عەبدولڕەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان بۆ گوڵان:   ئەمساڵ 6 بەنداو تەواو دەكرێت و 9 بەنداوی گەورە و مامناوەندیش لە پلاندایە

عەبدولڕەحمان خانی  بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان بۆ گوڵان:     ئەمساڵ 6 بەنداو تەواو دەكرێت و 9 بەنداوی گەورە و مامناوەندیش لە پلاندایە

 

 

هەوڵ و كۆششەكانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی كێشەكانی كەم ئاوی و هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ دروستكردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو و چەندین بواری دیكە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ عەبدولڕەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان.

 

* خەمی گەورەی ئێستای جیهان بە گشتی وشكە ساڵی و كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و «بە بیابان بوون»ی ناوچە جیاجیاكانە، لە عێراقیشدا ئەم دیاردەیە سەری هەڵداوە و لە بەشێكی كوردستانیش جووتیاران لە ترسی وشكە ساڵی ناتوانن دڵنیا بن لە پێگەیشتنی بەرهەمەكانیان، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر باس لە وشكە ساڵی و «بە بیابان بوون» بكەین، ئێوە وەك دامەزراوەیەكی تایبەت بەم بوارە، چۆن سەیری ئەم دیاردەیە دەكەن و چۆن خۆتان بۆ ئەم پرسە گرنگە ئامادە كردووە؟

- بێگومان وشكە ساڵی كاریگەریی خراپی لەسەر چەندین لایەنی ژیانی مرۆڤـ هەیە، هەروەها كەم ئاوی و تێكچوونی باری كەشوهەوا و بارانبارین و پلەكانی گەرما لە تەواوی دونیا گۆڕاوە، هاوكات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت وڵاتانی عێراق و ئێران و سووریا و ئوردن و تەنانەت توركیاش گرفتیان لەم بوارانەدا هەیە، بە هەمان شێوە چەندین وڵاتی دیكەش بە هۆی وشكەساڵی و ئەو گۆڕانكارییانەی لە كەشوهەوا و پلەكانی گەرما هەیە، تووشی قەیرانی كەم بارانی و كەم ئاوی بوونەتەوە، بەڵام ئەو قەیرانانە كاریگەری لەسەر عێراق زیاترە، چونكە بە وڵاتی بێ ئاو دەژمێردرێت، لەبەر ئەوەی سەرچاوەكانی ئاوی دیجلە و فوراتیش لە دەرەوەی سنووری خۆیەتی، بەڵام هەرێمی كوردستان خاوەنی پێنج ڕووبارە كە لقەكانی ڕووباری دیجلەن و سەرچاوەیەكی ناوخۆیین بۆ عێراق. ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان پلان و بەرنامەی كۆكردنەوەی ئاومان بە دروستكردنی بەنداو داڕشتووە و بەپێی داهاتی هەرێمی كوردستان و بودجەوە قۆناغ بە قۆناغ ئەو پلان و بەرنامەیەمان جێبەجێ دەكەین، هاوكات لەو شوێنانەی بزانین پەلەمان كردووە لە دەستنیشانكردنیاندا، ڕادەوەستین و لە كوێیش بزانین هەنگاوەكان دروستە ئەوە بەردەوام دەبین، هەروەها لە كوێیش بزانین پێویستمان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە بۆ دروستكردنی بەنداوی گەورە و ستراتیژی كە كاریگەری لەسەر ئەوانیش هەیە، ئەوا هەنگاوی دەستووری بۆ دەنین. 

* گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دانانی بەرنامە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێكی گەورە لە كوردستاندا هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە و ڕەهەندی هەمە لایەنەی هەیە لەسەر ئاستی كشتوكاڵ و پیشەشازی و گەشتیاری و بەرهەمهێنانی كارەبا و بەرهەمهێنانی ماسی، ئایا ئەو بەنداوانە لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمدا بڕیاری لەسەر دراوە، چەندن و لە ڕووی ئەندازیارییەوە چۆن دروست دەكرێن؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە بە گرنگییەوە لە سێكتەرەكانی ئاو و بەنداوەكان دەڕوانێت، هەر بۆیە هەم پلان و هەم بودجەی بۆ تەواوكردن و دروستكردنی چەندین بەنداو دابین كردووە، لەو پلانەدا ئەمساڵ (4-6) بەنداو تەواو دەكرێن و بەنداوەكانی دیكەش قۆناغبەندییان بۆ كراوە و (9) بەنداوی گەورە و مامناوەندیش هەن كە حكومەتی هەرێم هەوڵی داوە بۆ جێبەجێكردنیان سەرچاوەی داراییان بۆ دابین بكات، لەلایەكی دیكەوە وەك دەزانین بەنداو پڕۆژەی زستانەیە، بەڵام ناتوانرێت لە وەرزی زستان بنیاد بنرێت، چونكە هەم كات و هەم بودجەیان زۆر پێویستە و هەر پڕۆژەیەكی بەنداو دەستیپێكردبێت نابێت بە هەر هۆكارێك بێت ڕابوەستێت، هەروەها ئەمساڵ ئامادەسازی كراوە كە دوو بەنداو (مەنداوە) لەسەر زێی گەورە و (دەلگە) لەسەر زێی بچووك كاریان لەسەر بكرێت. 

* وەك دەوترێت لە بەنداوی «بێخمە» كارێكی باش دەكرێت، ئایا بەرنامەتان بۆ تەواوكردنی ئەم بەنداوە چۆنە؟ ئایا ئاستی بەرزی ئاوەكە چەند دەبێت و بێجگە لە گلدانەوەی ئاو كارەباش بەرهەم دەهێنرێت؟

- لە راستیدا بەنداوی (بێخمە) لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لە مانگی 10/2004دا وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراقی فیدڕاڵ بە نیازی دەستپێكردنەوەی هەندێ ئامادەسازی كرد لە بابەتی خانووی نیشتەجێ و ئۆفیس و ڕێگاوبانەكانی، بەڵام دواتر لە ساڵی 2012 كارەكانی تێدا وەستێنرا و تا ئێستاكەش دەستی پێ نەكردووەتەوە، ئەگەرچی لام سەیرە زیاتر لە (10) ساڵە كاركردن لە بەنداوی بێخمە وەستاوە و هێشتا دەوترێت كاری تێدا دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر بەنداوی بێخمە بە دیزاینی بنەڕەتیی خۆی دروست بكرێت، ئەوە بە بەرزیی (230)مەترە و توانای گلدانەوەی (17ملیار مەتر سێجا) ئاوی هەیە و (1500) میگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت و لەسەر ئاستی عێراق گەورەترین پڕۆژە و بەنداوە.

* بەنداوی «دووكان» تا ڕاددەیەك باشە، بەڵام سەبارەت بە بەنداوی «دەربەندیخان» باس لەوە دەكەن بەنداوەكە درزی تێكەوتووە و لەوانەیە توانای گلدانەوەی ئاوی پێویستی نەبێت، ئایا بەرنامەتان بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان هەیە؟

- هەموو بەنداوێك ساڵانە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و كاری تەواوكاری هەیە، بەنداوەكانی ئێمەش چ دووكان و چ دەربەندیخان زیاتر لە 60 ساڵە لە خزمەتدان، بەنداوی دووكان بەنداوێكی كۆنكریتی كەوانەییە، ڕاستە گرفتی كەمترە لە بەنداوی دەربەندیخان كە ئەویش پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی بەردەوامە، بەڵام بەنداوی دەربەندیخان پێشتریش گرفتی تەكنیكی هەبوو، بەڵام لە دوای بوومەلەرزەكەی ساڵی(2017) جگە لە هەندێ كاری چاكسازی لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراقەوە ئەوە بە دوو قۆناغ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كاری چاكسازی تێدا ئەنجام دراوە و ئێستاش بە زیاتر (2)ملیار دینار بەردەوامین لە كاركردن و نۆژەنكردنەوەی قۆناغی دووهەمداین. هاوكات لەلایەن ڕێكخراوی یونسێفیشەوە هەندێك كاری بۆ كراوە، بەنداوی دەربەندیخان گرفتە سەرەكییەكانی چارەسەر كراون و بەردەوامین لە كاركردن بۆ ئەوەی بە تەواوی هەموو كێشە و گرفتەكانی ئەو بەنداوە چارەسەر بكەین. ئەگەرچی گرفتی كۆكردنەوەی ئاوی نییە و بە تەواوی توانایەوە دەتوانێت ئاو گل بداتەوە و كارەباش بەرهەم بێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك گرفتی كوالێتیی ئاوەكە و كەم ئاوی هەیە كە ئەویش بە هۆی وشكەساڵی و پڕۆژەكانی سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیە.

* ئایا ماستەرپلانتان بۆ ڕیگەگرتن لە بەفیڕۆچوونی ئاوی باران هەیە، لەبەر ئەوەی لە زۆر وڵات بۆ نموونە «كۆریای باشوور» سوودێكی هێجگار زۆریان لە ئاوی باران وەرگرتووە و بە سەدان بەنداوی بچووك و مامناوەندیان بۆ گلدانەوەی ئاوی باران دروست كردووە، ئایا ئەو ئیمكانیەتە لەبەر دەستە كە بتوانرێت لە كوردستانیش سوود لە ئاوی باران وەربگیرێت و بەفیڕۆ نەچێت؟

- ماستەرپلان لەسەر ئاستی هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە (پلانی ستراتیژی بۆ ئاو و خاك) بۆ دروستكردنی بەنداو و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆنەچوونی ئاوی باران هەیە و تەواوی پێویستیی هەموو ناوچە و دەڤەرەكان ڕەچاو كراوە، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوە و دیاریكردنی ئەولەوییەت هەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت كام شوێن گونجاوتر و ئابووریتر و سوودمەندترە و كامە بەنداو پڕۆژەكەی بە خۆمان دەكرێت و كامەیان پێویستی بە هەماهەنگییە لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، هاوكات لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جگە لە بەنداو جەختكردنەوەكە لەسەر دروستكردنی پۆنتی باراناو و بەنداوی بچووكیشە كە بودجە و كاتی كەمتری پێویستە و سوودی باشیشی هەیە و حكومەتی هەرێم وەكو چارەسەرێكی بەپەلە بۆ وشكە ساڵی بودجەی بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە تەرخان كردووە.

* لایەنێك كە دەكرێت لە ڕێگەی دروستكردنی بەنداوەوە سوودی لێ وەربگیرێت، كۆكردنەوەی ئاوی «ئاوەڕۆی» ماڵانە و دووبارە بە فلتەركردنیەتی بۆ ئەوەی بۆ كشتوكاڵ و پاركەكان بە كاری بهێننەوە، ئایا بەرنامەیەكتان بۆ دووبارە پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆكان هەیە؟

- پاككردنەوە و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی قورس و ئاوەڕۆكان كە پەیوەستە بە وەزارەتی شارەوانییەوە، خراوەتە بەرنامەی حكومەتی هەرێمەوە، لە ڕاستیدا ئەم پڕۆژەیە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە بۆ نموونە لە عێراق تەنیا دیجلە و فورات ڕۆژانە (5) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پیس و ئاوەڕۆیان تێ دەرژێت كە ئەمەش كارەساتێكی ژینگەیی دروست كردووە و لە هەندێ شوێن ئەو ڕووبارانە تەنانەت زیندەوەریشیان تێدا ناژی، نەك بۆ خواردنەوە بشێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە باشترە و دەكرێت پڕۆژەی پاككردنەوە و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی قورس و ئاوەڕۆكان لە هەموو شارەكان سوودێكی زۆری لێ ببیندرێت بۆ چارەسەری گرفتی كەم ئاوی و ڕووپۆشی سەوزایی كە ئەم جۆرە پڕۆژانە بودجەیەكی زۆری پێویستە و دەكرێت لە سیتییەكانەوە دەستی پێ بكرێت.

* ئێستا لە پارێزگای هەولێر چەندین پڕۆژەی شاری نیشتەجێبوون لە دروستكردندان و هەندێكیان دەریاچەیەكیش لەناو ئەو شاری نیشتەجێبوونە دروست دەكەن، ئایا سەرچاوەی ئاوی ئەو دەریاچانە لە كوێوە دابین دەكرێن؟

- وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو مەترسییەكانی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی خراوەتەڕوو، هەر بۆیە تەئكید لەوە دەكرێتەوە كە بۆ پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە زیاتر سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت، هەر لە ئەمڕۆوە پێویستە هەموو ئەو شار و گوندانەی بۆ نیشتەجێبوون دروست دەكرێن ناچار بكرێن بۆ پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە ئاوی سەرزەوی و ڕووبارەكان لە بری بیرەكان بەكار بێنن، دەشكرێت لەناو گوند و سیتییەكاندا هەندێك حەوزی باراناو دروست بكەن كە لە وەرزی زستان و بارانباریندا ئاوەكە كۆبكرێتەوەو سوودی لێ وەربگرن.

Top