دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمدا 1212 پڕۆژەمان پەسەند كردووە كە 298یان بارزگانی و 914شیان پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و سێكتەری دیكە بوون
وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا تا دێت ڕوو لەزیاد بوون دەكات. ئامار و داتاكانی ئەم بوارە ئەو ڕاستییە دەخەنەڕوو، ئاراستەی وەبەرهێنان لە سێ ساڵی ڕابردوودا جگە لە زیادبوونی قەبارەی وەبەرهێنان بۆ نزیكەی 12 ملیار دۆلار و پەسەندكردنی 1212 پڕۆژە لە ڕووی فرەچەشنكردنی ئابوورییشەوە هەنگاوێكی گەورە نراوە. لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر گرنگترین سێكتەرەكانی وەبەرهێنان و پلان و نەخشەی وەبەرهێنان كرد و هەنگاوەكانی دەستپێكردنی 20 هەزار شوقەشی بۆ كرێچیان ڕوون كردەوە. بۆقسەكردن لەسەر ئەم وەرچەرخانە لە بواری وەبەرهێنان و پەرەپێدانی بەردەوامدا، د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمدا تا چەند توانراوە وەرچەرخانێك لە شێوازی وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت؟
- لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكومەت كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، وەبەرهێنان هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە بەرەو دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان و ڕاستكردنەوەی ئاراستەی وەبەرهێنان و هەمەجۆركردنی وەبەرهێنان بەتایبەتی لە سێكتەرە بەرهەمهێنەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاریدا، بەمەش ستراتیژیەتی وەبەرهێنان جگە لەوەی كاركردن بووە بەرەو بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم، كاری گەورەش كراوە بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری تاوەكو هەرێمی كوردستان لە ئابوورییەكی ڕەیعییەوە هەنگاو بەرەو ئابوورییەكی فرەچەشن بنێت، لەم ئاراستەیەشدا هەنگاوی زۆر باش هەڵگیراون، بەڵام گەیشتن بە ئابووریی خۆبژێویی ئەوتۆ كە بتوانین تەنیا پشت بە خۆمان ببەستین و پێویستمان بە هیچ لایەك نەبێت، ئەمەیان لە واقیعی ئێستای ئابووریی جیهان و نێودەوڵەتی و عێراقیدا كارێكی ئاسان نییە، هەمووان دەزانن كۆرۆنا و شوێنەوارەكانی و دابەزینی بەهای نەوت و بڕینی پشكی بودجەی هەرێم لە بەغدا، تەحەددای گەورە بوون لە بەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان و نەبوونی سیولەی نەختینەیی پێویست بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ. بەڵام ئیرادەی سەرۆكی حكومەت و خۆڕاگریی هاووڵاتیانی كوردستان و پاڵپشتیكردنی حكومەتەكەیان بووە هۆكاری سەرەكی بۆ زاڵبوون بە سەر ئاستەنگەكاندا و حكومەت و هاووڵاتی بوونە بنەمای سەرەكیی سەركەوتنی حكومەت بە سەر ئەو هەموو قەیران و گرفت و گێچەڵەدا. ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنان توانیمان لە ماوەی سێ ساڵی دەستبەكاربوونی كابینەكەدا ئەو ڕێوشوێنانە بگرینەبەر كە ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم وەبەرهێنەران كەم دەكاتەوە و ڕۆتین و بیرۆكراتیەتی كوشندە ناهێڵێت، ئەمە وێڕای دەركردنی ڕێبەری وەبەرهێنان و پلانی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی توێژینەوەو دیراساتی ورد و زانستی لەسەر ئەو سێكتەرانەی كە ژینگەی سرووشتی و مرۆیی هەرێمی كوردستانی تێدا لەبارە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان و ئێستاش سەرقاڵی دروستكردنی نەخشەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانین كە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان نەخشەی تایبەتی وەبەرهێنانمان دروست كردووە، لە قۆناغی داهاتووشدا هەوڵەكانمان چڕ دەكەینەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی زیاتر ڕابكێشینە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەبەرهێنەرانی ئەمریكی و هیندی و چینی و بەریتانییەكان»، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە بەتایبەتی كۆمپانیاكانی توركیا و ئێران و وڵاتانی كەنداو، حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ كۆمپانیا و دامەزراوەكانی زۆر وڵاتانی بیانی هەیە و هەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی سوود لەم پەیوەندییانە وەربگرین و بەهێزی بكەین و پێكەوە كار بۆ ژێرخانێكی پتەوی ئابووریی كوردستان بكەین، ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی كاری باشی وەبەرهێنانمان بە ڕووی بازرگان و پیشەسازیكاران و سێكتەرە جیاجیاكاندا واڵا كردووە و خۆشبەختانە لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت و ژوورە بازرگانییەكانەوە دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە.
* هەڵبەتە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم گرنگیدان بووە بە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری، تاچەند لەم ڕووەوە هەنگاوتان ناوە لە جێبەجێكردنی ئەم بەشەی كارنامەكەی حكومەتدا تا چەند سەركەوتوو بوون؟
- پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی شوێنەوارەكانی شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و پەتای كۆرۆناوە زۆربەی پڕۆژەكان ڕاوەستابوون، هەرێم لە ژێر باری بارگرانییەكی قورسدا بوو، لەم بارودۆخەدا وەبەرهێنەرانمان هان دا بۆ دەستبەكاربوونەوەی پڕۆژەكانیان و ئاراستەمان كردن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری، لەم ڕووەوە 1212 پڕۆژەمان پەسەند كرد كە تەنیا 298 پڕۆژەی بازرگانی بوون، ئەوی دیكەی پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی بوون، زۆربەی هەرە زۆری ئەو پڕۆژەیانە لە قۆناغی وەرگرتنی مۆڵەتدان و لەكاتی دەستبەكاربوون و تەواوبوونیان ڕۆڵی گەورەیان دەبێت بۆ دابینكردنی هەلی كار و بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم و پەرەپێدان و بووژانەوەی كەرتی بەرهەمهێن، لەم پڕۆژەیانەش تا ئێستا 202 پڕۆژە بە سەرمایەی 12 ملیار دۆلار مۆڵەتیان پێ دراوە كە 58یان پیشەسازین و 29یان گەشتیارییە و 22 پڕۆژەی فێركردن و خوێندنی باڵایە و 14شیان نیشتەجێبوونە و 12 پڕۆژەشیان تەندروستییە و لە بواری كشتوكاڵیشدا مۆڵەتمان بە 8 پڕۆژە داوە و سێكتەرەكانی دیكەش 11 پڕۆژەن.
* كەواتە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كە پێشتر ڕێژەیەكی زۆر بەرزی لەناو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان داگیركردبوو، ئێستا زیاتر بەرەو پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی چووین؟
- من لێرەدا دەمەوێت بابەتێك ڕاست بكەمەوە. وەنەبێت پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ڕووی لە كەمی كردبێت، بەپێچەوانەوە لە دەستپێكی كارەكانی كابینەكەدا ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەمان خستەوە كار و گرفت و كێشەی ژمارەیەكی دیكەشمان چارەسەر كردو مۆڵەتمان بە 14 پڕۆژەی دیكەش داوە، كۆنفڕانس و كۆڕبەندمان بۆ سەرجەم كەرتەكان لە ناویشیاندا كەرتی نیشتەجێبوون كردووەتەوە، ئەمە وێڕای دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو كرێچییانەی سوودمەند نەبوون، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان چەندین بڕیاری دەركردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وەبەرهێنان و ڕێنمایی نوێمان دەركردووە و دەسەڵاتەكانمان دابەزاندووەتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بەشی چاودێریی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانمان كردووەتەوە، پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونیش سوودێكی زۆری بۆ پڕكردنەوەی خواستی هاووڵاتیان بۆ یەكەی نیشتەجێبوون و بەگەڕخستنی بازاڕی كار و جموجووڵی كەرەستەی بیناسازی و بووژانەوەی وڵات هەیە، بەڵام لەم كابینەیەدا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی لە پێشەوەی وەبەرهێنان دێت و هەنگاوی گرنگیش بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری و فێركردن و تەندروستی نراوە.
* باسی پرۆسەی دروستكردنی 20 هەزار شوقەی نیشتەجێبوونت كرد. ئایا ئەم پڕۆژەیە بە كوێ گەیشتووە و تاچەند لە كاتی خۆیدا جێبەجێ دەكرێت؟
- ئەم پڕۆژەیە لەسەر فەرمان و بە چاودێریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كرێچییانە جێبەجێ دەكرێت كە هیچ سوودمەند نەبوون لە پڕۆژە و یەكە نیشتەجێبووەكانی دیكە، هەر پڕۆژە و كارێك بە ناوی بەڕێزیانەوە، بێت مومكین نییە ڕێگا بدەین بە نادادپەروەری و هەروا بەسەر كەسانێكدا دابەش بكرێت كە سوودمەند بوون، بۆیە پڕۆژەكە بە پرۆسەیەكی وردی چاودێری و بەدواداچوون و بە شەفافییەت بەسەر ئەو كرێچییانەدا دابەش دەبێت كە موستەحەقن، ئێمە وەكو دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ دەزگای كان و كۆمپانیای تیپسای هاوبەش لە ڕووی ڕاوێژكاری و ئەندازیارییەوە هاوكار و پاڵپشتی جێبەجێبوونی پڕۆژەكەن بە شێوەیەك لە ڕووی كوالێتی و خزمەتگوزارییەوە لە ئاستێكی بەرز و نموونەیی بێت كە شایستەی كرێنشینان بێت. بەمەش ئێمە لە ڕووی دیزاین و ئەندازیارییەوە پشتمان بە كۆمپانیایەك بەستووە كە 40 ساڵ ئەزموونی لە چەندین وڵات هەیە و لە 10 كۆمپانیا یەكەمەكەی جیهانە لە بواری بونیاتنان و ئەندازیارییەوە. ئامانجی سەرۆكی حكومەت لە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو كرێچیانەی سوودمەند نەبوون، كەمكردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانە كەمدەرامەتانەیە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بە دادپەروەرانە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ئەو شوقانە بە كوالێتیی بەرز و نموونەیی دروست بكرێن. لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری داواكاریمان بۆ هاتووە و فۆرمیان پڕكردووەتەوە كە نزیكەی 120 هەزار فۆرمە داتابەیسی ناوەكان دراوەتە لێژنەی تایبەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و خاڵبەندی دادەنرێت كە كێ موستەحەقی وەرگرتنی یەكەی كرێنشینانە، جگە لەمەش پرۆسەی وەرگرتنی زەویمان خێرا كردووە و لە هەوڵی ئەوەداین لە كۆتایی ئەم مانگەدا لە هەرێمی كوردستان لە چەند ناوچەیەك دەست بە دروستكردنی شوقەكان بكەین، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش قۆناغی دیكەی بەدوادا دێت.
* پیشەسازی بە شادەماری گەشەپێدان و بەدەستهێنانی ئابوورییەكی بەهێز دادەنرێت، هەوڵەكانی حكومەت لەم پێناوەدا بە كوێ گەیشتووە؟
- ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان پلانی نوێمان بۆ وەبەرهێنان و پێشخستنی كەرتی پیشەسازی داڕشتووە، دابینكردنی زەوی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ پێشخستنی پیشەسازی، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دیاریكردنی چەندین ناوچەی پیشەسازیی نوێ و مۆدێرن، من سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی فەرمانگەكانمان ڕاسپاردووە كە بە زووترین كات ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم دروستكردنی ناوچە پیشەسازییەكان چارەسەر بكەن و، ئاسانكاریی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بكەن . من خۆم ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكانی پیشەسازی دەكەم، ئەو 59 مۆڵەتەی دراوە بە پڕۆژەكانی پیشەسازی بە كۆی سەرمایەی یەك ملیار و 777 ملیۆن دۆلار سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە كەرتی پیشەسازی پێش خراوە و لە ڕیزبەندی یەكەمی وەبەرهێناندا دێت. هەروەها ئامانجمان فراوانكردنی وەبەرهێنانە لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆكان، ئێمە بە یەك چاو سەیری سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكەین، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەك پڕۆژەی وەبەرهێنان، پڕۆژەی گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازیی باشمان لە ئیدارە سەربەخۆكان ئەنجام داوە و ژمارەیەكی زۆریش مۆڵەتیان پێ دراوە و لە پلان و نەخشە و ڕێبەرەكانیشماندا هەموو دەرفەتەكانی وەبەرهێنانمان لەو ئیدارە سەربەخۆیانە ئاماژە پێ كردووە، پڕۆژە گەشتیارییەكان بەشێكی زۆری ئەم پڕۆژانەی پێك هێناوە.