مووسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان: لەژێر ڕۆشنایی وتارەكەی سەرۆك بارزانی بۆ گرنگیدان بە پەروەردە ئەمساڵ 181 پڕۆژەی چالاكیی پەروەردەییمان هەبووە

مووسا ئەحمەد  بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان:  لەژێر ڕۆشنایی وتارەكەی سەرۆك بارزانی بۆ گرنگیدان بە پەروەردە  ئەمساڵ 181 پڕۆژەی چالاكیی پەروەردەییمان هەبووە

 

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو دەزگایەكی ناحكوومی، بە درێژایی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە هەر لە ساڵی 2005 ـەوە تاكو ئێستا بە سەدان كاری خێرخوازیی بەرچاوی لەنێوخۆی كوردستان و ناوچەكانی عێراق و دەرەوەی كوردستان ئەنجام داوە، ئەم دەزگا خێرخوازییە لە هەموو قۆناغ و ڕووداو و كارەساتەكاندا بە فریای لێقەوماوان و ئاوارە و پەناهەندەكان چووە و مەودای كارەكانی زۆر فراوان بووە. لەگەڵ دەستپێكی قۆناغی نوێی خوێندنیشدا پتر لە 200 قوتابخانەی نۆژەن كردووەتەوە، لە دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵیشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرنامە و كاری نوێی لەبەردەستدایە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی سێكتەری پەروەردە و قوتابیان و ئازیزان و منداڵانی شەهیدان. بۆ قسەكردن لەسەر نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان و بەرنامە خێرخوازییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ قوتابیان بەگشتی و قوتابیانی منداڵی شەهید و ئازیزان بەتایبەتی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مووسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

 

* دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن چەندین قوتابخانەی نۆژەن كردووەتەوە، ئایا دەكرێت بزانین ژمارەی ئەو قوتابخانانە چەندە و لە چ پارێزگایەكدایە و لە هەڵبژاردنی ئەو قوتابخانانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نۆژەنی كردووەتەوە، كێ و چ لایەنێك هاوكارتان بووە؟

- هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سێكتەری پەروەردە یەكێك لە سێكتەرە گرنگەكانی كاری ئێمە بووە، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی بۆردی «دەزگای خێرخوازیی بارزانی»یە، بە بەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دامودەزگا و ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكان گرنگی بە بابەتی پەروەردە و فێركردنی قوتابیان و دابینكردنی كەرەستە و پێداویستیەكانیان بدەین و كار و چالاكییەكانمان لەم سێكتەرەشدا بە هاوشێوەی سێكتەرەكانی دیكە فراوان بكەین. سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەرەتای ئەمساڵدا لە وتەیەكیدا زۆر بە گرنگییەوە بایەخی بە پەروەردە دا و ئاماژە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە لە هەرێمی كوردستان گرنگیی زیاتر بە قوتابیان و پەروەردە و خوێندن بدەین. ژینگەی پەروەردە بۆ قوتابیان بابەتێكی زۆر گرنگە و پەیوەندی بە ئێستا و دواڕۆژی گەلەكەمانەوە هەیە، بەداخەوە بارودۆخی ئابووری و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و گەمارۆی ئابووریی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و شەڕی تیرۆریستانی داعش و شوێنەوارە مەترسیدارەكانی پەتای كۆرۆنا، هەموویان كۆمەڵە هۆكارێك بوون بەوەی كاریگەریی خراپیان لەسەر ژێرخانی كەرتی پەروەردە و سێكتەری پەروەردە و فێربوونی قوتابیان و منداڵە چاوگەشەكانمان هەبووە و ڕێگر بوون لەوەی ئەم سێكتەرە گرنگە بەپێی پێویست بایەخ و گرنگیی پێ بدرێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی كەمپەكان و كاركردن لە چەندین سێكتەری خۆراكی و نیشتەجێبوون و تەندروستی و شەهیدان و قوربانییەكانی كارەساتەكان گرنگییەكی زۆریشی داوە بە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و كردنەوەی خولەكانی پێگەیاندن لە كەمپەكان و ئەنجامدانی دەیان چالاكیی هونەری و ڕۆشنبیری و نەتەوەیی، هاوكات گرنگییەكی زۆریشی بە دابینكردنی پێداویستیی قوتابیان و لایەنی تەندروستیی قوتابیان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان داوە، لە هەنگاوێكی نوێدا ئەمجارە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕووی لە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان كرد، ئەمەش بە ڕەچاوكردنی شوێنەوارەكانی چەند ساڵی ڕابردوو كە نەتوانراوە قوتابخانە حكوومییەكان بەپێی پێویست نۆژەن بكرێنەوە، بەتایبەتی كە لە پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2014 لێشاوێكی زیاتر لە ملیۆن و نیوێك ئاوارە و پەناهەندە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو، كە سەرەتا زۆربەی هەرە زۆریان لە پارێزگای دهۆك لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان و مزگەوتەكان نیشتەجێ كران، ئەو دەمە كەمپەكان دروست نەكرابوون و ئەركێكی قورسمان بۆ بەهاناوەچوونی ئەو لێشاوە گەورەیەی ئاوارە و پەناهەندە لەسەر شان بوو. لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی و بۆ بەهاناچوونی لێقەوماوانی برا كوردەكانی ئێزدی و كریستیانەكان و كوردی فەیلی و تەنانەت ئاوارە و پەناهەندەی كوردی ڕۆژئاوا و هاووڵاتیی عەرەبی مووسڵ و ناوەڕاستی عێراق و هەموو نەتەوە و ئایینەكان، ئەو دەمە بە بێ جیاوازی دەرگای قوتابخانەكان بەڕوویاندا واڵا كران و، ماوەیەكی زۆر لە ناو قوتابخانە و مزگەوتەكان نیشتەجێ كران، لە ئاكامی ئەو بارگرانییە لەسەر ئەو قوتابخانانە، بوونە هۆی تێكچوونی زۆر لە بینایەی قوتابخانەكان و زیانگەیاندن بە بینایە و دەرگا و پەنجەرە و پێداویستییەكانی ناوی، لەم ڕوانگەیەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پڕۆژەیەكی نوێ و بەرفراواندا دەستی بە نۆژەنكردنەوەی چەندین قوتابخانە كرد.

* كەواتە پڕۆژەكەتان دەست پێ كردووە؛ ئایا دەكرێت بزانین ئەو قوتابخانانەی نۆژەن دەكرێنەوە لە چ پارێزگا و شوێنێكی كوردستاندان؟

- پێشتریش قوتابخانەمان نۆژەن كردووەتەوە و هاوكاری و پاڵپشتیی كەرتی پەروەردەمان كردووە، لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا هەنگاوی گرنگ و گەورەمان لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی كەرتی پەروەردە و ئەنجامدانی كار و چالاكیی پەروەردەییمان ناوە، بەتایبەتی لە ناو قوتابخانەی كەمپەكاندا كە ڕێگریمان لەوە كرد، منداڵانی ئاوارە و پەناهەندە لە قوتابخانە داببڕێن، لە ئەمساڵیشدا لە پڕۆژەیەكی گەورەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە 200 قوتابخانە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بە تێچوونی دوو ملیۆن دۆلار نۆژەن دەكەینەوە، 50 قوتابخانە بۆ پارێزگای دهۆك و 50 بۆ پارێزگای هەولێر و 50 بۆ پارێزگای سلێمانی و 20 بۆ پارێزگای هەڵەبجە و 10 بۆ پارێزگای مووسڵ و 20 بۆ پارێزگای كەركووك، هەر یەك لەم قوتابخانانە بڕی 10 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوە بۆ تەرخان كراوە، پڕۆژەكە لە ڕووی پراكتیكییەوە دەستی پێ كردووە و هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە پێش دەستپێكردنی وەرزی خوێندن ئەو قوتابخانانە بە نۆژەنكراویی ڕادەستی وەزارەتی پەروەردە بكرێن و بە ڕووی قوتابییە خۆشەویستەكان بكرێنەوە.

* هەڵبەتە دابینكردنی بودجەیەكی وا گەورە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان لەم كاتەدا هاوكاری و پاڵپشتییەكی باشە بۆ ژێرخانی پەروەردە و قوتابیان، ئایا بۆ هەڵبژاردنی ئەو قوتابخانانەی كە نۆژەنكردنەكە دەیانگرێتەوە كێ هاوكارتان بووە؟

- سوپاسی خودای گەورە و میهرەبان دەكەم و دواتر سوپاسی ئەو سەرمایەدارانەی نێوخۆ و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەم بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی، دواتر وەزارەتی پەروەردە بە سوپاسەوە هاوكار و یارمەتیدەر بوو لە دەستنیشانكردنی ئەو قوتابخانانەی پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هەوڵەكانی ئێمە لە بواری گرنگیدان بە سێكتەری پەروەردە لێرەدا ڕاناوەستێت و وەكو نەریتێكی ساڵانەی لێ دەكەین و لە تەنیشت نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان بە دەیان كار و چالاكیی دیكەی پەروەردەیی و كاری خێرخوازی ئەنجام دەدەین، لە ئێستاشدا لەگەڵ سەرمایەدارانی كورد لە هەماهەنگیداین بۆ دابینكردنی هاوكاریی زیاتر تاوەكو بتوانین كاری دیكەی گەورە لە كەرتی پەروەردە ئەنجام بدەین، كە بە تەئكید كاریگەریی زۆر باشی لەسەر پەرەپێدان و بووژانەوەی كەرتی پەروەردە دەبێت.

* هەر سەبارەت بە گرنگیدانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ژینگەی خوێندن و قوتابیان، ئایا لە ئەمساڵدا هیچ بەرنامە و كارێكی خێرخوازیی دیكەتان لە سێكتەری پەروەردە لەبەردەستدایە؟

- لە ساڵی 2012 تاكو ئێستا نزیكەی 70 ملیۆن دۆلار پارەمان پێشكەشی منداڵانی ئازیزان كردووە، ئەمە وێڕای بەرنامەی جۆراوجۆری خێرخوازی و تەندروستی و پەرەپێدان، لە هەمان كاتیشدا توانیومانە كەشێكی لەبار بڕەخسێنین بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی منداڵە ئازیزەكانمان لە دووریی دایك و باوكیان دروست بووە، بتوانین بەشێكی كەمیشی بێت، پڕی بكەینەوە. پڕۆژەی پەرەپێدانی تواناكانمان بۆ منداڵانی ئازیزان كردووەتەوە و هەر قوتابیەك لە وانەكاندا لاواز بن، یان توانایان كەم بێت، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی كردنەوەی خولەكانی مەشق و ڕاهێنانەوە توانایانمان بەرز كردوونەتەوە، لەلایەكی دیكەوە لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەكاندا قوتابییە ئازیزەكانمان بردووەتە مۆڵەكان و بە ئارەزووی خۆیان و بەدڵی خۆیان جلوبەرگیان هەڵبژاردووە و حەزیان لە چی كردبێت، بۆیانمان دابین كردوون. ساڵانە ئەو قوتابییە ئازیزانەی یەكەمیش بوون خەڵاتمان كردوون، تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 60 قوتابی ئێمە كۆنمرەكانیان لە سەرووی 90 زیاتر بووە، لەم نزیكانەدا ئاهەنگی تایبەتیان بۆ ڕێك دەخرێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام پاڵپشتیی قوتابیانی ئازیزانمانی كردووە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خوێندن و هەماهەنگیمان لەگەڵ خوێندنگە و زانكۆكان كردووە كە هاوكارییان بكەین، هەروەها زۆربەی منداڵە شەهیدەكانمان لەناو ئەو پڕۆژەیەدا سوودمەند بوون.

* ئایا لە ئەمساڵیشدا لەگەڵ دەستپێكردنی خوێندن دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی بە سەر قوتابیاندا دابەش دەكات، بەتایبەتی بەسەر قوتابیانی ئازیزان و منداڵانی شەهیداندا؟

- ئێمە بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستماندایە، هەرگیز درێخیمان نەكردووە و نایكەین بەرامبەر ئازیزان و قوتابیانی دیكەی منداڵی شەهیدە سەربەرزەكانی كورد و كوردستان، لە ئەمساڵیشدا هەوڵ دەدەین بەرنامەی هاوكاری و پاڵپشتیی قوتابیان بەتایبەتی قوتابیانی ئازیزان و منداڵانی شەهیدان دەست پێ بكەینەوە و لەم ڕووەوە چەند بەرنامە و كارمان لەبەردەستدایە، گرنگیدانمان بە سێكتەری پەروەردە و قوتابیان لەژێر ڕۆشنایی وتارەكەی سەرۆك بارزانیدایە و لەم پێناوەدا لە ناوەندەكانی خوێندن و سێكتەری پەروەردە بەگشتی و 181 پڕۆژەی چالاكیی پەروەردەییمان هەبووە، كە دیارترینیان بریتی بوو لە نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی كۆنن و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە. 

Top