ڕۆڵی زانكۆ لە بنیاتنانی تواناكان لە بواری ژینگەپارێزیدا
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕۆڵ و پێگەی ژینگە و ژینگەپارێزی زیاتر بۆ كۆمەڵگە و دەوڵەتان دەردەكەوێت، بۆیە مافی ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەتدا خراوەتە نێو زۆرێك لە دەستووری وڵاتانەوە، وەك لە ماددەی 33ی دەستووری عێڕاقیشدا هاتووە كە: «هەر تاكێك مافی ژیانی لە بارودۆخێكی ژینگەیی سەلامەتدا هەیە».
تازەترین هەنگاوێكی جیهانییش لەم بوارەدا بەپێی ئاژانسی هەواڵی «ئەسۆشییەتد پرێس» بریتی بوو لە هەنگاوی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 29/7/2022 بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا لەسەر مافی مرۆڤ بۆ ژیان لە ژینگەیەكی تەندروستی بەردەوامدا.
تەنانەت (ئەنتۆنیۆ گۆتیریش)ی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو دەنگدانەی بە بڕیارێكی مێژوویی وەسف كرد، ئەوەیشی گوت كە پەسەندكردنی ئەم بڕیارە تەنیا سەرەتایەكە و هەموو دەوڵەتانیشی هان دا كە ژینگەی خاوێن و تەندروست بكرێتە مافی هەمووان لە هەموو شوێنێك، لە دەنگدانیش بۆ پەسەندكردنی ئەم بڕیارە (161) دەوڵەت پشتیوان بوون، هیچ دەوڵەتێكیش دژ نەبوو، بەڵام هەشت دەوڵەت بێلایەنییان هەڵبژارد كە ئەوانیش بریتیی بوون لە هەر یەك لە: چین،ڕووسیا، بیلاڕووسیا، كەمبۆدیا، ئێران، سووریا، قیرغستان و ئەسیوبیا.
شایانی باسە هەرچەندە بڕیارەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هێزی پابەندكردنیان نییە لە ڕووی یاساییەوە، بەڵام دەكرێت ئەم بڕیارە وەك هەنگاوێكی باش بۆ ئایندە تەماشا بكرێت.
چەسپاندنی ئەم مافە لە هزری تاكدا پێویستە لە قۆناغی سەرەتایی پەروەردە و فێركردنەوە دەست پێ بكات، چونكە ئامانجی پەروەردەی ژینگەیی بریتییە لە بەرچاوڕوونكردنی تاك بۆ دروستكردنی ڕۆشنبیری لە بارەی گرنگیدان بە ژینگە بە شێوازێكی بەرپرسیارانە و كاریگەر.
بۆیە پەروەردەی ژینگەیی لە هەوڵی بڵاوكردنەوەی زانیاریی ئەوتۆیە كە ڕەفتار و چالاكییەكانی تاك و كۆمەڵگە ئاسەواری زیانبەخش بە سەر ژینگەوە بەجێ نەهێڵن، هەروەها ڕێگایەك بۆ تاك دیار بكات، بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ ژینگەدا و بۆ پێكهێنانی هۆشیارییەكی پێویست سەبارەت بە ڕۆڵی ژینگەپارێزی لە جیهانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانەی كە لە هەر بوارێكدا دەدرێن، ئاسەواری خراپیان لێ نەكەوێتەوە لەسەر ژینگە و خودی مرۆڤیش.
سەبارەت بە خوێندنی باڵا و ڕۆڵی خوێندكارانیش لە پاراستنی ژینگەدا دەتوانین ئاماژە بەو هاوكاری و هەماهەنگییانە بكەین كە ساڵانێكە لەسەر ئاستی جیهاندا لە نێوان دەزگا فەرمییەكانی ژینگە و زانكۆكاندا هەیە.
بۆیە لەم بوارەدا دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە كە یاداشتنامەی لەیەكگەیشتن لە نێوان فەرمانگەكانی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و زانكۆكانی سنوورەكەیاندا واژۆ بكرێت بە مەبەستی هەماهەنگیی ژینگەیی، سەرەتای ئەم هەنگاوەش بە واژۆكردنی یاداشتنامەی لەیەكگەیشتنی نێوان فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و بەشی زانست و تەندروستیی ژینگەی كۆلێژی زانستی زانكۆی سەڵاحەددین دەستی پێ كرد بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای هەولێر و
بەشی زانست و تەندروستیی ژینگەی كۆلێژی زانستیی زانكۆی سەڵاحەددین :
بە مەبەستی زیاتر لە یەك نزیككردنەوەی هەردوو لایەنی تیۆری و كرداری لە بواری ژینگەدا، بەشی زانست و تەندروستیی ژینگەی كۆلێژی زانستی زانكۆی سەڵاحەددین و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕێككەوتن لەسەر واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن كە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە لەخۆدەگرێت:
1- بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا بەئەنجامدانی توێژینەوە لەلایەن بەشی زانست و تەندروستیی ژینگە لە بارەی ئەو پرسە ژینگەییانەی كە لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێرەوە بە پێویست دەزانرێن و لە توانای بەشی زانست و تەندروستیی ژینگەشدان.
2- هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا بۆ پێداچوونەوە بە هەندێك لایەنی پڕۆگرامی خوێندن لە بەشی زانست و تەندروستیی ژینگە كە هەردوولا بە پێویستی بزانن.
3- ڕێكخستنی خولی هاوینە لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بۆ قوتابیانی قۆناغی سێیەم بۆ زیاتر ئاشنابوون بەو بوارە كردارییەی كە لە ئایندەدا پێویستییان پێ دەبێت.
4- هەوڵدانی بەشی زانست و تەندروستیی ژینگە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو ناونیشانانە بۆ قوتابیانی دواقۆناغی بەش كە گرفتێكی ژینگەیی لە سنووری پارێزگای هەولێردا چارەسەر دەكەن و، لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت.
5- هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ كردنەوەی خولی تایبەت بەو دەرچووانەی بەشی زانست و تەندروستیی ژینگە كە ئارەزووی كاركردنیان هەیە وەك چاودێری ژینگەیی دابمەزرێن لەسەر پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت بە ڕەچاوكردنی مەرج و ڕێنماییەكان و ساڵی دەرچوونی قوتابیان.