مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی 16ی ئابەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 15/8/2022، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی 16ی ئاب ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی کردووە و رایگەیاندووە: "بە بۆنەی تێپەربوونی حەفتاوشەش ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان. پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین وھیوادارین ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە پێناو ڕەوینەوە وتێپەڕاندنی گشت ئەو لەمپەڕانەی کەلەسەر رێگەی لێکتێگەیشتمان لە کاری هاوبەش لە کوردستان و عیراق و بە تایبەتی لەرێی گەشەپێدانی سیاسەتێکی دادپەروەرانەی کوردستانیی حوکمڕانی و ئابووری و خزمەتگوزاریدا دروست بوون".
ئاماژە بەوەش دراوە: "هەر لەم یادەدا ئومێدەوارین پرس و جوڵە سیاسیەکانی جیهان و ناوچەکە وعیراق بەهەند وەربگیرێت وگشت ھێزولایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانمان بە جۆرێک یەکبخەین کە لە قازانجی یەکریزی و پێکەوەیی گەلەکەماندا بێت، بە تایبەت لە بەغدا بە یەک پاکێجی نیشتمانی وکوردستانییەوە ڕوبەڕووی ئەوبارودۆخە نەخوازراوەی ئێستای عیراق ببینەوە بۆ دەربازکردنی ووڵات لەو دۆخەی تێیکەوتوە".
هەروەها لە پەیامەکەی یەکێتی ئەوەش خراوەتە روو: "جارێکی تر ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆز بێت وسەرکەوتووبن".