زیادبوونی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران...دیاردە سەرەتاییەکان
هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران. دوای چوار ساڵ لە ئیدارەی جۆ بایدن کە هەڵوێستێکی نەرمتری بەرامبەر تاران لە چاو سەرۆکەکەی پێش خۆی گرتەبەر، لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی کۆمارییەکان و دەست نیشانکردنی تیمی وەزاری ئاماژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سیاسەتێکی توندڕەو بەرامبەر بە ئێران.
فشار
تەنانەت بەڕ له ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سەڕکەوتنی ترامپ، ئاماژەی ڕوون و ئاشکرا دەڕدەکەوت کەئێران یەکێک لەنیگەڕانییەکانی سیاسەتی دەڕەوەی ئیدارەکەی بێت. لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، پشتیوانی ئاشکرای خۆی بۆ ئیسرائیل نەشاردەوە لە لێدانەکانی دژی بریکارەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ١ی ئۆکتۆبەردا، ترامپ لە وتارێکدا وتی: “پێویستە ئیسرائیل سەرەتا هێرشی ئەتۆمی ئێرانی بکات، ئینجا دواتر پێگەکانی دیکە بێت”.
بێگومان لەبیرمانە کە چۆن ترامپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ئەمریکای لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە، دواتر چۆن ئیدارەی بایدن هەوڵیدا ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە بەبێ ئەوەی سەرکەوتنی بەرجەستە بەدەستبهێنێت. بەڵکو بەپێی ماڵپەڕێکی هەواڵی حکوومەتی ئێران، ئێران ئۆنلاین، پیتاندنی ئەتۆمی ئێران لە سەدا 3.67 لە سەرەتای خولی ئیدارەی بایدن، ئەمڕۆ بۆ 60% بەرزبووەتەوە. ترامپ نەرم و نیان نابێت لە ڕێگەدان بە ئێران بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئەو ڕادەیەی بتوانێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
ماوەی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە هەواڵی پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترامپ تێکچووە، ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتبارکردنی سێ کەسی ڕاگەیاند بەهۆی تێوەگلانیان لە پیلانێک کە وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو بە فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران،لە کاتێکدا ئێران بەرپرسیارێتی ئەو پیلانەی ڕەتکردەوە، ترامپ لە مانگی ئەیلولدا لە ماڵپەڕی ئێکس پۆستێکی کردبوو، “لە ئێرانەوە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ژیانم هەیە... ئێران پێشتر جوڵەیەکی کردووە کە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام هەوڵی دووبارە دەدەنەوە”. ئاشکرایە کە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو قبوڵ ناکات کاتەکانی لە پۆستەکەیدا بەسەر ببات، نیگەرانە لە هەوڵێکی نوێی ئێران بۆ تیرۆرکردنی
ڕەنگە هەڵبژاردنی زۆرێک لە دژە ئێرانییەکان لەلایەن ترامپەوە بۆ داگیرکردنی پۆستە سەرەکییە سیاسی و ئەمنییەکان و بەرگرییەکان لە ئیدارەی داهاتوویدا ئاماژە بێت بۆ ئەوەی واشنتۆن وا دیارە بەرەو زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر تاران هەنگاو دەنێت.
ترامپ، مارکۆ ڕوبیۆی وەک وەزیری دەرەوە هەڵبژارد، ڕوبیۆ پشتیوانێکی گشتی بوو بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها لە هەڵمەتی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا لە لوبنان. دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمدا، تویتێکی لە ماڵپەڕی "X" بڵاوکردەوە و تیایدا وتی: ئیسرائیل دەبێت وەڵامی ئێران بداتەوە بەو شێوەیەی کە ئەمریکا وەڵامی دەداتەوە ئەگەر وڵاتێک 180 مووشەکمان ئاراستە بکات
بە هەمان شێوە، هەڵبژێردراوی ترامپ وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، مایک واڵتز، پۆستێکی بڵاوکردەوە کە پشتگیری لە هێرشی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمدا و لەسەر ئێکس نووسی: شایەنی باسە ئەوەی کە نەکراوەتە ئامانج (هێشتا) ." لە ئێران: 1. دوورگەی خەرک، کە لە ڕێگەیەوە 80%ی نەوتی ئێران هەناردە دەکرێت (بەڵام بە ئامانجگرتنی ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تەنها پێش هەڵبژاردن. 2. دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، کە 200 میل لە تارانەوە دوورە، کە... بایدن بە ئاشکرا ڕایگەیاند).
لە لێدوانەکانی دیکەدا والتز ڕایگەیاندووە کە لاوازی ئیدارەی بایدن ئەوەیە کە هانی ئێرانی داوە پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی ترامپ دابڕێژێت. لێدوانەکانی واڵتز دەنگدانەوەی لێدوانەکانی جۆن ڕاتکلیفە، کە ترامپ هەڵبژێردرابوو بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە دەرکەوتنێکیدا لە کەناڵی فۆکس نیوز لە مانگی نیساندا، ڕاتکلیف ئیدارەی بایدنی بە هۆکاری زنجیرەیەک هەڵە زانی کە بە وتەی خۆی ئێرانی بوێرە.
هەروەها پیتەر هێگسێت کە ترامپ بۆ ئەوەی وەک وەزیری بەرگری هەڵیبژارد، باسی لە گرنگی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران کرد. هێگسێت، لە دەرکەوتنێکیدا لە کەناڵی فۆکس نیوز لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ڕژێمی ئێرانی لەگەڵ داعش یەکسان کرد و وتی: “هەردووکیان تیرۆریزم هەناردە دەکەن” و ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەیگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان، بەڵام لە پێگەیەکی لاوازتردا زۆر. لەکۆمێنتەکەیدا وتی: چ کاتێکی باشتر لە ئێستا بڵێین: ئێمە دەستمان بە ژماردنەوەی پاشەکشە کردووە، هەفتەیەکتان هەیە، ماوەیەکی دیاریکراوتان هەیە پێش ئەوەی دەست بکەین بە لەناوبردنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزەتان ئێمە ژێرخانی سەرەکیتان لەناو دەبەین، ئێمە دەیکەین شوێنی مووشەکەکانتان نەهێڵن، ئێمە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ئەتۆمی لەناو دەبەین”.
ڕێگای چاوەڕوانکراو
ترامپ، ڕوبیۆ، واڵتز، ڕاتکلیف و هێگسێت لەسەر پێویستی زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ئێران هاوڕان و پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەمە ئەگەری زۆرترین ڕێڕەوی کارکردن دەبێت. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئەم فشارە بە وردی چ فۆرمێک دەگرێتەبەر. لێدوانەکانیان لە پشتیوانیکردن لە هەنگاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەست پێدەکات تا دەگاتە داوای ئەگەری دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، لەکاتێکدا ترەمپ خۆی هەروا وریایە لە ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ململانێیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەڵام شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ بریکارەکانی تاران و هێرشەکانی بۆ سەر خاکی ئێران، لاوازییەکانی هەم لە ئێران و هەم لە بریکارەکانیدا ئاشکرا کردووە، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی بیرمەندانە بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و بریکارەکانی.
هەروەها پێدەچێت ئەمریکا پاڵ بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیەوە بنێت بۆ چالاککردنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش بە واتای دووبارە سەپاندنەوەی ئەو سزایانە دێت کە بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگیرابوون. پێشبینی دەکرێت باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەلیس ستیفانیک کە پشتیوانی لە سیاسەتی زۆرترین فشار دەکات، کار بکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی ئەوروپا بۆ ئەم ڕێبازە، ئەمەش بە واتای دووبارە سەپاندنی سزاکان و گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆ چوارگۆشەی یەک، کە ئەمەش پێویستی بە گەڕاندنەوەی هەموو ئەو سزایانەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵوەشاندبووەوە. هەرچەندە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا تا ئێستا دژایەتی "ئەو میکانیزمەن، بەڵام هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ڕەنگە هاندەری ئەوروپا بێت بۆ گۆڕینی هەڵوێستی خۆی.
پێشهاتێکی دیکەی ئەگەری ڕازیکردنی وڵاتانی ئەوروپایە بۆ پۆلێنکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. بۆ نموونە لە کاتێکدا شانشینی یەکگرتوو پێشتر ڕەتیکردۆتەوە ئەم هەنگاوە بنێت بۆ پاراستنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان، بەڵام ڕەنگە بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوەی نوێی وڵاتەکەی، دەیڤید لامی، کە لەم دواییانەدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنە دەربڕی.
والتز لە مێژە بانگەشە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی ئەورووپایی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە ئێران دەکات. دوابەدوای تیرۆرکردنی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ستایشی کارەکانی ترەمپی کرد و داوای لە هاوپەیمانانی ئەوروپی کرد کە بەشداری هەوڵەکانی ئەمریکا بکەن بۆ فشارخستنە سەر ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
بەم شێوەیە ڕێگای ئەگەری بەرەو پێشەوە وەشانێکی پەرەسەندووتر دەبێت لە سیاسەتی زۆرترین فشار کە ئیدارەی یەکەمی ترەمپ پەیڕەوی لێکرد، بەڵام ئەمجارەیان بە پشتیوانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی فراوانتر و تیمێکی بەهێزکراوی ئەمریکا لە داڕێژەرانی سیاسەت کە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی.
(*) وەرگێرانی: شێرکۆ حەبیب