یەکەم یارمەتیی خۆراکیی مرۆیی لە ئۆکرانیاوە بەرەو ئەفریقیا بەڕێ دەکەوێت

یەکەم یارمەتیی خۆراکیی مرۆیی لە ئۆکرانیاوە بەرەو ئەفریقیا بەڕێ دەکەوێت

 

بە پێی هەواڵێكی ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا یەکەم کەشتی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکرێگیرابوو وا بڕیارە دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بۆ ئەفریقیا بگوازێتەوە کە ڕۆژی هەینیەوە لە ئۆکرانیا لەنگەری گرتووە.

 

کەشتییەکە یەکەم باری خۆراکی مرۆیی دەگوازێتەوە بۆ ئەفریقیا بەپێی پلانێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو دانەوێڵانەی کە بەهۆی شەڕی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا گیریان خواردووە و یارمەتی ڕزگاربوون لە قەیرانی خۆراکی جیهانی دەدەن.

 

ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ وەزیری ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا لە تویتێکدا نووسیویەتی، کەشتییە تازەکە لە بەندەرەکەدا 23 هەزار تەن دانەوێڵە باردەکات و بەرەو ئەسیوپیا بەڕێ دەکەوێت. ئه‌م وڵاتەی ئەفریقیا له‌گه‌ڵ سۆماڵ و کینیا ڕووبه‌ڕووی خراپترین وشکه‌ساڵی ناوچه‌که‌ بوونەتەوە لە ماوەی 40 ساڵەی ڕابردوودا.

 

ئاژانسەكانی هەواڵ دووپاتیان كردەوە كە بەپێی لێدوانی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ کەشتی MV Brave Commander  ڕۆژی هەینی گەیشتە شاری یوژنی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆدێسا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش، دوای بارکردنی گەنم گەشت دەکات بۆ جیبۆتی، لەوێ دانەوێڵەکە دادەبەزێنرێت و دەنێردرێت بۆ ئەسیوپیا.

 

 

Top