بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەی ئێران ٩٦ کەس گیانیان لەدەستداوە
بەپێی دوایین ئاماری مردن بەهۆی لافاوەوە كە دەست كەوتوون ، لە دوایین جاردا ٩٦ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
عەباس مەسجدی ئارانی سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی دادی ئێران سەبارەت بە دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بە لافاو، گوتی: بەپێی دوایین ئاماری گیانلەدەستدانی لافاو لە لافاوەكەی ئەم دواییەدا 96 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەلایەنی کەم 42 کەس لەپارێزگای تاران گیانیان لەدەستداوە. هەروەها پارێزگاکانی دیكەش 2، 4، 7 بۆ 20 قوربانییان هەبووە.
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی ئیسنا، سەبارەت بەوەی کە ئایا هێشتا پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەكان بەردەوامە و ئایا ڕەنگە ئاماری دیکەی بۆ زیاد بکرێت یان نا، گوتی: لەم دواییانەدا هیچ تەرمێکی دیكە بۆ ئێمە نەنێردراوە، هەروەها کاری ناسینەوەی تەرمەكان تەواو بووە.
جێی ئاماژەپێدانە كە 24 پارێزگای ئێران لافاوی گرتووەتەوە، لەوانە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ، ئەسفەهان ، ئەلبۆرز ، بوشهر ، تاران، چوارمحال و بەختیاری، باشووری خوراسان، خوراسان رەزەوی، خوزستان، زنجان، سمنان، سیستان وبەلوچستان، فارس، قەزوین، قەم، کرمان، کهگیلویه و بویراحمد،گلستان، لۆرستان، مازندەران، مەرکەزی، هورمزگان، هەمەدان و یەزد .
گوڵان: سەردار خەلیل