هـەڵـگـورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمدا سۆران دەبووژێتەوە و دەبێتە دەڤەرێكی گرنگی گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی
سۆران لە ماوەی ساڵێكدا گۆڕانكاریی گەورە و فراوانی بەخۆیەوە بینیوە، كەرتەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵ و پیشەسازی تێیدا ڕوو لە بووژانەوە كردووە، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترین پرۆژەكان و ئەو جووڵە بازرگانی و گەشتیارییە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.
* بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ لە كابینەی نۆیەمدا دیارییەكی گرنگی سەرۆك بارزانی بوو بۆ ئەو ناوچەیە، لەلایەن حكومەتیشەوە بایەخ بە ئیدارەی سۆران دراوە، ئایا لەو كاتەوەی سۆران بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، گرنگترینی ئەو پڕۆژانە چین كە دەستان پێ كردووە؟
- لە بیرمە ساڵێك لەمەوبەر لە دیدارێكی گۆڤارەكەتاندا باسی كاروانی ئاوەدانی و پرۆژەكانم كرد و، ئاماژەم بەوەدا لە ماوەی ساڵێكدا بەرهەمی ئەو پڕۆژە و كار و گۆڕانكارییانە دەردەكەوێت، كە لە دەڤەری سۆران جێبەجێ دەكرێن، لە 28ی تەمووزی ساڵی 2021 ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان موژدەی دیاریی سەرۆك بارزانی بە دەڤەرەكە ڕاگەیاند و، بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە بە هەموو پێوەرەكان بڕیارێكە بۆ خزمەتی زیاتری خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری سۆران و سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەكانی ئەم دەڤەرە، تەنانەت لە ڕووی كەمكردنەوەی قورسایی لەسەر دامودەزگاكانی پارێزگای هەولێریش سوودی هەبوو، لە 7/8/2021 بەندە وەكو سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ڕاسپێردرام، ئەو دەمە كۆمەڵێك گرفت و ئاستەنگی گەورە لە بەردەم كاروانی ئاوەدانی و ئارامی و ڕاستكردنەوەی كەموكورتی و زێدەڕۆیی و ڕۆتیندا هەبوو، ئیرادە و پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای كرد، پێش هاتنی وەرزی زستان زۆرترین پڕۆژە بە كوالێتیی بەرز و لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی چڕ و ورددا بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، لەمەشدا دادپەروەریمان لە نێوان قەزاو ناحیە و گوندەكاندا پەیڕەو كرد، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دامەزراندنی حەوت بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گرنگ و هەستیار و، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سۆرانی دەركرد، تەنانەت هەر لە دەستپێكی كارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێز سەرۆك وەزیران، وەزیرە بەڕێزەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد كار و پڕۆژە لەم دەڤەرە بكەن و بودجەیەكیش بۆ سۆران تەرخان كرا، وەبەرهێنان بووژایەوە و چەندین پڕۆژەی كارەبا و شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگەوبان ئەنجام دران و، دیاردەی چەكداری و تاوان و زێدەڕۆیی تا ئاستیێكی باش و بەرز بنبڕ كراوە، گرنگییەكی زۆر بە كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و وەرزش و هونەری و لاوانیش درا، ڕێژەیەكی زۆر گەشتیاریش ڕوویان لە ناوچەكەمان كرد و كار و كاسبی تا ڕاددەیەكی باش بووژایەوە.
خۆ ئەگەر بەراوردی سۆران بكرێت بە ناوچەكانی دیكە، بە ئاشكرا ئەو گۆڕانكاری و فراوانبوونە دەبینرێت، ڕاسپاردە و ڕێنمایی و بەدواداچوونەكانی خودی سەرۆك وەزیرانە وای كردووە كە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بین و ڕۆتین كەم بووەتەوە، بە پاڵپشتیی خەڵكە دڵسۆزەكەی ئاوەدانی ببووژێنینەوە و هەلی كار بۆ گەنجان دابین كرا، بەتایبەتی لە هەرسێ بواری ئاوەدانی و كشتوكاڵ و گەشتیاریدا. ئەوەتا مانگانە بەردی بناغەی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی دادەنرێت و دەكرێتەوە، لەمەش گرنگتر چاودێری و بەدواداچوونێكی جددی دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە كات و بەرواری خۆیدا، بۆ نموونە سۆران یەك هێڵی كۆنی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرزی هەبوو، لە ئێستادا بووە بە دوو هێڵ و، چەندین وێستگەی گەورە و بچووك و مۆبایل و هێڵی دیكەی كارەبای بۆ دانراوە و لە كاتی خۆیدا تەواو كراون، تەنیا لە چۆمان لە هەفتەی ڕابردوودا بەردی بناغەی 16 پڕۆژەمان دانا، وابزانم دانانی بەردی بناغەی دوو سایدی سپیلك- خەلیفان لەلایەن سەرۆكی حكومەت و بەسەركردنەوەی چەند شوێنێكی دیكەی پڕۆژە، نموونەی دیكەی هەنگاوەكانی حكومەتە لەم دەڤەرە. لە بواری نیشتەجێبوونەوە لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبووانەی بۆ كرێنشینان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە جێبەجێ دەكرێت، 2700 یەكەی نیشتەجێبوون بەر سۆران كەوتووە و، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە توێژی كەمدەرامەت و كرێچیان سوودمەند دەبن و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی كێشەی نیشتەجێبوونیش دەبێت. بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و كەمئاوی بەم نزیكانە دیزاین و پرۆپۆزەڵی دروستكردنی چەندین بەنداو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە كەرتی تەندروستیشدا نەخۆشخانەی سیدەكان دەستی بە كاركردن كردەوە و ئەم كەرتەمان بە شێوەی سیستەمی ئەلەكترۆنی ڕێك خستەوە و لە بوارەكانی پەروەردە و ڕۆشنبیری و هونەری و لاوانیشدا بەردەوام كار و چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت. لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو پڕۆژانەی بڕی یەك ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە و بە فەرمی ڕایدەگەیەنین، پڕۆژەكانمان هەموو سێكتەرەكان لە خۆ دەگرێت (ئاو، كارەبا، ڕێگاوبان، تەندروستی، پەروەردە و...هتد). بەمەش ئیدارەی سۆران پێشڕەو بووە لە دابەشكردنی بودجە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە گوند و شار و شارۆچكەكانی سنووری ئیدارەی سۆران.
* ئەگەر كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان هەبێت، ئایا تا چ ڕاددەیەك لێپرسینەوە هەیە؟
- خۆمان شەرمەزاری هاووڵاتیان ناكەین و لە ئەگەری بوونی هەر كەمتەرخەمییەك لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا لە هیچ بەڵێندەرێك چاوپۆشی ناكەین، هەر بەڵێندەرێكیش تا پڕۆژەكەی بە تەواوی و بێ كێشە جێبەجێ نەكات، پڕۆژەی دیكەی پێ نادرێت، ئەوەتا ڕۆژانە سەردانی پڕۆژەكان دەكەین، توانیومانە تا ئێستا لە 50%ی پڕۆژەكان بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.
* دەروازەی حاجی ئۆمەران كە دەروازەیەكی گرنگی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بایەخێكی گرنگی بۆ كاروكاسبی و بارزگانی لەو دەڤەرە هەیە، بەڵام هەست دەكرێت لە ڕووی ڕێگەوبانەوە ڕێگاكانی باش نین و گرفت بۆ بازرگانان دروست دەكات، ئایا چارەسەرێكتان بۆ ئەم پرسە گرنگە لە بەرنامەدا هەیە؟
- هەڵكەوتەی سۆران لە ڕووی بازرگانی و ڕێگەوبانەوە زۆر ستراتیژییە، سنوورەكانمان بەسەر دوو وڵاتی ئێران و توركیادا دەڕوانێت، تا دێت ئاستی جموجووڵی بازرگانی زیاتر دەبێت، كاری جددی دەكەین بۆ كردنەوەی دەروازەی بازرگانیی زیاتر و كردنەوەی سەنتەری بازرگانی لە ناوچەكەماندا، لە پێناو زیادكردنی بازرگانی لەگەڵ شارەكانی كوردستان و عێراقدا، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە ئەم دەڤەرە كە تا ساڵی نەوەدەكان ناوچەی شەڕ و وێرانی بووە، ناوچەی شاخاوی، سەرما و لافاو خێراتر ڕێگاوبانەكانی تێك دەدات، هەر بۆیە لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەردەوام لەسەر هێڵم، بۆ جێبەجێكردنی زۆرترین پڕۆژەی ڕێگاوبان، بەتایبەتی پڕۆژەی بە دووسایدكردنی حاجی ئۆمەران – چۆمان، كە لەگەڵ كۆمپانیاكە ڕێككەوتووین بە شێوەیەكی خێراتر پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، هەروەها لە ناو چۆمانیش چەندین گەڕەك و شەقامی سەرەكی قیرتاو دەكرێن، لەلایەكی دیكەوە دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی نێوان سپیلك خەلیفان، بەڵگەیەكی دیارە بۆ گرنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێگاوبانەكان، بە دووسایدكردنی ڕێگای نێوان سپیلك –خەلیفان، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە قەرەباڵخی كەم دەكاتەوە و بزاڤی بازرگانی و گەشتیارییش زیاتر دەكات، تەرخانكردنی زیاتر لە 64 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیشانەی خەمخۆریی بەڕێزیانە بۆ گرنگیدان بە سێكتەرە جیاوازەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. لەماوەی ئەم كابینەیەدا چەندین ڕێگاوبان نۆژەن كرانەوە و چەندینی دیكە ئاوەدان كرانەوە، لە چۆمان و حاجی ئۆمەران كۆمەڵێك پڕۆژەی زۆر بەردی بناغەیان بۆ دانراوە و چەندین پڕۆژە و كاری دیكەی تایبەت بە ڕێگەوبان لە پلان و بەرنامەدایە و، پێش هاتنی وەرزی سەرما و بارانبارین بە شێوەیەكی خێرا جێبەجێ دەكەین و چاودێرییەكی توندیشی دەكەین، بۆ ئەوەی بە كوالێتیی بەرز تەواو ببێت، بە خۆشحاڵییەوە ڕیش سپی و پیاو ماقووڵان و خەڵكی چۆمان پاڵپشتی باشی پڕۆژەكانی خزمەتگوزارین.
* زانكۆی سۆران یەكێكە لە دامەزراوە باڵاكانی خوێندن لەو دەڤەرە و لە ماوەیەكی كورتدا توانی لەسەر ئاستی زانستی ببێتە یەكێك لە زانكۆ دیارەكانی كوردستان و، كەمپی زانكۆكەش لە بناری ئەو چیایەدا هێندەی دیكەی دیمەنی سۆرانی ڕازاندووەتەوە، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت كەمپەكە هێشتا تەواو نەبووە و، تەنیا چەند كۆلێژێك لەو كەمپە دەوام دەكەن، سەرۆكایەتیی زانكۆ و چەند كۆلێژێك هێشتا لە دەرەوەن، ئایا لە بەرنامەدا هەیە كەمپی زانكۆی سۆران تەواو بكرێت؟
- پشتگیریی تەواوی زانكۆی سۆران دەكەین و ئاستی بەرزی زانستی تێیدا جێگای فەخر و شانازیی هەموو هاووڵاتیانە، ئێمە پێمان وایە ئیدارە و سەنتەرەكانی ئەكادیمی دوو دەزگای تەواوكاری یەكترن، بۆیە لە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكەماندا پرۆژە و كاریش بۆ فراوانكردنی كەمپەكە و زیادكردنی كۆلێژەكان دەكەین.
* دیمەنی دڵڕفێنی سۆران ئەوەیە كە لە ناو چیادایە و ئاوێكی باشیشی هەیە، بەڵام فراوانبوونی سۆران بەو شێوازەی ئێستا، پێویستی بەوەیە بەرەو جوندیان و لەملاشەوە بەرەو ڕێگەی میرگەسۆر فراوان بێت، ماستەرپلانتان بۆ فرانبوونی سۆران چییە و چی لە خۆی دەگرێت؟
- ماستەرپلانمان بەرەو فراوانبوونی سۆران هەیە، لە ماستەرپلاندا شەقام و ڕێگەوبان و قوتابخانە و خزمەتگوزاری و پڕۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان لەخۆ دەگرێت، بەڵام لێرەدا و لە ناوچەیەكی شاخاویدا گرفتی زەوی هەیە، بە خۆشحاڵییەوە بە بوونی هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانی و كشتوكاڵ زۆرترینی ئەو كێشە كەڵەكەبووانە چارەسەر دەكرێن.
* سۆران بووەتە دڵی پیشەسازیی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستاندا و بە دەیان هاوینەهەواری جوانی تێدا دروست كراوە، ماستەر پلانیشتان بۆ چەندین پڕۆژەی گەشتیاری هەیە، ئایا دەتانەوێت سۆران لە ڕووی گەشتیارییەوە چی لێ بكەن؟
- تیمێكی شارەزا لەلایەن جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێك هێنراوە بۆ دروستكردنی ماستەرپلانی گەشتیاری، گرفتی زێدەڕۆیی لەسەر ناوچە گەشتیارییەكانمان هەیە و وردە وردە هەموو ئەو كێشانەش بە پاڵپشتیی یاسا و ئەنجومەنی وەزیران چارەسەر دەكەین، بە شێوەیەكی گشتی ئامانجمان لە ماستەرپلان و وەبەرهێنان ڕاكێشانی گەشتیارە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەكە جیهان، گرنگییەكی زۆریش بە گەشتیاری هەرچوار وەرز دەدرێت. سۆران پێگەیەكی گرنگی گەشتیاریی لە ناوچەكەدا هەیە و بە ڕێژەی 80%ی گەشتیاری سنووری پارێزگای هەولێر پێك دەهێنێت، ڕێژەیەكی زۆری پرۆژەی وەبەرهێنانیش ڕووی لە دەڤەرەكەمان كردووە، ئامادەكارییش دەكەین بۆ ئەنجامدانی كۆنفڕانسێكی وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە پڕۆژەكانی گەشتیاری و پیشەسازی و بازرگانیدا.