ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     بۆ ڕێگرتن لە لافاو بە چوار هەفتە سەرجەم ئاوەڕۆكان پاك دەكرێنەوە

ئەندازیار ئاری ئەحمەد  بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:        بۆ ڕێگرتن لە لافاو بە چوار هەفتە سەرجەم ئاوەڕۆكان پاك دەكرێنەوە

 

 

بایەخدان بە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و پڕۆژەكانی ئاوەڕۆ و زیادكردنی داهاتی ئاو و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان.

 

* هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری بایەخدان بە سێكتەری ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ وەك لە كارنامەكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان ڕاگەیاندرا، لە ڕێزبەندی گرنگیپێدانی ژمارە یەكدا دانراوە، هاوكات هەموو ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانەی كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، ڕاستەوخۆ ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاودێریی وردی كردوون، بە تایبەتی لە كێشەی كەمئاوی و دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، هەر بۆیە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە هەردوو بواری ئاو و ئاوەڕۆدا خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە شێوەیەكی گشتی پڕۆژەكان دەتوانین بكەین بە دوو بەش، بەشی یەكەم: ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی ئاوی خواردنەوەیە، كە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ڕاوەستابوون، وەك (پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی (51) گوندی بارزان و ئاكرێ و پیرمام و دەوروبەری و دەربەندیخان و دەربەندی ڕانیە)، بەڵام ئێستا كاركردن لە پڕۆژەی ئاوی پیرمام و دەوروبەری دەستی پێ كردووەتەوە، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بودجە بۆ جێبەجێكردنی دابین كراوە، بە شێوەی مانگانە پارە بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار خەرج دەكرێت و، تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە 50%ی تەواو بووە، هەروەها پڕۆژەی ئاوی دەربەندی ڕانیە بەشێكی زۆری گرفتەكانی لە ڕووی تەكنیكی بە بڕی 600 هەزار دۆلار چارەسەر كراون، چوار ملیۆن دۆلاریش بۆ تەواوكردنی دابین كراوە. پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان لە پلانی ساڵی 2022 بودجەی بۆ دابین كراوە، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا كاركردن تێیدا دەست پێ دەكات، و پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ هەرچەندە كاركردن تێیدا بەردەوام بوو، بەڵام زۆر بە سستی بەڕێوە دەچوو، ئێستا بوددجەی بۆ دابین كراوە و گرفتە تەكنیكییەكانی چارەسەركراون و، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا كاركردن تێیدا دەست پێ دەكاتەوە. بەشی دووەم: ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەن كە ڕاگەیاندراون، وەك پڕژەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوەی (گۆپتەپە–چەمچەماڵ) كە بڕی 70 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، كە پێش كۆتایی مانگی 10ی ساڵی 2022 پڕۆژەكە دەچێتە قوناغی تەندەرینەوە. هاوكات چەند پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆمان بۆ شاری هەولێر هەیە، بۆ ئەو شوێنانەی كە ئاویان تێدا كۆ دەبێتەوە و هۆكارن بۆ زیادبوونی لافاو، كە ئەم پڕۆژانەش بڕی 36ملیار دیناریان بۆ دابین كراوە، ئەوەش وەك قۆناغی یەكەم (8ملیار و 600ملیۆن) دیناری بۆ دانراوە، كە ئەو قۆناغەش بۆ چارەسەركردنی ئاوەڕۆی ئەو شوێنانەیە كە لەسەر شەقامی 150و شەقامی پیرمام ئاویان تێدا كۆ دەبێتەوە، چەند ڕۆژێكە كاركردن لەو قۆناغەدا دەستی پێ كردووە و، پڕۆژەیەكی دیكە كە زۆر گرنگ و ستراتیژییە، گۆڕین و چارەسەركردنی بۆڕیی پڕۆژەی ئیفراز سێیە، كە لەلایەن سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر درا و بڕی نزیكەی 21 ملیار دیناریشی بۆ تەرخان كراوە، كە وەك قۆناغی یەكەم كە درێژی بۆڕییەكەی كاری گۆڕین و چارەسەری بۆ دەكرێت (2750مەترە) كە بڕی ( 5 ملیار و نیو) دیناری بۆ دانراوە. بە هەمان شێوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئیفراز چوار لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كە كۆمپانیای (بای وەتەر)ی بەریتانییە كە گرێبەستی ئەنجام داوە، لە گفتوگۆداین، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییە بۆ ماوەی چەندین ساڵی دیكە هەولێر لە بەرفرەوانبووندابێت كێشە و گرفتی كەمئاوی نابێت. هاوكات پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورسی شاری هەولێرمان هەیە، كە كۆمپانیای جایكای یابانی بە قەرزی درێژخایەن ئەنجامی دەدات، ئەو پڕۆژەیەش لە قۆناغی تەندەریندایەو پڕۆژەكە بە هەشت قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، كە ئێستا قۆناغی یەكەم كە یەك لەسەر هەشتی پڕۆژەكەیە چووە تەبواری جێبەجێكردن و، ڕۆژانە 105 مەتر سیجا ئاوەڕۆی قورسی ماڵان وەردەگرێت، بەم پڕۆژەیەش سیستمی ئاوەڕۆی شاری هەولێر گۆڕانكاریی تەواوی بەسەردا دێت، كە سیستمی ئاوەڕۆی ئاوی باران و ئاوی قورسی ماڵان لێك جیا دەكاتەوە.

* پایتەختی هەرێمی كوردستان و شارە گەورەكانی دیكەی هەرێم وەك سلێمانی و دهۆكیش بە شێوەیەكی زۆر خێرا بەرفرەوان دەبن، ئایا بۆ كۆنتڕۆڵكردن و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆیان چ بەرنامە و پلانتان هەیە؟

- بە دڵنیایەوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەینیتە هەر شوێنێك و كارەكان ئەنجام درێت، بەتایبەت بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، كە یەكێكە لە خزمەتگوزارییە سەرەكی و گرنگ و پێویستییەكانی ڕۆژانەی خەڵك، ئەوا دەبێت بەرنامە و پلانت هەبێت، پلانەكانی پڕۆژەی ئاویش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بە سەر دوو تەوەر دابەش كراون، یەكەم پلانی پڕۆژەكان: ئەوە پلانی كورتخایەنە. دووەم پلان: پلانی درێژخایەنە كە بۆ پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانە و، لە پڕۆژە ستراتیژییەكاندا لە سێكتەری ئاودا ئێستا 11 پڕۆژەمان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، كە بۆ ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە داوای بودجەمان كردووە، هەر كاتێك بودجەیان بۆ دابین كرا، ئەوە بە پێی پێویستی دەست بە ئەنجامدانیان دەكرێت، ئەوەی پەیوەست بێت بە پڕۆژەكانی ئاوەوە، ئەوا وەك ستراتیژییەت لەلایەن حكومەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆوە بە تەواوی كار لەسەر ئەوە دەكەین كە سەرچاوەكانمان بگۆڕین لە سوودوەرگرتن لە ئاوی ژێر زەوی بۆ سەرچاوەكانی ئاوی سەر زەوی، هاوكات ئێستا 16 پڕۆژەی ئاوەڕۆش لە پلانی ستراتیژیمان بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو شوێن و شارانەی كە ڕاستەوخۆ كەوتوونەتە سەر ڕووبارەكان، یان بە هۆی گەورەیی و بەرفراوانییانەوە ئاوی زۆری ئاوەڕۆیان هەیە، كە وادەكات هەم ژێرخان و هەم سەرخانی ژینگەیی پیس بكات. هەروەها لە پلانی كورتخایەندا زیاتر لە 350 پڕۆژەمان لە بەرنامە و پلاندا هەیە، كە ئەو پڕۆژانە بەردەوام پێویستیان بەوە هەیە كاریان لەسەر بكرێت و ئەبدەیت بكرێنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو شوێن و گەڕەكانەی كە تازە ئاوەدان دەكرێنەوە، یان ئەو شوێن وگەڕەكانەی كە لە جۆری ستوونین لە بری ئاسوویی، كە دەبێت تۆڕی ئاوی خواردنەوەكان بەهێزتر و گەورەتر و بەرفراوانتر و ئەبدەیت بكرێنەوە، تاوەكو بتوانرێت ئەو خزمەتگوزارییانە بە پێی پێویست بۆیان دابین بكرێت، كە لە ڕاستیدا ئەو گەڕەكە تازە و ئەو هەموو یەكە نیشتەجێیانە، بەتایبەتی ئەو ژمارە زۆرەی یەكەی ستوونی لە شارەكاندا، بەتایبەتتر لە شارێكی وەك هەولێر بارێكی زۆر قورسی لەسەر تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە دروست كردووە.

* ئاوەڕۆكان هاوكارییەكی زۆری كەمكردنەوەی لافاو دەكات، ئایا ئەو پڕۆژانەی هەیە لەلایەنی ئاوەڕۆوە، تاچەند ستراتیژین بۆ كەمكردنەوەی لافاو و، لەو بارەوە چ پڕۆژەیەكتان لە بەرنامەدا هەیە؟

- لە لایەنی ئاوەڕۆوە دوو شتی كاریگەر و گرنگ هەیە، كە یەكەمیان: تۆڕەكانی ئاوەڕۆیە. دووەم: وێستەگەكانی ڕیسایكلین و پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆیەكانە. لە لایەنی وێستگەكانی پاككردنەوەی ئاوەڕۆی ماڵان 16 پڕۆژەمان هەیە، كە لە پلانی ستراتیژیدا دانراون، بۆ تۆڕەی ئاوەڕۆكان بە شێوەیەكی بەردەوام و ساڵانە لە پلانی كورتخایەندا دانراون و، بەشێكی زۆریش لە تۆڕی ئاوەڕۆكان لە پلانی ستراتیژیش دانراون، كە كاریان لەسەر بكرێت، بە تایبەت كەندە سرووشتییەكان كاریان لەسەر كراوە، كە بە دیزاینی گونجاو و زانستی ئاوەڕۆیان بۆ بكرێت و بە گشتی ئەو كەندە سرووشتییانەی هەیە، كەوتوونەتە ناو بەرفراوانیی شار و دوروبەری شار، یان نزیك شارەكان، كاریان بۆ بكرێت، مەرج نییە بە شێوەی ئاوەڕۆ بێت، بەڵكو بەشێوەی چەنەڵی كراوە كاریان لەسەر بكرێت، تاوەكو نەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ئاو و ڕوودانی لافاو، یان كەمكردنەوەی كاریگەریی ئاوەكانیان لەسەر دروستبوونی لافاو لە شارەكاندا. لەلایەكی دیكەوە تۆڕی ئاوەڕۆكانی ناو گەڕەك و ماڵان بەردەوام كاریان لەسەر دەكرێت بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی هەیانبێت، یان لە هەر گەڕەك و شوێنێكی ئاوەدانی و نیشتەجێبووندا پێش ئەوەی كاركردن لە شەقام و كۆڵانەكان بكرێت، ئەوە لە لایان بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی شارەكان و شارەوانییەوە تۆڕی ئاوەڕۆیان بە شێوەی پێویست بۆ جێبەجێ دەكرێت.

* ئایا پێش هاتنی وەرزی زستان و بارانبارین، هەڵمەتی پاككردنەوەی ئاوەڕۆ و چەمبەر و كەندەكان ئەنجام دەدرێت، چونكە بە هۆی زۆر هۆكار و پابەندنەبوونی هاووڵاتی بۆ پاراستنی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ، زبڵ و خاشاكیان تێدا كۆ دەبێتەوە؟

- ئەمساڵ لە دوای فەرمانی جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، هەڵمەتێكی سەرتاسەری لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاككردنەوەی ئاوەڕۆكان بە هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆیەكان و، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شارەكان لە سنوورەكانی خۆیان بۆ ماوەی چوار هەفتەیە دەستیان پێ كردووە، ئەو هەڵمەتەش لەو كاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێش بارانبارین ئاوەڕۆ و تۆڕەكانیان لە زبڵ و خاشاك پاك بكرێتەوە، و ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت جگە لە تۆڕەكانی ئاوەڕۆ، چەمبەر و وەرگری ئاوەڕۆیەكانیش هەر كەموكووڕییەكیان هەبێت، چارەسەر دەكرێن، بۆ ئەوەی ئاوەڕۆیەكان بە بێ كێشە كار بكەن و نەبنە هۆكاری كۆبوونەوەی ئاو، بەتایبەت بۆ ڕزگاربوون لە ئاوەی بارانبارین. لە ڕێگای ئەو كار و هەڵمەتانەی بۆ پاككردنەوە و چارەسەری كێشە و گرفتی تۆڕەكانی ئاوەڕۆوە دەتوانین خۆمان بپارێزین و نەهێلین لافاو دروست بێت، لەلایەكی دیكەوە ئەو هەڵمەتی پاككردنەوەیە كەند و كەناڵەكانی ئاویش دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لە شار و شارۆچكەكان، تاوەكو ڕووبەڕووی لافاو نەبینەوە، یان كاریگەریی زیادبوونی ئاو ئەگەر دروستیش ببێت، كەمتر بێت.

* لە كابینەی نۆیەمدا داهاتی ئاو تا چەند زیادی كردووە و لەمەودوا ڕێنمایی و میكانزمی كۆكردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان چۆن دەبێت؟

- پارەی ئاوی ماڵان بەپێی ڕێنمایی ژمارە(1) ساڵی 2018 و هەمواری ڕێنماییەكە كە لە ساڵی 2021 ئەنجام درا، وەرگیراوە، ساڵ لە دوای ساڵ داهاتی ئاومان زیادی كردووە، بۆ نموونە لە كاتێكدا بەراوردی داهاتی ساڵی 2021 بە ساڵی 2020بكەین ئەوە داهاتەكە 10% زیادی كردوە و، ساڵی 2021 داهاتی تەواوی سێكتەری ئاو لە 42 ملیار زیاتر بووە و، ئەمساڵ 2022 تا مانگی 8 داهاتی ئاو بەگشتی 38 ملیار دینار بووە و، تا كۆتایی ساڵ پێشبینیی ئێمە ئەوەیە كە داهاتەكە دەگاتە (50تا54) ملیار دینار، بەم جۆرەش داهاتی ئاو 25% تا 26% لە چاو ساڵی ڕابردوو زیاد دەكات، ئەمەش لە ئەنجامی پەرەپێدانی باشتر و گونجاوتركردنی ئەو میكانزمەیە كە بۆ وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵان پەیڕەو كراوە. لەلایەكی دیكەوە زیادبوونی داهاتەكە لە ئەمساڵدا بۆ قەرزی پێشوو دەگەڕێتەوەكە 15%یش خۆشبوونی بۆ هاووڵاتیان لەخۆ گرتبوو، بەڵام لە21/9/2022 ئەو لێخۆشبوونە كە 15%بوو نەماوە، لەلایەكی دیكەوە ئەو هاووڵاتیانەی لە ماڵەكانیان پێوەری ئاویان نەبەستووە تا 20/12/2022 ماوەیان لەپێشە كە پێوەرێك ببەستن، لەو كاتەدا ئەو هەشتا هەزاری كە بۆ هەر ماڵێك لە ناو شار دانرابوو بۆ هەر مانگێك لەو مانگانەی كە قەرزارن دەبێتە 20 هەزار و، لە قەزا و ناحیەكانیش دەبێتە 10 هەزار دینار، چونكە لێخۆشبوونی 75% دەیانگرێتەوە.

Top