پەیامى غەفوور مەخموورى سەبارەت بە موشەکبارانکردنى بنکەو بارەگاکانى حیزبەكانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن كۆماري ئيسلامي ئێران

پەیامى غەفوور مەخموورى سەبارەت بە موشەکبارانکردنى بنکەو بارەگاکانى حیزبەكانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن كۆماري ئيسلامي ئێران

- جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان ...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
- بنەماڵەو کەس و کارى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە؛ رێکەوتى 28 / 9 / 2022 ، جارێکى دیکە بنکەو بارەگاکانى حیزبە کوردستانییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە باشوورى كوردستان کەوتنەوە بەر پەلاماری هێزه‌كاني كۆمارى ئيسلامي ئێران و، بنکەو بارەگاکانى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە کۆیە و بارەگاى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستان لە زڕگوێزو بارەگاى پارتى ئازادى کوردستان لە شێراوە کرانە ئامانج و موشەکباران کران، لە ئەنجامى ئەو هێرشە  كۆماري ئيسلامي ئێران چەند پیشمەرگەیەک و چەند هاوڵاتییەکى سڤیل شەهیدو بریندار بوون، ئەو هێرشي ئێران بۆ سەر باشوورى کوردستان و حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان تاوانێکە دژ بە تەواوى گەلى کوردستان و مرۆڤایەتی، زۆر بە توندى ئیدانەو مەحکوومى ئەو هێرش و کردەوە كۆماري ئيسلامي ئێران دەکەین و رەتیدەکەینەوه.
بە ئامانج گرتنى بنکەو بارەگاکانى حیزبە کوردستانییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن كۆماري ئيسلامي ئێران لەم کاتە ناسکەدا، کە تەواوى عێراق و ناوچەکەو جیهانیش لە رەوشێکى ئاڵۆزدان، هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنى رەوشى سیاسيى کوردستان و عێراق، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان ئەو هێرش و پەلامارانەى ئێران ئيدانه‌ بكه‌ين، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بکەین سەبارەت بەو هێرشە كۆماري ئيسلامي ئێران هەڵوێست وەربگرن و بێدەنگ نەمێنن، هەروەها لەسەر حکومەتى عێراقیشە چیتر بێدەنگ نەمێنێت کەوا رۆژانە خاک و ئاسمان و ئاوى عێراق پێشێل دەکرێت، ئەمەش وایکردووە عێراق هیچ سەروەرییەکى نەمێنێت و ببێتە وڵاتێکى بێ سەروەرى، لەسەر ئێمەى هێزە کوردستانییەکانیشە کەوا کار بۆ یەکدەنگى و یەکڕیزى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکەین، یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەبێتە باشترین وەڵام بۆ ناحەزانى کوردستان، لێرەوە پرسەو سەرەخۆشى گەرمى خۆمان ئاستەى بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدەکان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین و، لەهەمان کاتدا هیواى زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
- سەرکەوێ خواستى رەواى گەلى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهیدانى کوردستان.

غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
28 / 9 / 2022

Top