توندو تیژی دژی ئافرەتان دژی ژیانە
ژنان كۆت و بەندكراون و لەژێر ناوی شەڕەف دەكوژرێن، رۆڵی یاساش بە لاواز دەبینێت لەهەمبەر ئەو ستەمەی لە مێینە دەكرێت، روونیشی دەكاتەوە ژنان نەگەیشتوونە ئەو ئاستەی بتوانن مومارەسەی مافەكانیان بكەن،
لێرە ژنان كۆت و بەند كراون و كەم مانگ هەیە لە ژێر ناوی پاراستنی شەڕەف گوێ بیستی هەواڵی كوشتنیان نەبین، ژنان ئەتك دەكرێن ولێاندەدەن جەستەیان دەشێوێندرێت، یاسایەكیش بۆ بنبڕكردنی ئەو پاشا گەردانیە نیە یاخود زۆر لاوازە، ئەوەی دەشیبینین لە كوردستان لە هەمبەر ئازادی ژنان، دەبێ بڵێین كام ئازادی، ئازادیەك بەبەهانەی شەڕەف چەندین ژن دەکوژرێت سادەترین مافیان لێ زەوت بكرێت، یاسایەك نەبێت بە كرداری رێگا لەو كردەوە قێزەونانە بگرێت، هۆكارەكانی پشت ئەو كوشتنانە نادیارە و لێپێچینەوە لە بكەرەكەی بەو شێوەیەی كە پێویستە نەكراوە، یان سزای بكەرانی تاوانەكە بەجۆرێك نەدراوە تا ببێتە هۆی رێگرگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەو تاوانانە، راستە ژنان لە باشور شان بەشانی پیاوان لە بەڕێوەبردنی ئیدارە و سیاسەت و پێشكەوتنی كۆمەڵ بەشدارە، بەڵام بە بەهانەی پاراستنی شەڕەف، هەر كاتێك ویسترابێت درێغی لە كوشتنیان نەكراوە”.
هێشتا لە كۆمەڵگەی كوردی دیاردەی ژن بەژن و گەورە بە بچوك و ژن كردنە قوربانی خوێن بڕەوی هەیە، لە روانگەی زانستی كۆمەڵناسیەوە ئەركەكە زۆر لەوە قورسترە كەپێشبینی دەكەین، چونكە هێشتا پیاو لە جیاتی خودی ژن بڕیار دەدات، تا ئێستا لە هەندێ ناوچەی كوردستان ژن بەژن و گەورە بەبچوك و ژن كردنە قوربانی خوێن بڕەوی هەیە، كەواتە چی چاوەڕوان لە كۆمەڵگایەكی وا دەكرێت جگە لە لایەنە خراپەكەی نەبێت، بۆ كاڵبوونەوەی ئەم كلتوورە داواكەوتوەی بەرامبەر بەخێزان و پەروەردەی خێزان دەكرێت قۆناغی هۆشیاركردنەوە لەنێو پیاوان و ژنان ئەركی سەرەكی بێت، بەداخەوە دەڵێم هێشتا خودی ژنان هۆكاری سەرەكین بۆ درێژەدەری ئەو میتۆدە دواكەوتوییەی كۆمەڵی كوردەواری، لەبەر ئەوەی ئاستی رۆشنبیری ژنان نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی بتوانن مومارەسەی مافەكانیان بكەن و پیاوان بگەیەنێە ئەو قەناعاتە كە گۆڕانكاریەك لە بیركردنەوەو هەڵسوكەوتیان ئەنجام بدەن، هەرچۆنێ بێت بۆ كاڵكردنەوەی ئەو میتۆدە پڕ لە توندووتیژییە ژنان دەبێت، خەباتی نەپساوە بكەن هەنگاوی یەكەمیشیان ئەوەیە خۆیان لە مەیدانی رۆشنبیری و وریا بوونەوە ببیننەوە، لەو رێگەیەشەوە بە پیاوانی بسەلمێنن كە ئەوانیش وەك و مرۆڤن هیچ جیاوازیەكیان لە ماڤی مرۆڤ بوون نیە جگە لە جیاوازی جەستەیی”
ئەسرین عاسی شوانی