سارا عوسمان: لەدەستدانی بەشێك لە جەستە، ژیان ڕاناگرێت و مرۆڤ دەبێت هەمێشە بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ناخۆشییەكان ببێتەوە

سارا عوسمان:  لەدەستدانی بەشێك لە جەستە، ژیان ڕاناگرێت و مرۆڤ دەبێت هەمێشە بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ناخۆشییەكان ببێتەوە

 

 

ئاریشەكانی ژیانی ڕۆژانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كەم نین و، ئیرادەی بەهێزی دەوێت هەتا بە سەر كێشە و گرفتەكانی ژیان و بژێویدا زاڵ بن، بەڵام ژمارەشیان كەم نییە ئەوانەی خاوەن ئیرادەیەكی پۆڵایین و لە بری گۆشەگیری و نائومێدی تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەبن و، هەموو توانا و هەوڵی خۆیان بەگەڕ دەخەن، بۆ ئەوەی سەركەوتنەكانی خۆیان لە ژیاندا تۆمار بكەن. سارا عوسمان یەكێكە لەو مرۆڤە پڕئومێدانە و باسی ژیانی تایبەتیی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سارا عوسمان لەدایكبووی شاری سلێمانییە و دانیشتووی هەمان شارە و وەك خۆی باسی دەكات، تا پۆلی سێی سەرەتایی خوێندووە و دواتر بە هۆی كەمئەندامیی قاچەكانی وازی لە خوێندن هێناوە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بە هۆی كەمئەندامبوونی قاچەكانم لە ساڵی 1999 وازم خوێندن هێنا، چونكە تا ئەم ساڵانەش هەمیشە بە دوای چارەسەردا گەڕاوم، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئاستی خوێندن و نووسینم زۆر باشە و لە ساڵی2013 زۆر بە ئاسایی دەستم كرد بە نووسینی شیعر و تا ئیستاش بەردەوامم و كۆمەڵێك نووسینی جوانم هەیە، كە باس لە دڵی زۆربەی گەنجەكانی ئێستا دەكات لە بواری ئەوین و خۆشەویستی.»

ئەو خاتوونە سەبارەت بە چۆنیەتی لەدەستدانی قاچەكانی گوتی: «كاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی بوو، لە پڕ هەموو شت گۆڕا و لە كەمترین كاتدا بۆ هەمیشە من و قاچەكانم لێك دابڕاین، دابڕانێك هیچ كات هەنگاوەكانم لەگەڵم ئاشت نەبوونەوە.. من لە تەمەنی منداڵیدا لە بەیانییەكی زوودا و بێ بوونی هیچ نەخۆشییەك لەناكاو قاچەكانم لە جووڵە و ڕۆیشتن كەوتن، زۆرترین دكتۆری شارانم بینی، بەڵام بێ هیوایان كردم لە گەڕانەوەی هێزی قاچەكانم بۆ ڕۆیشتن، ناچار دەبوو لەگەڵی خۆم ڕابهێنم، هەر كە توانیم بژیم، بۆم دەركەوت نەبوونی بەشێك لە جەستە ژیان ڕاناگرێت و مرۆڤ دەبێت هەمێشە بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ناخۆشییەكانی ژیان ببێتەوە، شوكر بۆ خوای گەورە توانیم بژیم زۆر بە جوانی و بە هێزێكی بڕوابەخۆبوونەوە، ڕاستە كۆمەڵێك خەونم مراند، بەڵام هیچ كات نەمهێشت بكەوم و نەمهێشت كەس ئازار و ناڕەحەتییەكانم ببینێت، بڕوایەكی تەواوم بە خۆم هەیە و سپاس بۆ خوای گەورە لەناو خێزانێكدام كە زۆر بە باشی مامەڵەیان لەگەڵم كردووە. من هەمیشە وام لە كەسانی چوار دەور و خزم و بێگانەش كردووە، ڕێزم بگرن، نەك بەزەییان پێمدا بێتەوە، چونكە نە من و نە هیچ كەسی هاوشێوەی من پێویستی بە بەزەیی نییە. ڕاستە قاچەكانم لەدەست داوە بەڵام خودا باشترین هاوڕێ و هاوسەفەری بۆ ناردووم، ئەویش‌ عارەبانەكەمە كە بێ ماندووبوون بۆ هەموو شوێنێك لەگەڵم دێت، لە ناوماڵیش هاوكاری زۆرمە بۆ ئیشەكانی ڕۆژانەم، سوپاس بۆ خوا ئێستا من كچە بچووكەكەی جاران نیم و بوومەتە خانمێكی گەورە و بە كاری ماڵ و ژیانی خۆم خەریكم».

 سارا لە درێژەی وتەكانیدا پەیامێك ئاراستەی هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات و دەڵێت: «لێرەوە ئەو پەیامەم بۆ هاوشێوەكانی خۆم هەیە و پێیان دەڵێم، هەموومان بە باشی دەتوانین بژین، ئەگەر خۆمان بمانەوێت و پەنا بۆ ئیرادەی خۆمان ببەین. من تەنیا بە دەستێك تەواوی كاروباری ژیانم بەڕێ دەكەم، كەواتە تۆش بەهێز بە نائومێد گۆشەگیر مەبە. من خەونم زۆر بوو، بەڵام هەمووی ڕۆیشت، بێ ئەوەی بێتەدی، بەڵام هەرگیز لە ژیان نائومێد نیم، خەونی گەورەم بۆ ژیان ئەوەیە كە دەمەوێت تەندروست بم، بۆ ئەوەی بتوانم بێ كێشە كارەكانی خۆم بكەم».

سارا عوسمان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا كێ هاوكار و هاندەرتە لە بەڕێكردنی رۆژانی تەمەنت؟ گوتی: «سوپاس بۆ خێزانەكەم زۆر باشن، دایك و خوشكەكانم و براكەم ئەوان وایان كرد من ببم بەو سارای ئێستا و لە گۆشەگیری و دووربوون لە خەڵك واز بێنم و پشت بە خۆم ببەستم، وایان كرد بە تەنیا بڕۆمە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و وایان كرد كە ئیدی لە خەڵك و شەقامە قەرەباڵغەكان نەترسم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆچی هەوڵت نەداوە دووبارە بخوێنی؟ گوتی: «هەمیشە سەرقاڵی چارەسەر بووم، هەمیشە هەوڵم داوە تا بكەومەوە سەر قاچەكانم، بەڵام هەمیشە دڵم شكا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا زۆر دڵخۆشم چونكە نەبونی قاچەكانم نەبوونە ڕێگری لە ژیان و ئاسوودەبوونم، هەمیشە سوپاسگوزاری خوام، چونكە ژیانم جوانتر بوو. لێرەوە دەڵێم ئێمە كەم نین، ئێمەش ژیانمان  خۆش دەوێت و ژیانیشمان جوانە، بە چاوی بەزەیی سەیرمان مەكەن، ئیمە ڕێزمان دەوێت، نەك بەزەیی، ئەوەتا ئەمڕۆ 23ساڵە قاچەكانم نییە و هەنگاوەكانم لێم تۆراون، بەڵام ژیانم هەر كردو توانیشم جوانتر بژیم . توانیم لە دڵی زۆر كەس خۆشەویست بم و شیرین بم و ڕێزم بگرن، بۆیە لە چاوی كەسەكانی دی دڵخۆشم تا ئەو پەڕی دڵخۆشی».

 

Top