ڕابیعە ئاختار بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ئاسایش و ستراتیژیەت و سیاسەت لە زانكۆی لاهور بۆ گوڵان:   شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بزمارێكی دیكەیە لە تابووتی سیستمی نێودەوڵەتی

ڕابیعە ئاختار  بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ئاسایش و ستراتیژیەت و سیاسەت لە زانكۆی لاهور بۆ گوڵان:     شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بزمارێكی دیكەیە لە تابووتی سیستمی نێودەوڵەتی

 

رابیە ئاختار بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ئاسایش و ستراتیژیەت و سیاسەتە لە زانكۆی لاهور لە پاكستان، هەروەها دامەزرێنەری سەنتەری زانستە كۆمەڵایەتییەكانە لە هەمان زانكۆ، بڕوانامەی دكتۆرای لە دیراساتی ئەمنی لە زانكۆی ویلایەتی كەنساس بەدەست هێناوە. تاوەكو نیسانی 2022 ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی سەرۆك وەزیران عمران خان بوو. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد لە پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستای جیهان و شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا.

 

* لێكدانەوە و وەسفێكی زۆر بۆ بارودۆخی ئێستای جیهان كراوە لە ڕووی پەیوەندیی نێوان هێزە جیهانی و كاریگەرەكان، هەروەها لەبەر ڕۆشنایی ئەو شەڕەی لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ئارادایە، كە ئاشكرایە زۆرێك لە وڵات، یان هێزە جیهانییەكانی دیكە، بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بە ناڕاستەوخۆ لەم شەڕەوە تێوەگلاون و دەیانەوێت ئاقارەكەی بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا ببەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئێوە چۆن لەم بارودۆخەكە دەڕوانن و چۆن وەسفی هەلومەرجی ئێستای جیهان دەكەن؟

- ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە ئەگەر ئێمە لە بارودۆخی جیهان، یان كاروبارە نێودەوڵەتییەكان بڕوانین، ئەوا باشترین وەسف ئەوەیە بڵێین كە پشێوی باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە، بە چەشنێك كە جیهان بە قووڵی تووشی جەمسەرگیری بووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوە و دەرهاویشتەی قووڵی هەبووە لەسەر پەیوەندی، یان با بڵێین ناكۆكی و ڕكابەریی نێوان هێزە جیهانییە مەزنەكان. دواتر ئەوەی پەیوەست بێت بە داگیركارییەكەی وڵاتی ڕووسیاوە بۆ ئۆكرانیا، ئەوا ئەم داگیركارییە بووەتە هۆی توندكردنەوەی ناكۆكی و ڕكابەرییەكان و لاوازكردنی سیستمە نێودەوڵەتییەكە. هەروەها دەتوانین بڵێین كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا -كە زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا درێژەی كێشا و بەردەوام بووە- ڕەنگدانەوەی ئەوەیە كە چەند بیروبۆچوونی هەڵە هەبوو لە ئاست هێزی ڕووسیا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕووسیا پێی وابێت هێزێكی گەورە و مەزنە و دەتوانێت پرسەكان یەكلا بكاتەوە.

* ئێوە لە وەڵامی پرسیارەكەدا ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەم شەڕەی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بووە هۆی ناكۆكی و ڕكابەرییەكانی قووڵتر كردووەتەوە و بەو پێیە بوونەتە هۆی ئەوەی سیستمە نێودەوڵەتییەكە لاواز بێت. ئایا پێت وایە وەسفێكی وردە كە بڵێین ئەم شەڕە مایەی هەڵتەكاندنی پایەكانی ئەم سیستمە نێودەوڵەتییە بووە، بە چەشنێك كە نەتوانین چیتر ئاماژە بەوە بكەین كە سیستمێكی لەم چەشنە لە ئارادا ماوە؟

- بەڵێ، تا ڕاددەیەك بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین هەڵگیرسانی ئەم شەڕە و ئەو دەرئەنجام و دەرهاویشتانەی لەم شەڕەوە دروست بوون، بە چەشنێكن كە دەتوانین بڵێین بزمارێكی دیكەیە لە تابووتی ئەو سیستمەی پێی دەڵێن سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان، كە ئاشكرایە ئەم سیستمەش بە چەشنێك داڕێژراوە كە ببێتە هۆی سنوورداركردن و جڵەوكردنی وڵاتە بچووكەكان و لە هەمان كاتدا بوار و پانتاییەكی گەورەی ڕەخساندووە بۆ هێزە مەزنەكان بۆ ئەوەی درێژە بە ناكۆكییەكانی نێوانیان بدەین. هەر لەم ڕووەوە دەكرێت بوترێت كە پەنابردنی ڕووسیا بۆ هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە و دەستبردنی بۆ ئەم داگیركارییەكە بووەهۆی ئەوەی دەرگا واڵا بێت و دەرفەت بڕەخسێت بۆ وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەت و هێزە هاوپەیمانەكانیاندا ئەم بارودۆخە وەك پێشێینەیەك بەكار بهێنن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر وڵاتە بچووكەكان، ئیدی یان بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاكی ئەو وڵاتەدا بگرن، یان بۆ ئەوەی سەرچاوەكانی ئەو وڵاتە تاڵان بكەن.

* لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەت بە پرسی پەیوەست بە سیاسەت، یان ململانێ و ڕكابەریی نێوان هێزە جیهانییە مەزنەكان كرد. ئایا دەكرێت بڵێین لە ئێستادا گۆڕانكارییەكانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، یان كاروبارە نێودەوڵەتییەكان بە چەشنێكن كە بتوانرێت بوترێت لە ئێستادا جیهان پێی ناوەتە ڕۆژگارێكی نوێی شەڕی ساردەوە؟

- لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین لە كاتێكدا ئەم شەڕەی كە بەرپا بووە و ئەم بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە و دروست بووە، هەموو ئاماژە و نیشانە و خەسڵەتەكانی شەڕی ساردی تێدا بەدی دەكرێت و بەرجەستە بووە، ئەوا زۆرێك لە وڵاتانی جیهان ئیدانە و سەرزەنشتی كردارە داگیركاری و دەسترێژیكارەكەی ڕووسیایان كردووە، سەرباری ئەوەی كە پەیوەندیی بەتینیشیان لەگەڵیدا هەبووە. كەواتە لە ڕوانگەی شرۆڤە و خوێندنەوەی من بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای جیهان، ئەوا دەكرێت بڵێین هیچ كاتێك جیهان پێشتر بە تەواوەتی لە قۆناغی شەڕی سارد تێنەپەڕیوە و ئەم هەلومەرجەی جێ نەهێشتووە. چونكە نابێت ئێمە ئەو ڕاستییە لە یاد بكەین كە پێشتریش- واتە ئەو قۆناغەی كە ئاماژە بەوە دەكرا، شەڕی سارد كۆتایی هاتووە تێیدا- بارگرژی و ناكۆكی و كێشە لە نێوان وڵاتی ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەبووە و، بگرە بەرەو توندبوون و هەڵكشانیش چووە. هەروەها هەر دوو وڵاتەكە پارێزگارییان لە دەوڵەتە هاوبەش و هاوپەیمانەكانیان كردووە و، ئەو هێز و توانایەی هەیانبووە بووەتە هۆی ئەوەی وەك دوو جەمسەر هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی جیهان بدەن. لەو كاتەوە جیهان تووشی چەندین شەڕ بووەتەوە كە بریتی بوون لە شەڕی بە وەكالەت كە تێیدا هەر یەكێك لەم دوو هێزە جیهانییە- ئەمریكا و ڕووسیا – هەوڵیان داوە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان كاریگەرییان لەسەر جیهان هەبێت.

* ئەگەر لە ڕوانگەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەوە لە شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا بڕوانین، كە تێیدا ڕووسیا پاشەكشەیەكی گەورەی كرد و ئۆكرانیاش توانیویەتی بەشێكی زۆری خاكەكەی ڕزگار بكاتەوە، ئایا پێت وایە ڕووسیا لە ناچاری و نائومێدیدا پەنا بۆ بژارەیەكی قورس و چاوەڕواننەكراو دەبات؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ڕووسیا پەنا بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی ببات و ئەم شەڕەی تێكڕای جیهان بگرێتەوە و بۆ ماوەیەكی زۆر درێژە بكێشێت؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی بەدی كراوە، ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی ئۆكرانیا دەوڵەتێك نییە خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت، بەڵام سەرباری ئەوەش سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین ئاماژەی بەوە كردووە، یان هەڕەشەی پەنابردنەبەر بژارەی ناوكی كردووە. هەر چەندە من پێم وایە ئەم هەڕەشانە زیاتر ڕووی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و خودی ناتۆیە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ نەیەنە نێو شەڕەكە و بەشداری نەكەن. لەم ڕووەوە پێم وایە هەڕەشەكەی سەرۆك پوتین هەندێ میسداقییەتی تێدایە، مەبەستم ئەوەیە ناتۆ بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەوڵەتە ئەندامەكانی ناكاتە بارمتە لە پێناو ڕزگاركردنی وڵاتی ئۆكرانیا لە داگیركاریی ڕووسیا. دواتر دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئۆكرانیا دەوڵەتێكی ئەندام نییە لە نێو ناتۆدا و لەم ڕووەوە ئەو پارێزگارییە بە گوێرەی میساقی ناتۆ بۆ دەوڵەتە ئەندامەكانی دەستەبەر دەكرێت، درێژ نابێتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە هێرش و داگیركارییەكانی ڕووسیا. هەموو ئەوەی دەتوانن ئەنجامی بدەن بریتییە لە بەردەوامیدان و درێژەدان بە پڕچەككردنی وڵاتی ئۆكرانیا و بەردەوامیدان بە شەڕی ئیستینزاف لەگەڵ ڕووسیا، بۆ ئەوەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ناچار بكەن بۆ ئەوەی بە حیساباتی خۆیدا بچێتەوە و هێندە داگیركارییەكەی لەسەر قورس بكەن كە بیر لە كشانەوە لە خاكە داگیركراوەكان بكاتەوە. ڕاستە ڕووسیا تووشی خەسارەتێكی گەورە بووەتەوە، بەڵام پێم وانییە كشانەوە بژارەیەك بێت لە بژارەكانی سەرۆك پوتین.

* هەر لە پەیوەندی بە پرسی چەكی ناوكییەوە ئایا پێت وانییە ئەم شەڕە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتان بیر لە بەدەستهێنانی چەكی ناوكی بكەنەوە، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە كە هەندێ كەس پێیان وایە ئەگەر هاتوو دەوڵەتێك ئەم چەكەی هەبوو، ئەوا دەوڵەتانی دیكە ناتوانن پەنا بۆ داگیركردنی ببەن و هەر لەم ڕووەوە دەوترێت ئۆكرانیا هەڵەیەكی گەورە و ستراتیژی كرد، كاتێك دەستی لەم چەكە هەڵگرت، ئەوەتا ئێستا تووشی داگیركاری بووەتەوە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- لە ڕاستیدا ئۆكرانیا دەستی لە چەكی ناوكی هەڵنەگرت، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەم چەكانە لە ئۆكرانیادا جێگیر كرابوون و لەسەروەختی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤیەتدا خاوەندارێتیی ئەم چەكانە دەگەڕایەوە بۆ ڕووسیا. لەم ڕووەوە و بە گوێرەی یاداشتی بوداپێست كە لە ساڵی 1994 واژوو كرا، ڕووسیا بەڵێنی دا كە ڕێز لە سەربەخۆیی و سەروەریی دەوڵەتی ئۆكرانیا بگرێت و زەمانەتی ئەوەی بۆ ئۆكرانیا كرد كە لە بەرامبەر هەر هێرش و پەلامارێك پارێزگاری لێ بكات، كەچی ئەوەتا خۆی ئەم كارەی كرد و ئەم بەڵێنەی پێشێل كرد. دواتر من پێم وانییە ئەم حاڵەتە كاریگەری هەبێت لەسەر بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، لەبەر ئەوەی دەوڵەتان پاڵنەری تەواویان نییە بۆ بەدەستهێنانی ئەم چەكە و بەدەستهێنانیشی خەرجی و بارگرانییەكی زۆری دەوێت كە ڕەنگە لە سوودەكانی زیاتر بن.

Top