نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی لافاو لە یەمەن ٧٧ کەس گیانیان لەدەستدا
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: كە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا 77 کەس بەهۆی لافاوەوە لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، کە لە 28ی تەمووزەوە تا 10ی ئابی ئەمساڵ 77 کەس بە ژمارەیەک منداڵەوە بەهۆی لافاوەوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، 35 هەزار خێزانی یەمەنی بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و ناچار ماڵەكانیان جێهێشتووە و ڕوویان لە شوێنی سەلامەت كردووە.
هەروەها ئەم دامەزراوەیە ڕاشیگەیاندووە: كە بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی، بارانبارینی بەخوڕ لە یەمەن تا 20ی ئاب بەردەوام دەبێت.
جێی سەرنجە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەمەن تووشی کەمیی ژێرخانێکی سەخت بووە و باران بارینی بەخوڕ دەرئەنجامی قورسی لێکەوتووەتەوە.
باران بارینی بەخوڕ لە زۆرێك لە ناوچەكانی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و گیان لەدەسدانی دەیان کەس، هەروەها بووەتە هۆی وێران بوونی هەزاران خانوو كە بۆ ژیان كردن لە كەڵك کەوتوون.
گوڵان: سەردارخەلیل