سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا هەموو شۆڕش و خەبات و ڕاپەرینەكانی قۆناغەكانی پێشووی زیندوو كردەوە

سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا هەموو شۆڕش و خەبات و ڕاپەرینەكانی قۆناغەكانی پێشووی زیندوو كردەوە

 

 

 لە ڕیفراندۆمدا كورد بە ڕابەرایەتیی مەرجەعی كورد سەرۆك بارزانی بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز و پێشكەوتووی جیهانی سەلماند، كورد گەلێكی زیندووە و بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كۆڵ نادات و سڵ لە هیچ دوژمن و نەیارێكی ناكاتەوە.

سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا وەرچەرخانێكی لە شۆڕشی چەكدارییەوە بەرەو خەباتی مەدەنی دەست پێكرد، ئەو خەباتەی لەناو كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان و ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕۆڵ و كاریگەرییەكی گەورەی هەیە و دەكرێت وەكو كارتێكی فشار بۆ سەر حكومەتەكان دابنرێت، بەتایبەتی بۆ ئێمەی گەلی كوردستان كە لە نێوخۆی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر دژایەتییەكی زۆرمان بەرامبەر دەكرێت و، بە هەموو شێوەیەك خوازیارن قەوارەی باشووری كوردستان شكست بهێنێت. سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا هەموو شۆڕش و خەبات و ڕاپەرینەكانی قۆناغەكانی پێشووی زیندوو كردەوە و نێوماڵی كوردی یەكخستەوە و هەموو كوردستانییانی بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی بەرەو یەك ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتمانی برد، ئەویش گەڕانەوەی شكۆیە بۆ تاكی كورد و نەتەوە كە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە.

سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا بۆ گەڕانەوەی ئەو شكۆیە و بەهێزبوونی گەلی كورد بە هەموو شۆڤێنی و نەیارانی كوردی ڕاگەیاند: «كوردستان، یان نەمان»ـەكەی مەلا مستەفا بارزانی سیمبول و سەركردەی مێژوویی كورد بەردەوامی هەیە و لەسەر مافی چارەنووسسازی سەربەخۆیی پێداگیریمان هەیە. خۆ ئەگەر سووربوونی سەرۆك بارزانی نەبووایە لەسەر ڕیفراندۆم ئەوەندە فشار و پاڵەپەستۆ و دژایەتی لەسەر حزبە كوردستانییەكان و لایەنە سیاسییەكان دەكرا، نەیاندەتوانی لەسەر جێبەجێكردنی ڕیفراندۆمەكە سوور بن.

بنەماڵەی بارزانی لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ محەمەد بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و بۆ مەلا مستەفا بارزانی و مسعود بارزانی كە چەندین دەیەیە لە خەبات و تێكۆشاندا بوون، نەوە لە دوای نەوە هیچ كاتێك دەستبەرداری مافی نەتەوەیی كورد و كوردستانییەكان نەبوون. شێخانی بارزان بە بەردەوامی لەخەمی نەتەوەكەیان بوون. مەلا مستەفا بارزانی ئەو چەند ساڵەی نەفی كرابوو لە سلێمانی بەردەوام لەگەڵ ڕیش سپی و زانا و مامۆستایان و مەلا و ڕۆشنبیران و كەسایەتییە ناسراوەكانی سلێمانی و ئەندامانی حزبی هیوا و حزبی ڕزگاری سەرقاڵی بیری نەتەوەیی و زیندووڕاگرتنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بووە، بەتایبەتی لەو سەردەمەی ئەودا كە سلێمانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و كوردایەتی و خەبات و بیری نەتەوەیی بووە. كاتێك مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی چەكداری كوردی لە لۆكاڵییەوە گۆڕی بۆ سەرتاسەری و كوردستانی، لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە خانەقینەوە تاكو زاخۆ بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانەوە پێكەوە داكۆكیمان لە مافەكانی گەلی كوردستان كرد، ئەو كات مافێكی زۆری كورد بە دەست هات، بە تایبەتی لە ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداردا، ئەو سەردەمە بارزانی مەرجەعی كورد و كوردستانی بوو لە ناو شۆڕشی ئەیلوولدا بە دەیان پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی و باكوور و ڕۆژئاوا بوونیان هەبوو، كە ڕۆڵی نەك تەنیا لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەبوو، بەڵكو ڕۆڵی لە چەندین بواری كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاشتیی نێوماڵی كوردستانیش هەبوو.

لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی لە تەواوی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی كەس نەیدەتوانی تەعەددا لە كەس بكات و مافی هیچ نەتەوە و ئاینزایەك پێشێل نەدەكرا، گەورەو بچووك و هەژارو دەوڵەمەند كەس بیری لە ئازاردانی كەس نەدەكردەوە، تەنانەت بارزانی ڕێزی لە ژینگە و ئاژەڵیش دەگرت، لە بیرمە كاتێك ڕاوی قەدەغە كرد، من ئەو كاتە لە گوندەكەی خۆماندا لەگەڵ هاوڕێكانمدا پۆل پۆل دەگەڕاین بزانین كەس ڕاو دەكات، كەچی كەسمان نەدەدۆزییەوە ئەم كارە بكات، خۆ ئەگەر كەسێك ئەم كارەی بكردایە، لەناو كۆمەڵگەدا بە كەسێكی نامۆ و قێزەوەن سەیر دەكرا.

لە ڕیفراندۆمدا كوردستانییەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەلمێندرا و بە پێچەوانەی هەموو ئەو بەكرێگیراوانەی دەیانوت كورد لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دەنگی پێویست ناهێنێت، لەمەشدا سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە ڕابەرایەتی و مەرجەعییەتی خۆی سەلماند و وەكو مەلا مستەفا بارزانی ئامادە نەبوو سازش لەسەر كوردستانییەتی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بكات و لە پرۆسەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی، كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كەركووك بە زۆرینە دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی دا، كەركووك و خانەقین و شنگال و مەخموور و دووزخورماتوو، مەندەلی و جەلەولا و بەعشیقە و پردێ و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بە ڕیفراندۆم كوردستانیبوونیان بۆ گەڕایەوە، هەروەكو چۆن لە سەردەمی عوسمانی و پێش عوسمانی تەواوی ئەو ناوچانە كوردستانی بوون و كەمینەی نەتەوەیی و ئایینی دیكە لە دێرزەمانەوە لەسەر خاكی كوردستان بوون و پێكەوە لەگەڵ كورد ژیاون. لە ڕیفراندۆمدا بۆ یەكەمینجار بە شێوازێكی دیموكراتی و مەدەنی زۆرینەی هەرە زۆری ئەم ناوچانە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و كوردستانیبوون دا و بە جیهانیان ڕاگەیاند كە ئێمە نەتەوەیەكی جیاوازین و خاوەنی ئەم خاكەین و بۆمان هەیە بە سەربەخۆیی بژین، هەموو ئەو زوڵم و پەراوێزخستنەی كە لە مێژوودا لە كەناری بەرژەوەندی و نەوت و ململانێی نێوان زلهێزەكان و دابەشكردنی پشكی سەركەوتنەكانیان زوڵمێكی گەورەیان لە كورد كرد و بە سەر چوار دەوڵەتی ناوچەكەدا دابەشیان كرد. كاتی خۆی كۆڵۆنیاڵیزمێكی وەكو بەریتانیا كە نەوتی لە كەركووك دۆزیبووەوە و كۆمپانیاكانیان خێروبێری ئەم وڵاتەیان دەبرد، ئەم دابەشكردنەی كوردستانیان كرد.

ڕیفراندۆم بە شێوازێكی مەدەنی شەرعییەتی نەخشەی بەرژەوەندیخوازانەی دەوڵەتە زلهێزەكان و ویست و خواستی شۆڤێنی و مەزهەبچییەكانی ناوچەكەی هەڵوەشاندەوە. ڕاستە لە پێش ڕیفراندۆم و لە كاتی ڕیفراندۆمەكە و دواتریش ویستیان ئیرادەی خەڵكی كوردستان بشكێنن و زیان بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بگەیەنن، بەڵام سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەكانی لە داستانی سحێلا و پردێ كە بە تۆپ و جبەخانەی سەربازی چەندین دەوڵەت و میلیشیاتی نێوخۆ و بیانی هێرشیان كردە سەر كوردستان، جارێكی دیكە سەركەوتنێكی بێ وێنەیان تۆمار كرد و ڕێگایان نەدا قەوارە و خاك و نیشتمانی كوردان بكەوێتە ژێر پۆستاڵی سوپا و گرووپە چەكدارە میلیشیاكانەوە.

لە پێناو زیندووڕاگرتنی ڕیفراندۆم و سوودوەرگرتن لە بەند و وانەكانی ڕیفراندۆم دەبێت هەمووان پاڵپشتیی مەرجەعی كورد مسعود بارزانی بكەین كە لە ئێستادا نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستانی باشوور، بەڵكو لە هەر چوار پارچەی كوردستانەوە كوردان لە گرنگی و گەورەیی ئەم سەركردە مەزنە تێدەگەن، چونكە بە بوونی مەرجەع كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلانی جیهان و ناوچەكە ڕێز لەم نەتەوەیە دەگرن، تا مەرجەع نەبێت كورد هەرگیز یەكدەنگی و یەكگرتوویی و تەبایی نابێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە بەرژەوەندی و فشارە نێوخۆییەكانی عێراق و پایتەختەكانی وڵاتانی دراوسێمان ئەوەندە بەهێزە بەردەوام كار بۆ تێكدانی نێوماڵی كورد و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی دەكەن، ئاڵۆزی و خراپی بارودۆخەكەی بەغدا و سەختیی قۆناغەكەی عێراق كە وادەكات وڵات سیادەی نەمێنێت و لەناو بەغدا حكومەت نەتوانێت ڕێگا لە میلیشیات و هێزی چەكدار بگرێت، ئەمە هەمووی وا دەكات گەلی كورد لە دەوری مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی كۆببێتەوە و بە یەك دەنگ و یەك بۆچوون ڕوو لە پاراستنی دەستكەوتەكان و داواكاری مافە نەتەوەییەكانی خۆی بكات.

 زیندوو ڕاگرتن و بەرز ڕاگرتنی ڕیفراندۆم مافەكانی گەلی كوردستان زامن دەكات و دەكرێت لە كاتی پێشێلكاری و زیانگەیاندن بە ویست و خواستی گەلی كوردستان ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە جێبەجێ بكەین كە سەربەخۆییە و لەم پێناوەشدا دەبێت لۆبی و پاڵپشتییەكی زۆری وڵاتانی زلهێزی جیهان بە دەست بهێنین، خۆ هەر هیچ نەبێت، دەكرێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە ڕوو لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بكەین و دەبێت داوای كۆنفیدڕاڵییەت بكەین، تاوەكو چیتر بە ناوی دادگای فیدڕاڵی و وەزارەتی نەوت و میلیشیاتی چەكدارییەوە زیان بە گەلی كوردو كوردستان نەگەیەنن.

زیندووكردنەوەی ڕیفراندۆم و بەرزڕاگرتنی یادەكەی لە كاتێكدا كە ئەمریكییەكان و ئەوروپییەكان بەردەوام دەڵێن كوردستانێكی بەهێزمان دەوێت لەناو عێراقێكی بەهێزدا، كەواتە دەبێت گفتوگۆ و دانوستانەكانمان دەست پێ بكەین لەپێناو چوونە پێشەوەی قۆناغێكی دیكە كە بەدەستهێنانی كۆنفیدڕاڵییە، خۆ ئەگەر نەشتوانین بە هۆی بەرژەوەندیی زلهێزەكان و فشاری وڵاتانی ناوچەكە سەربەخۆ بین، دەتوانین ڕیفراندۆم وەكو وەرەقەیەكی بەهێزی فار سەیری بكەین بۆ ئەوەی لە ئایندەدا سوودی لێ وەربگرین.

لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و تێكۆشانی خەباتی ئەوە بە شێوازی خەباتی مەدەنی تاوەكو بە هاوشێوەی ڕیفراندۆم جارێكی دیكە هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە كۆبكاتەوە و دەبێت حزبەكان پشتیوانی لێ بكەن، چونكە سەرۆك هێزی لە گەلەوەیە و پارێزگاری خواست و ویستی گەلە و لە پێناو كورد تێدەكۆشێت، هەر لەبەر ئەمەشە نەیارانی كورد و دوژمنانی كوردستان كاتێك دەیانەوێت ژەهرەكانیان بڕژێننە سەر ئەم میللەتە مەزڵوومە هەوڵ دەدەن لە پێگەی بەهێزی بدەن كە بارزانییە، ئەوان باش دەزانن بارزانی پارێزەری كوردانە لە هەرچوار پارچەی كوردستان و هەر كاتێك دەست بۆ پیرۆزییەكی ئەم نیشتمانە دەبەن، هەزار و یەك حیساب بۆ بارزانی دەكەن.

 

 

(*)

مامۆستای زانكۆی سلێمانی

 

Top