كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبا بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمدا بڕی 702 میگاوات كارەبا زیاد كراوە و بۆ زستانی ئەمساڵیش 500 میگاواتی زیاتر بەرهەم دەهێنین
پێوەری زیرەك یەكێكە لەو پرۆژە گرنگانەی وەزارەتی كارەبا كە پێش دوو ساڵ لەمەوبەر دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و لە ئێستادا لە دواقۆناغەكانی تەواوبوونیدایە، پرۆژەكە جگە لە بەستنی پێوەری زیرەك و خوێندنەوەی كرێی كارەبا و سنوورداركردنی پێدانی بڕی كارەبا بە 40 ئەمپێڕ بۆ سنگل فەیس و 90 ئەمپێڕ بۆ سری فەیس چەند مواسەفاتێكی دیكە لەخۆ دەگرێت، بەتایبەتی سیستەمی پێدانی پێشوەختەی بەكارهێنانی كارەبا كە بە پریپەید یان كارت ناسراوە. بۆ قسەكردن لەسەر دوا قۆناغەكانی بەستنی پێوەری زیرەك و جێبەجێكردنی سیستەمی پریپەید لە چەند بازاڕ و یەكەیەكی نیشتەجێبوون، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیاری ئاراستەی كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبا كرد كە هاوكات سەرپەرشتیاری لێژنەی باڵای تۆڕی زیرەكیشە و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* پێش دوو ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی كارەبا لە پرۆژەیەكی گرنگ و فراواندا بێ بەرامبەر دەستی بە گۆڕینی پێوەرە كلاسیكییەكانی هاوبەشانی كارەبا كرد و بەستنی پێوەری زیرەكی دەست پێ كرد، دواتر لە وەزری زستانی ڕابردوودا دەستی بە سنوورداركردنی ئەو بڕە كارەبایە كرد كە دەدرایە هاوبەشان، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە دەكرێت بپرسین تا چەند پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا بەسوود بووە؟
- پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان بە پێویستی دەزانم باسی هەندێك دەستكەوت و پرۆژەی سەركەوتووی وەزارەتی كارەبا بكەم. وەزارەتی كارەبا وێڕای گرفتی بودجە و سیولەی نەختینەیی و پەتای كۆرۆنا و هەڵكشانی پێوانەیی خواست و زۆربوونی هاوبەشانی كارەبا، لە چەندین سێكتەری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا سەركەوتوو بووە، لەم كابینەیەدا توانیمان 702 مێگاوات كارەبا زیاد بكەین بە رێژەی 19.4%، هەنگاو بەرەو وزەی پاك بنێین و بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان سوود لە گازی بەفیڕۆچووی كێڵگەی نەوتی كەلار وەربگرین و هاوكات پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی هایدرۆپاوەر بە توانای 37 مێگاوات كارەبا لە قۆناغەكانی تەواوبوونیدایە و بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵیش زیاد لە 500 مێگاواتی دیكەی كارەبا بەرهەم دەهێنین، لە بەشی گواستنەوە زیاد لە 60 پرۆژە و لە دابەشكردن 730 پرۆژە جێبەجێ كراون و تۆڕی كارەبای دهۆك بە تۆڕی كارەبای خەباتمان بەستەوە، بەمەش تۆڕی كارەبای كوردستان لە سەرانسەری كوردستان بە یەكەوە بەسترایەوە، تەنانەت كارەبامان بۆ هاونیشتمانیانی كوردستانی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دابین كردووە. بە شێوەیەكی گشتی وەزارەتی كارەبا سەركەوتوو بوو لەوەی ژێرخانی كارەبا تا ڕاددەیەكی باش بونیات بنێتەوە.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشتان پرۆژەی پێوەری زیرەك بەشێكی گرنگی ئەو سەركەوتن و پرۆژانەی وەزارەت بوو، چاكسازی لە دابەشكردنی كارەبا و بنبڕكردنی سەرپێچیەكان و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆچوونی كارەبا بوو، ئەوەتا بەشێكی سەرەكیی كەمبوونەوەی بەفیڕۆچوونی كارەبا لە ڕێژەی 45% بۆ 30%ی بۆ پێوەری زیرەك دەگەڕێتەوە، تەنانەت لە رێگەی ئەم پێوەرەوە بە سەدان ماڵ هاوبەشیان نەبوو، هاوبەشیان بۆ كرایەوە، لێرەدا بە كورتی و پوختی سوودەكانی پرۆژەی پێوەری زیرەكتان بۆ باس دەكەم:
- كارەبا كۆنتڕۆڵ دەكات و سیستەمی كارەبا سەقامگیر دەبێت، بەتایبەتی لە كاتی بارزۆری دەتوانرێت بڕە كارەبای پێدراو بە هاوبەشان سنووردار بكرێت.
- بۆ خوێندنەوەی پێوەری كارەبا ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسولەی كارەبا چاپ دەكرێت و دەدرێتە هاوبەشانی كارەبا.
- سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا چارەسەر دەبێت، بۆ نموونە تەنیا لە ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە 8000 سەرپێچی ئاشكرا كراون و سزای دارایی توند دراون.
- گۆڕەرەكانی كارەبا بەتایبەتی لە زستاندا لە سووتان دەپارێزرێن.
- توانای سنوورداركردنی بڕی پێدانی ئەمپێڕی كارەبا هەیە كە لە ئێستادا بۆ سنگڵ فەیس 40 ئەمپێڕ و بۆ سری فەیس 90 ئەمپێڕە و لە زستاندا كە لۆد و بارزۆری زۆر بوو، بڕی كارەباكەمان كەمتر كردەوە و لە گرفتێكی گەورە دەربازمان بوو. لە ئێستاشدا لە هەنگاوێكی نوێ و ئەزموونیدا بەرەو سیستەمی پێدانی پێشوەختەی نرخی كارەبا دەچین كە بە پریپەید، یان كارتی كارەبا ناسراوە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین لەم كابینەیەدا هەنگاوی باش نراوە بەرەو بونیاتنانەوەی ژێرخانی كارەبا، هەرچەندە هێشتا نەمانتوانیوە كاتژمێرەكانی كارەبا زیاد بكەین، ئایا ئەم سیستەمەی پریپەید كە زۆر باس دەكرێت گرفتی كەمیی ماوەكانی پێدانی كارەبا چارەسەر دەكات؟
- پێش ئەوەی باسی سیستەمی پریپەید بكەم، دەمەوێت چەند بابەتێك ڕوون بكەمەوە. من لەگەڵ گلەیی و ڕەخنەی هاووڵاتیاندام ئێمە بۆ خزمەتی ئەوان كار دەكەین و دەبێت ئەم خزمەتگوزارییە سەرەكی و گرنگە بە باشترین شێوە بگاتە هاووڵاتیان، هەروەكو چۆن پێویستە ڕاستییەكانیشیان پێ بگەینرێت و كەس بابەتی كارەبا بۆ موزایەدە باس نەكات. فەرمانبەرانی كارەبا بە شەو و ڕۆژ و بە سەرما و پلەی گەرمای بەرز و لە كەرەنتینە و لە ناو لافاو و شوێنە سەخت و پڕ مەترسییەكان بۆ خزمەتی ڕوناككردنەوەی ماڵەكانی هاووڵاتیان كار دەكەن، لەم پێناوەشدا چەندین قوربانییان داوە و شەهید و كەمئەندام بوون. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتیی زیادكردنی بەرهەم و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كردووین لە ماوەیەكی پڕ لە كێشە و گرفتدا، بەرهەم زیاد بووە و پرۆژەی زۆری گواستنەوە و دابەشكردن ئەنجام دراوە لە بەرامبەریشدا 350 هەزار هاوبەشی كارەبا زیاد بووە و تێیدا هاوبەش هەیە بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیارییە و بڕە كارەبایەكی زۆری دەوێت، كارگە هەیە 100 مێگاواتی پێویستە و باڵەخانەش هەیە سەرووی 30-50 مێگاوات كارەبای دەوێت، بەمەش تا دێت ژمارەی هاوبەشانی كارەبا و پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و باڵەخانە و كەرتەكانی گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی زیاد و فراوان دەبێت و ژمارەكە لە 1 ملیۆن و 750 هەزار هاوبەش زیاتر بووە، بۆیە ئێمە پێویست بوو بیر لەم پرۆژە گرنگەی (پێوەری زیرەك) بكەینەوە و لە رووی پراكتیكییەوە جێبەجێی بكەین، كە پێشتر لە زۆر وڵات تاقی كراوەتەوە و تا ئێستا بە سەركەوتوویی بەكار دەهێنرێت. بۆ نموونە لە هەمان پێوەری زیرەكی خۆمان لە ژاپۆن 27 ملیۆن و لە بەریتانیا 6 ملیۆن و لە ئوسترالیا 3 ملیۆن و لە نیوزلەندا 2 ملیۆن بەكار دەهێنن و لای خۆشمان بە سەركەوتوویی پرۆژەكە گەیشتووەتە قۆناغێكی دیكەی پێشكەوتوو .
سەبارەت بە سیستەمی وەرگرتنی پێشوەختەی كرێی كارەبا و زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا و زیادكردنی داهات، لەگەڵ كۆمپانیای «ئیدی ئێم ئای» توانیومانە بە سەركەوتوویی ئەزموونی 24 كاتژمێری كارەبای پریپەید لە بازاڕی گەورەی لەنگەی هەولێر جێبەجێ بكەین و كاسبكار و خاوەند دووكانەكانیش زۆر ڕازین و پێیان خۆش بووە، چونكە لە خەرجی بڕە پارەی ئەمپێڕی موەلیدە و بچڕانی كارەبا و گرفتەكانی ڤۆڵتییە ڕزگاریان بووە، دووكاندار هەیە پێشتر مانگانە 200 هەزار دیناری داوە بە كرێی كارەبای حكوومی و موەلیدە، لە ئێستادا كارتێكی 50 هەزاری دەكڕێت و باشتر كارەباكەی بەكار دەهێنێت و ئەم سامانە گرنگە بەفیڕۆ نادات و دەستی پێوە دەگرێت، ئێمەش داهاتمان زیادی كردووە. ئەو داهاتەی كە لە 8%ی بۆ خەرجی سیانە و خزمەتگوزاریی كارەبای هاووڵاتیان و ڕاكێشانی كارەبا بۆ گەڕەكە نوێیەكان و چاككردنەوەی تۆڕی كارەبا و محاویلەكانە، لە بازاڕی گەورەی لەنگە گرفتی بارزۆری و ڤۆڵتییە و كوژانەوەی كارەبا نەماوە و هەمووان بە دادپەروەرانە كارەباكەیان پێ دەدرێت. دوای ئەم كارە سەركەوتووە لە ئێستادا لە بازاڕی دهۆك و ئەڤرۆ سیتی لە قەزای سمێڵ جێبەجێ دەكرێت و بڕیاریشە لە بازاڕێكی سلێمانیش وەكو ئەزموونی تاقی بكرێتەوە. بە شێوەیەكی گشتی پریپەید مەبەست لێی كۆنتڕۆڵكردنی سیستەمی بەكارهێنانی كارەبایە تاوەكو بە باشترین شێوە سیستەمی دابەشكردن و پێدانی كارەبا جێبەجێ بكرێت، وەكو ئەزموون نزیكەی چوار مانگە جێبەجێ دەكرێت و لە داهاتوودا ئەم خزمەتگوزارییە دەگوازرێتەوە بۆ زۆربەی بازاڕ و یەكەی نیشتەجێبووەكان بۆ ئەوەی لە هەموو هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، هاووڵاتیانی كوردستانیش دڵنیا دەكەمەوە كە ئەم سیستەمەی پریپەید نرخ گران ناكرێت و لە خزمەتی باشكردنی دۆخەكە و دادپەروەری و كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهاتی ئێمەیە.
* ساڵانە لە كاتی وەرزەكانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات. ئایا بۆ زستانی ئەمساڵ پلان و بەرنامەكانی وەزارەت لە رێگەی پێوەری زیرەكەوە چییە؟
- دوای زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا لە ئێستادا سەرقاڵی بەستنی نزیكەی 500 هەزار هاوبەشی دیكەین كە ماون، یان زیاد بوون، زیاتر لە 1 ملیۆن و 345 هەزار هاوبەش واتە 90%ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، هاوكات وەزارەت لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار سەرقاڵی دانانی داتا سەنتەرێكین، بۆ وەرزی زستانیش نزیكەی 500 مێگاوات كارەبا زیاد دەكەین و، لەگەڵ بەردەوامیی نەهێشتنی سەرپێچیەكانی سەر تۆڕی كارەبا بارودۆخەكە باشتر دەكەین، سەرپێچییەكان زیانی گەورەی لە كارەبا و ماوەكانی پێدانی كارەبا بۆ هاووڵاتیان داوە، بۆیە سزا و غەرامەكانمان توند كردووە و تەنانەت هەندێك كەیس دراوەتە دادگا، بۆیە داواكارم لە هاووڵاتیانی ئازیز خۆیان بەدوور بگرن لە سەرپێچی سەر تۆڕی كارەبا، كە بەشی هەرە زۆری سەرپێچییەكان لە ڕێگەی پێوەری زیرەكەوە دیار دەكرێت.