پیاوێکی جەزائیری ژنەکەی و ٣ منداڵەكەی خنکاند
لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا تاوانی ترسناک لە جەزائیر ڕوویانداوە، کە بازنەی ئەم وڵاتەی تووشی شۆک کردووە.
دڕندانەترین تاوان لە حەفتەی ڕابردوو ڕوویداوە، كاتێك پیاوێک لە پارێزگای عنابه کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی دڕندانە ژن و سێ منداڵەکەی خنکاندووە، پاشان لە نهۆمی سێیەمی بیناکە بۆ خۆكوشتن خۆی فڕێدرایە خوارەوە بەڵام نەمرد و ئێستا لە زینداندایە.
بە وتەی دراوسێ و کەسوکارەکەی ، ئەم کەسە دۆخێکی دارایی باشی هەبووە، تا ئێستا هۆکاری ئەم کارە دڕندانەیە دیاری نەکراوە.
لەم تاوانەدا ئەو کەسەی کە قسەی لەسەر دەکرێت ٣ کوڕەکەی خۆی خنکاندووە کە یەکێکیان تەمەنی ١٥ ساڵ بووە و دووانەکانیش ١٢ ساڵ بوون.
کەیسێکی دیکە کە جارێکی دیکە کاریگەری لەسەر ڕای گشتی جەزائیر هەبوو، کوشتنی مامۆستایەکی زانکۆ بوو بە چەقۆ لە شاری الصومعه لە پارێزگای البلیده.
پۆلیسی جەزائیر شەش کەسی دەستگیرکردووە، كە پەیوەندیان بەم كەیسەوە هەیە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو تۆمەتباری دیکەی هەڵاتوو دەرکردووە.
لە کاتێکدا بازنە جۆراوجۆرەکانی جەزائیر داوای لە سێدارەدانی تاوانبارانی ئەو کەیسانەیان کردووە، هەندێک بازنەی ئەم وڵاتە دژی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە تا ئێستا هیچ سزایەکی لە سێدارەدان لە جەزائیر جێبەجێ نەکراوە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیندانی هەتاهەتایی بۆ تاوانباران دەردەكرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل