پەیــــامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ شەست و یەك ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێ. لەو شۆڕشە سەرتاسەرییەی گەلی كوردستاندا هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلەكەیان بوون و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر لەدژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی كوردستانی بوو و بناغەیەكی پتەو و ڕێكخراوی بۆ بەردەوامیی تێكۆشان و وەستانەوەی گەلی كوردستان لەدژی زۆرداری دانا. شۆڕشی ئەیلوول بە بەها بەرزەكانییەوە و بە پێداگری و خۆراگریی سەركردایەتی و پێشمەرگە و جەماوەر وای كرد دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەنگاوی زۆر گەورە بەرەو پێشەوە بنێت و ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها سەرچاوەی ئیلهام بۆ تێكۆشەر و خەباتگێڕان لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان.
لە شەست و یەكەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندوونەناسیی دایكان و ژنان و هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕ و قارەمانانە هەیە كە ڕۆڵیان لەو شانازییە نیشتیمانییەدا هەبووە. چ ئەو قارەمانانەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا شەهید بوون و یانیش لە ژیاندا نەماون و، چ ئەو ڕۆڵە سەربەرزانەی بەشداری شۆڕش بوونە و هێشتا لە ژیاندا ماون. ئەو قارەمانانە مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست كرد و جێگەی شانازی و سەربەرزیین بۆ هەموومان.
مسعود بارزانی
11ی ئەیلوولی 2022