ریفراندۆمی كوردستان وانه‌یه‌ك بوو بۆ بڕیاربه‌ده‌ستانی جیهان

ریفراندۆمی كوردستان وانه‌یه‌ك بوو بۆ بڕیاربه‌ده‌ستانی جیهان

ئه‌مڕۆ پێنج ساڵ به‌سه‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان تێده‌په‌ڕێت، كه‌ تیایدا نزیكه‌ی 92.7%ی به‌شداربوانی راپرسییه‌كه‌ به‌ "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌نگیاندا و جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێریش كه‌له‌گه‌ڵ دواخستنی پرۆسه‌كه‌بون داوایانكرد خه‌ڵك به‌ نه‌خێر ده‌نگبدات.
ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ 25-9-2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ڕێوه‌چو، له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی كرا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆمه‌وه‌ بڕیاری لێدرا كه‌ له‌ حه‌وتی مانگی حوزه‌یرانی 2017 ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێكهێنرا، زۆرینه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی كۆبونه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ رایانگه‌یاند، "كاتی ئه‌وه‌یه‌ گه‌لی كوردستان بڕیار له‌ چاره‌نوسی خۆی بدات".

له‌ 15ی ئه‌یلولی 2017 دا په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ به‌شداری هه‌ریه‌كه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی و یه‌كگرتو و شیوعی و سۆشیالیست كۆبوه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی 65 په‌رله‌مانتار كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم راسپارد، كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم راپرسی بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدات.

عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ دژایه‌تی خۆیان بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیی و له‌ رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه‌ هۆشدارییان ده‌دا له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌.
ئه‌مه‌ریكا به‌توندی دژی ڕیفراندۆمی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی
له‌ دیارترین ئه‌و وڵاتانه‌شی كه‌ دژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بو ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بو كه‌ له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، به‌ناوی وته‌بێژ "ھێزه‌ر ناوێرت" به‌یاننامه‌یه‌كی له‌ 20/9/2017ه‌ و پێش رۆژ پێش ئه‌نجامدانی گشتپرسی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به‌توندی دژی ڕیفراندۆمی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25 ئه‌یلول ئه‌نجام بدرێت.به‌ھه‌مان شێوه‌ ھه‌مو دراوسێكانی عێراق ھه‌روه‌ھا نزیكه‌ی ھه‌مو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش دژی ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ن. ئه‌مه‌ریكا ھانی سه‌ركرده‌ كورده‌ عێراقیه‌كان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌دیله‌كه‌ قبوڵ بكه‌ن، كه‌ بریتیه‌ له‌ دایه‌لۆگێكی جددی و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا، كه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ھاوشانه‌كانی تره‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، له‌سه‌ر ھه‌مو بابه‌ته‌كانی جێگه‌ی نیگه‌رانی به‌ په‌یوه‌ندی داھاتوی نێوان به‌غداد و ھه‌ولێریشه‌وه‌.
جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێر له‌ئێستادا راگه‌یه‌ندرا و دژایه‌تی خۆیان بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕی و له‌گه‌ڵ دواخستنی بون
له‌ ئاستی ناوخۆشدا "جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێر له‌ئێستادا" راگه‌یه‌ندرا و دژایه‌تی خۆیان بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕی و له‌گه‌ڵ دواخستنی بون، به‌ڵام ریفراندۆم له‌ واده‌ی خۆیدا و له‌ 25-9-2017 ئه‌نجامدراو نزیكه‌ی 92.7%ی به‌شداربوانی راپرسییه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی "ئایا ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆبن، یان له‌گه‌ڵ عێراق بمێننه‌وه‌؟" به‌ "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگیاندا.

به‌گوێره‌ی داتاكانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ 25ی ئه‌یلولی 2017 و له‌كاتی به‌ڕێوه‌چونی ریفراندۆمدا 400 چاودێریی نێوده‌وڵه‌تی و دو ھه‌زار چاودێری ناوخۆیی و 159 ده‌زگای راگه‌یاندنی بیانی له‌گه‌ڵ 500 ده‌زگای راگه‌یاندنی ناوخۆیی روماڵی پڕۆسه‌كه‌یان كرد، ھه‌روه‌ھا 23 ھه‌زار و 564 چاودێری كیانه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر سندوقه‌كان چاودێری پڕۆسه‌كه‌یان كرد.

به‌پێی ئاماره‌كانی‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، رێژه‌ی به‌شداری له‌ ریفراندۆم، سه‌دا 72.16 بو، له‌كۆی‌ چوار ملیۆن و 561 ھه‌زار و 255 كه‌س كه‌ مافی ده‌نگدانیان ھه‌بوه‌، سێ ملیۆن، و 305 ھه‌زار و 925 كه‌س به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كردوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێمی كوردستان، 497 ھه‌زار و 190 ده‌نگده‌ر به‌شداریانكردوه‌، ھه‌روه‌ھا، 98 ھه‌زار و 945 كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ به‌شداربون و ده‌نگیان داوه‌.

ئه‌مڕۆ دوای پێنج ساڵ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و راپرسییه‌، كه‌ دواتر زیانی گه‌وره‌ی به‌دوادا هات و بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سوپای عێراق به‌ چه‌ندین چه‌كی قورس هێرشبكاته‌ سه‌ر ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دابو، 51٪ی خاكی كوردستان بكه‌وێته‌وه‌ ده‌ست ئه‌و هێزانه‌ و به‌شێكی تا ئێستاش جگه‌ له‌ چه‌كدارانی داعش هیچ هێزێكی ئه‌منی پارێزگاری لێناكات.
خۆناچه‌مێنین

مه‌سعود بارزانی، له‌ 25ـی یٔه‌یلولی 2020 له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، له‌ یادی سێ ساڵه‌ی گشتپرسی خه‌ڵكی باشوری كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،"خۆناچه‌مێنین"
ریفراندۆم، تاپۆیه‌كی ره‌شه‌ هه‌ركاتێك بته‌وێت ده‌ریده‌هێنیت
له‌ئێستادا كه‌ پێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و گشتپرسییه‌دا تێده‌په‌ڕێت، به‌شێك له‌ چاودێرانی سیاسی و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دو بۆچونی جیاوازیان هه‌یه‌، هه‌ندێك به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی ناوی ده‌به‌ن و ده‌ڵێن ئه‌نجامدانی راپرسییه‌كه‌ زو بو كاته‌كه‌ی گونجاو نه‌بو، هه‌ندێكی له‌وانه‌ دیكه‌ ده‌ڵێت،"ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نها گوندێكیشمان له‌ كوردستان هه‌بێت حه‌قه‌ كارتی ڕیفراندۆم به‌كاربهێنین و ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نیین له‌یه‌ك گوندیشدا بێت لای ئێمه‌ گرنگه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ناوچه‌یه‌كمان له‌ده‌ست نیه‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانمان لێ دوره. ریفراندۆم، تاپۆیه‌كی ره‌شه‌ هه‌ركاتێك بته‌وێت ده‌ریده‌هێنیت و كاری پێ ده‌كه‌یت، چونكه‌ نه‌كه‌سێك ده‌توانێت له‌ناوی به‌رێت نه‌ به‌قسه‌ی كه‌س ده‌ڕوات.

دوای پێنج ساڵ له‌ ریفراندۆم، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا سه‌ركرده‌كانی داهاتو، ده‌توانن سود له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ریفراندۆمه‌ وه‌ربگرن و ژیرانه‌ له‌پێناو چه‌سپاندنی مافه‌كانی گه‌لی كورد به‌كاریبهێنن، یاخود ریفراندۆم ته‌نها له‌ مێژودا ده‌مێنێته‌وه‌ و نه‌وه‌ی داهاتو وه‌ك روداوێكی مێژویی پێی ئاشنا ده‌بێت؟ ئایا مێژو ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ریفراندۆمیان ده‌كرد ده‌كاته‌ پاڵه‌وان یاخود جوڵانه‌وه‌ی "نه‌خێر له‌ ئێستادا"، داهاتو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ و ده‌یان پرسیاری دیكه‌ ده‌داته‌وه‌.

 

Top