە، ئەویش دابەشكردنی خێر و شیرینییە بە سەر منداڵان و موسڵماناندا و یارمەتیدانی هەژارانە، ئەمەش نەریتێكی پەسەندكراوی جوانە بۆ لەدایكبوونی دوایین نێردراوی خوا بۆ سەر زەوی، بۆیە ساڵیادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) گرنگە لە ڕووی ئایینی و كۆمەڵایەتی و كەلتووریی و دابونەریتێكی جوانەوە، چونكە بەبیرهێنانەوەی هەموو ئەو فەرموودە و دابونەریتە جوانانەیە كە گەلی كوردی موسڵمان زۆر لە گەلانی دیكەی موسڵمان باشتر و جوانتر بە تۆخی و پاكی پەیڕەوی دەكات.

 لەم یادەدا میللەتی كورد لە پێشەوەی هەموو میللەتەكانی دیكەن لە جیهانی ئیسلامی بە تایبەتی لە شاری هەولێری دێرین، شاری قەڵا و منارە و هۆلاكۆ بەزێن لە دێر زەمانەوە لە پێشەوەی هەموو شارەكانی جیهان ئەم یادە بەرز و پیرۆز دەكات. لە كاتی خۆی سوڵتان موزەفەر لە هەولێر خەونی بە پێغەمبەرەوە بینیوە، كاتێك كۆمەڵە كەسانێك ویستبوویان لە مەدینەی منەوەرە تەرمی پیرۆزی پێغەمبەر دەستكاری بكەن، پێشتر پێغەمبەر هاتبووە خەونی سوڵتان موزەفەر و بانگی كرد تا وەكو لەدەستی ئەو زاڵم و ستەمكارانە دەربازی بكات. یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) پێشتر بە شێوەیەك لە شێوەكان هەبووە، بەڵام وەكو ئاماژەم پێدا وەكو ئاهەنگێكی ڕێكخراو و فراوان بۆ سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لەسەر بێت دەگەڕێتەوە، ئەو سەردەمە ئاهەنگ دەگێڕا و خێر و یارمەتیی هەژاران دەدرا و شیعر و هۆنراوە بۆ فەخری كائینات دەخوێندرایەوە و فەرموودەكانی پێغەمبەریان بە بیری خەڵكی دەهێنایەوە.

 

Top