بڕیاری دابینکردنى پێداویستییەکانى خوێندن بە بڕى ٢٠ ملیار دینار درا

بڕیاری دابینکردنى پێداویستییەکانى خوێندن بە بڕى ٢٠ ملیار دینار درا

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى ٢٠ ملیار دینار، بڕیارى دابینکردنى پێداویستییەکانى ناوەندەکانى خوێندنى داوە کە لاپتۆپ و داتاشۆ و فۆتۆکۆپى و پرێنتەر و وایتبۆرد و ڕەحلە و سۆپا و موبەڕیدە و تانکى ئاو دەگرێتەوە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش، لە نووسراوێکى فەرمى کە ئاڕاستەى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پەروەردەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى کردووە، چوار خاڵى خستووەتە ڕوو بۆ ڕەچاوکردنى دابەشکردنى دروست و تەواوى ئەو کەلوپەلانە.
لەسەر بڕیارى وەزیرى پەروەردە، دابەشکردنى ئەو کەلوپەلانە تەنیا بۆ ناوەندەکانى خوێندنە نەک دیوانى پەروەردەکان و کەلوپەلەکانیش لە ڕێکەوتی جیاواز جیاواز دەگەنە وەزارەت، بۆیە بە شێوەى جیاوازیش دەنێردرێن بۆ ناوەندەکانى خوێندن.
کەلوپەلەکانیش بریتین لە: (لاپتۆپ: ٥ هەزار و ٥٢٩ دانە)، (داتاشۆ: ٢ هەزار و٨٠٢ دانە)، (فۆتۆکۆپى: ٢ هەزار و٤٤٥ دانە)، (پرێنتەر: ٤ هەزار و ٦٥٣ دانە)، (وایت بۆرد: ٢٠ هەزار و ٥٢٦ دانە)، (ڕەحلە: ٥٢ هەزار و ٧٩٢ دانە)، (سۆپا: ١٣ هەزار و ٦٧٧ دانە)، (موبەڕیدە: ٤ هەزار و ٥٧٦ دانە) و (تانکى ئاوى خواردنەوە: ٤ هەزار و ٥٥٠ دانە).


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ی ئابی ٢٠٢٢

Top