دلێر عەبدوڵڵا حەسەن بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بۆ گوڵان: لە سیستمی پەروەردەدا دەست بە گۆڕانكاری و چاكسازیی بەرچاو كراوە  

دلێر عەبدوڵڵا حەسەن  بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بۆ گوڵان:  لە سیستمی پەروەردەدا دەست  بە گۆڕانكاری و چاكسازیی  بەرچاو كراوە   

 

پڕۆسەی پەروەردە گرنگییەكی بنەڕەتی و چارەنووسسازی هەیە لەسەر ڕەوتی كۆمەڵگە و پاشەڕۆژی هەر وڵاتێك، كە پێویستە بەردەوام بایەخی جددی پێ بدرێت و، گۆڕانكاری و چاكسازیی پێویستی تێدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە و ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ دلێر عەبدوڵڵا حەسەن بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر.

 

* پەتای كۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوو كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندن هەبوو، بەڵام ئایا تێكڕای قۆناخەكانی خوێندن بە پۆلی (12)شەوە، هەموو پڕۆگرامەكانیان تەواو كرد و پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی ڕابردوو بە سەركەوتوویی كۆتایی هات؟

- پەتای كۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی جیهان كاریگەریی لەسەر تەواوی سێكتەرەكانی ژیان هەبووە، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبووە لەو پەتایە، بێگومان تا ڕاددەیەك پڕۆسەی خوێندن زەرەرمەند بوو، بەڵام وەزارەتی پەروەردە هەوڵی دا بە پلانی تایبەت چارەسەر و قەرەبووی ئەو لەدەستچوونی پڕۆگرامانە بكات، كە قوتابیان نەیانتوانیبوو لەناو پۆلەكان بیخوێنن، ئەویش بە ئامادەكردنی پلاتفۆرمێكی پەروەردەیی و وێبسایتێك بە ناوی (ئیوانە)، ئەم ئیوانەیە تەواوی وانەكانی قوتابی لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە ڤیدیۆ تێدا تۆمار كرابوو، لەلایان باشترین و ناودارترین مامۆستایانی هەرێمی كوردستانەوە و وانەكان وەك ئەوەی قوتابی لە پۆل دانیشتبێت، دەوترانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی پڕۆگرامەكانی خوێندن كۆپی كرابوون بە شێوەی (پی دی ئێڤ)، لە بەردەستی قوتابیاندا بوو، هەوڵ درا لە ڕێگای ئەو وێبساتەوە قوتابیان قەرەبووی وانەكانیان بكەنەوە بە گوێگرتنی وانەكان لە ماڵەوە، بەڵام بۆ پۆلی 12 هەوڵ درا زۆرترین وانەكانیان لە ناو پۆلدا بخوێندرێت و ئامادە بكرێن بۆ ئەزموونە گشتییەكان، دەرئەنجام لە كۆتاییدا هەست كرا كە هەندێك بابەتی كۆتاكان لە هەندێ وانەی زانستی نەخوێندراون، بۆیە وەزارەتی پەروەردە كەمكردنەوەی لە هەندێ بابەت ئەنجام دا و، دەتوانین بڵێین ساڵی ڕابردوو پەتای كۆرۆنا ڕاستە كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندن هەبووە، بەڵام بە هۆی ئەو پلانانەی وەزارەتی پەروەردە دایڕشت، قەرەبووی خوێندنی كردووە.

* وەك دەزانین كابینەی نۆیەم لە هەموو سێكتەرەكاندا گۆڕانكاریی باش و گرنگی ئەنجام داوە، ئایا لە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بۆ ساڵی ڕابردوو، یان لە تەمەنی ئەو كابینەیەدا هەست بە چ گۆڕانكارییەك دەكەیت؟

- بێگومان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی پاڵپشتی و هاوكارییەكی تەواوی وەزارەتی پەروەردە كرا، بە دروستكردنی چەندین باڵەخانە، چ لە ڕێگای داهاتی حكومەت، یان لە ڕێگای دامەزراوە مەدەنییەكان و ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و كەسانی خاوەن دەرامەتەوە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری قوتابخانەكان لە سەرجەم پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان نۆژەن كراونەتەوە، لە هەمان كاتدا بە فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەت بۆ ساڵی ڕابردوو دوو جار هاوكاری بۆ تەواوی ناوەندەكانی خوێندن تەرخان كراوە و هەر جارێك بڕی سێ ملیار دینار بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی كارگێڕی خەرج كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەزامەندییان داوە بە پێدانی پارەی كرێی فرۆشگاكان بە ناوەندەكانی خوێندن، هەموو ئەو هاوكارییانە بۆ ئەوە بووە كە ناوەندەكانی خوێندن بتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن، هاوكات چاپكردنی پەڕتووكەكان بە ڕێژەی 100% بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن و دابینكردنی نەوتی سپی بۆ تەواوی قوتابخانەكان، بە تایبەت بۆ شوێنە سارد و دوورە دەستەكان و گوندەكانی سەر سنوور. لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە سیستمی خوێندن گۆڕانكارییەكی بەرچاو بكات و تەواوی كارەكانی وەزارەتی پەروەردە بە ئەلكترۆنی بكات، لە پڕۆسەی ئەزموونە گشتییەكان داهێنان و گۆڕانكاریی گەورە ئەنجام دراوە، لە دانانی شێوازی پرسیار و گرووپ و نووسینی ناو و كۆد و زانیارییەكانی قوتابی لەسەر پرسیار، هەروەها فۆڕمی (سۆما) كە قوتابی لەسەری وەڵام دەداتەوە، تەواوی گۆڕانكاریی تیا كراوە و تەواوی زانیاریی قوتابی لەسەر تۆمار كراوە و، لەسەر هەمان فۆڕمی سۆما وێنەی قوتابی لەسەر كۆپی دەكرێت، لە ئەنجامدا قوتابی فۆڕمی سۆما و پرسیارەكان بە تەواوی زانیاری و وێنەی خۆیەوە وەردەگرێت، كە تایبەتمەندە بەخۆیەوە، هاوكات ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان لە پڕۆسەیەكی گەورەی وەزارەتی پەروەردە دەستی پێ كردووە، كە بۆ ئەمساڵی خوێندن جەخت لەوە دەكاتەوە سەرجەم مامۆستایان بەشداریی خولەكان بكەن، تاوەكو هەر مامۆستایەك زانیاریی نوێ لەسەر پڕۆگرامەكەی خۆی لە شێوازی وانەوتنەوەدا بەدەست بهێنێت.   

* ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە زیادبوونە، بەو پێیەش ژمارەی قوتابیان لە زیادبووندایە، ئایا بینایەی قوتابخانە و ژمارەی مامۆستایان بەپێی پێویستە، یان پێویست بەوە دەكات بۆ دروستكردنی بینایەی زیاتر بەرنامەو پلان هەبێت؟

- راستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكی تەواوی كەرتی پەروەردەی كردووە، بەڵام قەیرانە داراییەكانی ساڵانی ڕابردوو و شەڕی داعش كاریگەرییەكی زۆریان هەبووە، ئەگەرچی بەپێی ئەو توانا و ئیمكانیاتەی حكومەت هەیبووە لە دروستكردنی بینایەی قوتابخانەدا، درێغی نەكردووە، هاوكات ڕێكخراوە مەدەنییەكان و خەڵكی خێرخواز لەو بارەوە هاتوونەتە پێش، بۆ هاوكاریكردنی حكومەت بە دروستكردنی بینایە بۆ قوتابخانە، لەگەڵ ئەوەشدا ناڵێین 100% قوتابخانە بە پێ پێویست دروست كراون، بەڵكو ئێستاش پێویستمان بە دروستكردنی چەندین باڵەخانەی قوتابخانە هەیە، بەتایبەت لەو گەڕەكە تازانەی ناو شاری هەولێر كە ڕۆژانە ژمارەی دانیشتووانیان لە زیادبووندایە، هاوكات چەندین قوتابخانە هەیە بینایەكانیان كۆنن و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هەندێ بینایەی قوتابخانەشمان هەیە كە زۆر كۆنن و پۆلیان كەمە و ناتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت، ئەو بینایانەش پێویست بەوە دەكات سەرلەنوێ بە زیادكردنی پۆلەكانیان نۆژەن بكرێنەوە، هاوكات جەنابی سەرۆكی حكومەت بڕیاری داوە بە تەرخانكردنی سێ ملیار دینار، بۆ زیادكردنی پۆل لە هەر قوتابخانەیەك كە پۆلەكانیان كەم بێت.

* ئایا قوتابخانەی دوو، سێ دەوامی ماوە، ئەگەر ماوە چۆن چارەسەر دەكرێت؟

- بەڵێ، قوتابخانەی دوو دەوامی زۆرن لە ناو باڵەخانەكانی خوێندن، هەندێكیان یەك دەوامین، كە ئەوانیش قوتابخانە ئامادەییەكانن، لە ناو شاری هەولێر تەنیا یەك قوتابخانەمان سێ دەوامی بوو، ئەمساڵ توانیمان ئەویش نەهێڵین و چارەسەری بكەین، ساڵانە چەندین مامۆستای بەئەزموون خانەنشین دەبن، ئەگەرچی بە هۆی قەیرانەكانەوە دامەزراندن نەكراوە لەسەرجەم سێكتەرەكان، وەزارەتی پەروەردەش بەدەر نییە لەم قەیرانانە، هەر بۆیە نەتوانراوە بەپێی پێویست مامۆستا دابمەزرێن بۆ ناوەندەكانی خوێندن، بەڵام لە بری دامەزراندن، بڕیار دراوە بە دانانی مامۆستایانی وانەبێژ، بەتایبەتی دەرچووی كۆلێژەكانی پەروەردە و پەروەردەی بنیات، كە ئەمانە ئامادەكراون لە ئەركی مامۆستایەتی و پسپۆڕن لە زانیاری و شێوازی وتنەی وانە بە قوتابیان، لەلایەكی دیكەوە هەوڵ دراوە شوێنی مامۆستایانی خانەنشین بە ڕێكخستنەوەی میلاك لە ناوەندەكانی خوێندن پڕ بكەینەوە.

* پلان و بەرنامەی ئەمساڵتان بۆ خوێندن چۆنە و ئایا دەتوانین بڵێین بەپێی ستانداردی جیهانییە؟

- خوێندن لە هەرێمی كوردستان بە شێوازێكی سەردەمییانەیە و، بەپێی ستانداردە جیهانییەكان بەڕێوە دەچێت، هەوڵ دراوە هەموو ئەو بنەمایانەی خوێندنی لەسەر بنیاد بنرێت، ناڵێین كەموكووڕی نییە و ئێمە پێویستمان بە هیچ شتێك نییە، بەڵكو پێویستیمان بەتایبەت بە باڵەخانەی قوتابخانە هەیە و، بۆ چارەسەركردنی ئەو لایەنەش وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی حكومەت دەستەوەستان نەوەستاوە، بەڵكو گۆڕانكاریی باشی ئەنجام داوە و توانراوە پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و بە ستانداردی جیهانی بەڕێوە بچێت.

* خوێندنی پیشەیی تاچەند توانیویەتی كادیر و كەسانی پێویست بە بازاڕ دروست بكات؟

- وەزارەتی پەروەردە بە گرنگییەكی تەواوەوە پلانی تایبەتی هەیە بۆ خوێندنی پیشەیی و لە هەوڵی بەردەوامدایە كە بتوانین كادیر و كەسانی بەئەزموون دروست بكەین و بەپێی پێویستی كۆمەڵگە سوودیان هەبێت، ئەمساڵ هەوڵ دراوە ئەو پێداویستییانەی ئامێر و كەلوپەل كە خوێندنی پیشەیی پێویستیان پێیەتی، بۆیان دابین بكرێت، واتە بۆ بەرەوپێشەوەچوونی خوێندنی پیشەیی بڕە پارەیەكی باش تەرخان كراوە، سالانەش بەپێی ڕێكخراوە جیهانییەكان كار بۆ ئەوە دەدرێت كە خوێندنی پیشەیی بەرەو پێشەوە بچێت، كار لەسەر ئەوە كراوە كە تەواوی پڕۆگرامەكانی پیشەیی سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و بەپێی زانست و ستانداردی نوێی جیهان دابڕێژرێتەوە، چونكە هەندێك لە پڕۆگرامە پیشەییەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بەم سەردەمە كۆن بوون و پێویستیان بە گۆڕانكاری و نوێكاریی سەردەمییانە هەیە، ئێستا بەشی زانستی كۆمپیوتەر لە بەشی پیشەیی زیاد كراوە، كە ئەمەش هۆكارێكە كە كادیری باش و سەركەوتوو پێدەگەیەنێت، كە لە سەرجەم كایەكانی ژیاندا پێویستیمان پێیان هەیە، كار بۆ ئەوە دەكرێت چەندین بەشی دیكە كە كە لەگەڵ ئەو سەردەمە دەگونجێت، لە خوێندنی پیشەییدا زیاد بكرێت، وەك بەشی گەشتوگوزار، هەر بۆیە وەزارەتی پەروەردە پلان و بەرنامەیەكی تێروتەسەڵی هەیە بۆ زیادكردن و بەرفرەوانكردنی خوێندنی پیشەیی، بەپێی پێویستی كۆمەڵگە و سەردەمەكە.

* قوتابخانەی گشتی و ئەهلی جیاوازییان چییە و بۆچی خەڵكانێك لە كەرتی تایبەتدا پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن؟

- وەزارەتی پەروەردە گرنگییەكی تەواو بە قوتابخانەكانی كەرتی گشتی دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتیی قوتابخانە ناحكوومییەكانیش دەكات، بەردەوام ئێمە هەوڵ دەدەین كوالێتیی خوێندن لە قوتابخانە حكوومییەكان بەرز بكەینەوە، بە ئەندازەیەك كە پێویست نەكات قوتابی هانا بۆ قوتابخانەی ئەهلی ببات، ڕێگریش نین كە قوتابی ڕوو لە قوتابخانەی ئەهلی بكەن. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئاستی خوێندن لە كەرتی حكوومی زۆر باشترە لە ئەهلی، هەر بۆ نموونە ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان ئەو قوتابیانەی پلەی بەرزیان لە پۆلی 12ی ئامادەیی هێناوە، زیاتریان لە قوتابخانە حكوومییەكانن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنیت كە كوالێتیی خوێندنی حكوومی باشە و مامۆستاكانی بەپێی پێویستن و، سەرجەم بنەماكانی خوێندن لە خوێندنی حكوومی هەیە و ساڵانە یەكەمەكانی پۆلی 12 لە قوتابخانە حكوومییەكانن. بۆ خوێندنی ئەمساڵ ڕێژەیەكی زۆر لە قوتابیانی خوێندنی ئەهلی ڕوویان لە خوێندنی حكوومی كردووەتەوە، چونكە ئەو پڕۆگرام و شێواز و سیستمەی لە خوێندنی حكوومی پیادە دەكرێت، سەركەوتوو بووە.

 

Top