40 ساڵ‌ چاوەڕوانی بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتەكانیان   ئەنفالی بارزانییەكان 31ی تەمموزی 1983

40 ساڵ‌ چاوەڕوانی بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتەكانیان     ئەنفالی بارزانییەكان  31ی تەمموزی 1983

 

 

لە 31ی تەمموزی ساڵی 1983 ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن قۆناغی دووەمی ئەنفالی گەلی كوردستانی دوای ئەنفالی كوردە فەیلییەكان لە (4ی نیسانی 1978) بە ئەنفالكردنی 8000 پیاوی بارزانی لە (31ی تەمموزی 1983) دەست پێ كرد و، دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 40 ساڵ بە سەر ئەم تاوانە گەورەیەدا، هەتا ئێستا نزیكەی 600 ڕووفاتیان بە دوو قۆناغ لە ساڵانی (2005 و 2014) دۆزراوەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، هەوڵەكانیش بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ڕووفاتەكانی دیكەش بەردەوامە.

 ڕۆژی شەمەی ڕابردوو (30ی تەمموزی 2022) ڕووفاتی 100 بارزانیی ئەنفالكراوی دیكەیان گێڕایەوە بۆ كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لایەن نوێنەرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كونسوڵخانەكانی وڵاتانی جیهان لە ڕێورەسمێكی شایستەدا پێشوازییان لێ كرا، پاشان گوازرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە بارزان و ڕۆژی 31ی تەمموزی 2022 لە گۆڕستانی ژینۆسایدی بارزانییەكان، لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا بە خاك سپێردران.

ئەنفالی بارزانییەكان بە ڕاگواستنیان دەستی پێ كرد، بارزانییەكان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق و دەست كرا بە وێرانكردنی دێهاتەكانیان و سووتاندنی دار و زەوییە بەپیت و چێنراوەكان و، تێكدانی ژینگەی دەڤەرەكە و تاڵانكردنی مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی خەڵكەكە.

ئەو بارزانییانەی بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزرابوون، لە ساڵی 1980 لە ئۆردوگای قوشتەپە لە هەر دوو كۆمەڵگەی قودس و قادسییە نیشتەجێ كران، پێش ئەمەش لە ساڵی 1978 هەندێكی دیكەیان ئەوانەی لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان مابوون، ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا و هەریر و بەحركە و گۆڕەتوو).

ئەم كارە دژە مرۆڤایەتی و شۆڤێنی و ترسنۆكانەیە كە لەلایەن ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێنەوە دژی ئەم خەڵكە سڤیل و بێتاوانە ئەنجام درا، ڕق و كینەیەكی شۆڤێنییانەی سیاسیی گەورە بوو دژی ڕابەرایەتیی بارزانییەكان لە ناو بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا و، ئەم ڕابەرایەتییەش كە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵ لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی-یەوە دژی ئمیپراتۆرییەتی عوسمانی دەستی پێ كردووە و تا گەیشتووەتە مستەفا بارزانی، كە ئەویش بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە ڕێبەرایەتیی بەدەست گرتووە و دوای ئەویش سەرۆك مسعود بارزانی كە لە ساڵی 1979 ڕێبەرایەتیی گرتە دەست و، لە ماوەی ڕێبەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی-دا لە ساڵی 1983 ژینۆسایدی بارزانییەكان جێبەجێ كرا.

 بەعس و سەدام حسێن، بە ئەنجامدانی ڕێككەوتنی 6ی ئاداری 1975 لەگەڵ شای ئێران، پێی وابوو شۆڕشی كوردستان كۆتایی هاتووە و زۆر بە غروور و لە خۆباییبوونەوە ڕایگەیاند: «دار خورما لەسەر چیاكانی كوردستان شین دەبێت، بەڵام جارێكی دیكە پێشمەرگە لە چیاكانی كوردستان دروست نابێتەوە»، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی جەنابی مستەفا بارزانی و لێهاتوویی سەرۆك مسعود بارزانی و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو، بە ماوەیەكی كورت دوای پیلانە نێودەوڵەتییەكەی 6ی ئاداری ساڵی 1975 دووبارە بەرنامە بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان داڕێژدرایەوە و، چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دژی ڕژێمی بەعس «سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەكر» دەستی پێ كردەوە، لەمەش زیاتر دەنگی كوردستان «ئیزگەی شۆڕش» دووبارە دەستی بە پەخشكردنی بەرنامەكانی خۆی و بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانی پێشمەرگە كردەوە، بەمەش «دارخورما لەسەر چیاكان شین نەبوون، بەڵكو چیاكان جارێكی دیكە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە ئامێز گرتەوە.»

سەدام حوسێن كە لە 16ی تەمموزی ساڵی1979 بە كودەتایەكی سپی، ئەحمەد حەسەن بەكری دوور خستەوە و خۆی بووە سەرۆك كۆماری عێراق، دوای ساڵێك لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی تووشی شەڕێكی گەورە كرد، لاوانی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بەشداریكردنیان لەم شەڕە دۆڕاوە ڕەت كردەوە، بە دەیان هەزار لاوی كوردستان كە بانگهێشت كرابوون بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ، هەڵاتن و چوونە گوندەكانی كوردستان، بەمەش مەترسیی ئەوە لای ڕژێمی سەدام حوسێن دروست بوو، كە ئەم لاوانە جارێكی دیكە پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەكەن و شۆڕشێكی گەورە هاوشێوەی شۆڕشی ئەیلوول دروست دەبێتەوە، بۆیە بە ناچاری لێبوردنی گشتیی دەركرد و هەموو ئەو خەڵكەی لە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ تەسریح كرد و، گەڕانەوە ماڵەكانی خۆیان، بەم هەنگاوەشی پێی وابوو كە ڕێگە لە دووبارە بەهێزبوونەوەی شۆڕش و چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دەگرێت، لەمەش زیاتر بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤێك بۆ ڕێبەرایەتیی بارزانی «سەرۆك مسعود بارزانی» بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان، هەوڵیدا پرۆسەی دانوستاندنیش لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەست پێ بكات و پرۆسەكەش دەستی پێ كرد، بەڵام كە بینی سەركردایەتی و ڕێبەرایەتیی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان هەر لە دەستی سەرۆك بارزانییە، پاش ئەوەی هەموو لاوانی كوردی لە خزمەتی سەربازی تەسریح كرد، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ لایەنێكی سەرەكیی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان كە «یەكێتی نیشتمانی كوردستان»ـە لە پرۆسەی دانوستاندان، لە بەرامبەریشدا شۆڕشی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چالاكییەكانی بەرفراوانتر دەبێت، بۆیە ئەم سەرۆك كۆمارە مەغروور و لەخۆباییە، پەنای بۆ كۆمەڵكوژی و ژینۆساید و ئەنفالی بارزانییەكان برد، ئەمەش وەك پەیامێك بوو بۆ ڕێبەرایەتیی «سەرۆك مسعود بارزانی» كە لەو كاتەوە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان دەكات.

 ڕاگواستنی بارزانییەكان بۆ بیابانەكانی خوارووی عێراق

لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، حكومەتی عێراق هەموو گوندەكانی ناوچەی بارزانی ڕووخاند و كاولی كردن و دانیشتووانەكەشی بۆ بیابانەكانی پارێزگای دیوانییە لە باشووری عێراق دوور خستەوە و، خستنیە ژێر چاودێرییەكی توندەوە و، دوای نزیكەی پێنج ساڵ و دوای ئەوەی سەدام حوسێن بووە سەرۆك كۆماری عێراق و، دوای دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو كەسێك، بارزانییەكانیش بەر ئەو لێبوردنە گشتییە كەوتن، بەڵام لێبوردنەكەی ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن بۆ بارزانییەكان مەرجدار بوو و، ڕێگەیان پێ نەدرا بچنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان، بۆیە چەند كۆمەڵگەیەكی زۆرەملێی بۆ دروستكردن لە «هەریر، بەحركە، قوشتەپە» ئەم سێ ناوچەیە كە نزیكەی 20 – 40 كیلۆمەتر لە ناوشاری هەولێرەوە دوور بوون، لەژێر چاودێریی توندی هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی بەعسدا بوون و، بەردەوام چاودێری دەكران، تەنانەت بە ئاگاداری دامودەزگانی ئەمنی بەعس دەبوایە سەردانی ناو شاری هەولێر بكەن، ژیان و گوزەرانیان لە ناو ئەو كۆمەڵگە زۆرە ملێیانەدا وەك مانەوە بوو لە ناو بەندیخانەیەكی گەورەدا و، هەموو كات دەزگا ئەمنییەكانی بەعس دەیانتوانی بە چەند ئۆتۆمبێڵی سەربازی دەوری كۆمەڵگە بگرن و، هەموویان كۆبكەنەوە و هەرچی بیانەوێت دەرهەقیان بیكەن.

بەپێی لێدوانەكانی ئەوانەی شاهیدی ئەم كارەساتە و ئەنفالی بارزانییەكان بوون و لە بەردەم دادگای تاوانەكانی دەوڵەتی عێراق باسی ئەم ڕووداوەیان كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن لە كۆتایی مانگی تەمموزی 1983 هێزە ئەمنییەكانی بەعس چواردەوری ئەو كۆمەڵگە زۆرەملێیانەیان گرتووە كە بارزانییەكانی تێدا نیشتەجێ بوون و، داوایان كردووە كە پیاوانی ئەو كۆمەڵگەیە (ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 14 ساڵییە) ئامادە بن، لەبەر ئەوەی بەرپرسانی ئەمنی دەیانەوێت لە كۆڕێكدا قسەیان بۆ بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان لە پیاوانی نەخۆش و كەمئەندام و زۆر بەتەمەنیش نەپاراستووە و، هەموویان كۆكردووەتەوە و پاشان فەرمانیان پێ كردوون كە هەموو سواری ئەو ئۆتۆمبێڵانە ببن كە بۆیان ئامادە كراوە، پاش ئەوە بەرەو بیابانەكانی «بوسەیە» لە پارێزگای ناسرییەی باشووری عێراق براون، ئیدی لە دوای ئەو بردنەی كە بریادنن، هیچ كەسێك ئاگاداری چارەنووسی ئەو 8000 پیاوە بارزانییە نەبوو، حكومەتی بەعس و سەدامیش بە هیچ شێوەیەك چارەنووسی ئاشكرا نەكردن، تاوەكو لە ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن ڕووخێندرا و، هەوڵەكان بۆ گەڕان بە دوای چارەنووسی هەموو خەڵكانی ئەنفالكراو «ئەنفالی بارزانییەكان و 10 ئەنفالەكەی دیكەی كوردستان» دەستی پێ كرد، ئیدی زەمینەیەك دروست بوو كە خەڵكانێك لە باشووری عێراق بوێرن ئەو كارەساتەی كە بە چاوی خۆیان بینیویانە، ئاشكرای بكەن، بەمەش لە ماوەی ساڵانی 2004و 2005 سەرەداوی كۆمەڵێك گۆڕی بەكۆمەڵ دەركەوتن، كە بەشێكیان خەڵكە ئەنفالكراوەكەی گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی كوردستان بوون، لە دوای هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی بیابانی «بوسەییە لە پارێزگای ناسریە» توانرا ڕووفاتی 503 كەس بدۆزنەوە، كە هەموویان بە ڕێگەی ناسنامە و جامەنەی سوور و شێوازی جلوبەرگەكانیاندا دەركەوت ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە بەشێكن لەو بارزانییانەی كە لە ساڵی 1983 ئەنفال كراون. ئەم هەوڵە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كاروبای شەهیدان بۆ هەموو بێسەروشوێنەكانی ئەنفال بەردەوام بوو، بۆیە هەر ماوە ماوە سەرەداوی گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵ دەردەكەوت، بەم شیوەیە لە ساڵی 2014 توانرا ڕووفاتی 96 كەسی دیكە لە بێسەروشوێنەكانی بارزانییەكان بدۆزرێتەوە و بگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان، ڕۆژی 30ی تەمموزی 2022یش ڕووفاتی 100 بێسەروشوێنی دیكەی ئەنفالی بارزانییەكان گەڕێندرایەوە بۆ كوردستان و، پاش ئەوەی لە فڕۆكەخانەی هەولێر بە ئاستێكی شایستە پێشوازی كران، ڕەوانەی بارزان كران و لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان بە خاك سپێردران.

 پەیامی داگیركەران بە ئەنفالكردنی نەتەوەیەك پەیامی گێڕانەوەی ڕووفاتەكان بۆ داگیركارانی كوردستان

ترسی بەعسییەكان لە ناوی «بارزانی» لە ساڵی 1963وە دەست پێ دەكات و، یەكەمین ئەنفالیش لەسەر ناوی «بارزانی» لە سلێمانییەوە دەست پێ دەكات و، پاش ئەوەی تاوانبار و شۆڤێنییەكی وەك «زەعیم سەدیق» كە فەرماندەی حامییەی سلێمانی بوو، خەڵكانێكی زۆری لە ناو حامییە كۆكردەوە، وێنەیەكی مستەفا بارزانیشی لە بەرامبەر دانابوون و بەو خەڵكەی گوتبوو، هەر كەسێك سووكایەتی بەو وێنەی مستەفا بارزانی بكات، ئەوە ئازاد دەكرێت و دەچێتەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی، ئەوەشی ئامادە نەبێت ئەو كارە بكات، ئەوا بە زیندوویی دەخرێتە ژێر خاكەوە، ئەو خەڵكەی كە دەستگیر كرابوون، هیچیان ئامادە نەبوون سووكایەتی بە وێنەكەی مستەفا بارزانی بكەن، بۆیە تاوانبار و خوێنڕێژ «زەعیم سدیق» فەرمان دەكات هەموویان بە زیندوویی بخەنە ناو چاڵێك و خۆڵ بە سەریاندا بكرێت، هەر لە ناو گۆڕەپانی حامییە «پاركی ئازادیی ئێستای سلیمانی» لە وێدا شەهیدیان دەكەن.

دوای ساڵی 1968 كە جارێكی دیكە بەعسییەكان و سەدام حوسێن «ئەو كات جێگری سەرۆك كۆمار بوو» هاتنەوە دەسەڵات، لە ماوەی ساڵانی 1968- 1970 هەموو توانای خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی بە شێوازی سەربازی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانی شكست پێ بهێنن، بەڵام سەرەنجام شەخسی سەدام حوسێن «كە سەرۆكی شاندی حكومەتی عێراق بوو بۆ دانوستاندن لەگەڵ شۆڕش»، سەردانی ناوچەی چۆمانی كرد و دانوستاندنی لەگەڵ جەنابی مستەفا بارزانی و شاندی شۆڕشی ئەیلوول ئەنجام دا، سەرەنجامیش ڕێككەوتننامەی « ئاداری 1970 « ئیمزا كرا، ئەمەش تەنیا دیكیۆمێنتە كە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان لە مێژووی خۆیدا بەدەستی هێناوە و، تەنانەت دوای دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی كە داوا كرابوو بەرەی كوردستانی و حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی ئادار بكەونە دانوستاندن و ڕێك بكەون و، پاش ئەوەی بەرەی كوردستانی و سەدام حسێن نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك و حكومەتی عێراق دامودەزگاكانی خۆی لە ناوچەی حوكمی زاتی كشاندەوە، ئینجا سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بەرەی كوردستانی بڕیاری هەڵبژاردن بدات و بۆشایی دامەزراوە دەوڵەتییەكان بە دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕ بكاتەوە.

ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن كە بە ناچاری ڕێككەوتنی ئاداری 1970یان لەگەڵ مستەفا بارزانی واژوو كردبوو، خۆیان باش دەیانزانی هەتا مستەفا بارزانی و كوڕەكانی «سەرۆك مسعود بارزانی و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو» لە ژیاندا بمێنن، ناتوانن یاری بە ڕێككەوتنەكە بكەن، هەر بۆیە یەكەم هەوڵی بۆ تیرۆركردنی مستەفا بارزانی دەستی پێ كرد، ئەمەش پیلانێكی دەزگای موخابەراتی عێراقی بوو بە ناردنی ژمارەیەك مەلای ئایینی عەرەب بۆ لای مستەفا بارزانی و، پیلانەكە بەو شێوەیە بوو كە یەكێك لە مەلاكانی مینڕێژ كردبوو، بۆ ئەوەی لە ناو ئەو ژوورەی دەچنە لای مستەفا بارزانی، بیتەقێننەوە و تیرۆری بكەن، ئەو پیلانەی موخابەراتی عێراقی بە سەركەوتوویی لەو ژوورەی بارزانی تێدا بوو، جێبەجێ كرا و بۆمبەكە تەقێندرایەوە، بەڵام پەروەردگار مستەفا بارزانی پاراست و ئامانجی پیلانەكەی موخابەراتی عێراقی پووچەڵ كردەوە.

هەر لە درێژەی هەوڵەكانی موخابەراتی ڕژێمی بەعس بۆ دەستوەشاندن لە مستەفا بارزانی، لە ماوەی ساڵانی 1970 -1974 پیلانێكی دیكە بۆ لێدانی كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە بەغدا داڕێژا، پیلانەكەش بەوە جۆرە بوو كە كەمین بۆ ئەو ئۆتۆمبێڵە دابنرێت كە كاك ئیدریس بارزانی هاتۆچۆی پێ دەكات و، سەرەنجامیش توانییان ئەو كەمینە دابنێن و تەقە لە ئۆتۆمبێڵەكەی كاك ئیدریس بارزانی بكەن، بەڵام خۆشبەختانە لەو جارەدا كاك ئیدریس بارزانی لەناو ئۆتۆمبێڵەكەدا نابێت و پێشمەرگەیەكی دیكەی تێدا دەبێت كە بە سەختی بریندار دەبێت.

ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن لە ماوەی ساڵانی 1970-1974 نەیتوانی ئیرادەی مستەفا بارزانی بشكێنێت و لەمەش زیاتر هەموو گەلی كوردستان «بە كورد و هەموو پێكهاتەكانیەوە» زیاتر لە دەوری شۆڕش و مستەفا بارزانی كۆبوونەوە، بۆیە لە ئاداری 1974 جارێكی دیكە شەڕی بەسەر شۆڕشی كوردستاندا سەپاندەوە و ئامانجی سەرەكییشی لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی ئەم شەرە ئەوە بوو هەموو هێزی سەربازی خۆی «زەمینی، زرێپۆش، ئاسمانی، چەكی قەدەغەكراو» خستە كار تەنیا بۆ ئەوەی بارەگای بارزانی بگرێت و ئیرادەی شۆڕش بشكێنێت. ڕاستە سوپای عێراق و زرێپۆش و هێزە ئاسمانییەكانی، لە هەموو ناوچەكانی كوردستانیان دەدا و دەستیان نەدەپاراست، بەڵام هێرشی ڕاستەقینە و سەرەكی بۆ سەر بارەگای بارزانی بوو لە چۆمان و حاجی ئۆمەران و، قەناعەتی سەدام حوسێن بەو جۆرە بوو، ئەگەر بتوانێت بارەگای بارزانی بگرێت، ئەوا شتێك بە ناوی شۆڕشی كوردستانەوە نامێنێت، هەر بۆیە دوای ئەوەی توانا سەربازییەكانی لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەكان بەرەو كۆتایی دەچوو و بارەگای بارزانی بۆ داگیر نەكرا، ئیدی ناچار بوو دەست لە بەشێكی خاكی عێراق بۆ شای ئێران هەڵبگرێت و نسكۆ بە سەر شۆڕشی ئەیلوولدا بهێنێت.

دوای نسكۆی 1975 ڕژێمی بەعس و سەدام یەكەم ناوچەی كوردستان كە دەستیان بە ڕاگواستن و كاولكردنی كرد، بارزان و گوندەكانی بارزانییەكان بوو. بەعس و سەدام پێیان وابوو ئەگەر بارزانییەكان لە ناوچەكانی خۆیان بمێنن، شۆڕشی كوردستان بەردەوام دەبێت، بۆیە هەموو گوندەكانی بارزانییەكان ڕاگوێزران و دانیشتووانەكەشیان برد بۆ بیابانەكانی شاری دیوانیە لە باشوری عێراق و، پاش ئەوەی لە 1980 بارزانییەكان بە لێبوردنی گشتی گەڕانەوە بۆ كوردستان و لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكان نیشتەجێ كران و دەستبەسەر بوون، بەعس و سەدام پێیان وابوو بە تەنیا ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی سەرەكیی كوردستان (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) ئیدی ئەوا ڕێبەرایەتی لە بارزانییەكان وەردەگرێتەوە، بۆ ئەمەش لە ساڵی 1983 دانوستاندنی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی دەست پێ كرد، بەڵام چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر لە جاران زیاتر بوو، هەر بۆیە ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن بە پەنابردن بۆ ئەنفال و ژینۆسایدی بارزانییەكان، هەوڵی دا پەیامێك بۆ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بنێرێت، نەك شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو سەدام حسێن لە ماوەی 1970-1974 باش ئەو ڕاستییەی بۆ دەركەتبوو كە بوێری و دووربینی و شێوازی سەركردایەتیی «سەرۆك مسعود بارزانی و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو» هەمان سیفاتی مستەفا بارزانی-یان هەیە، هەر بۆیە پەیامەكەی بەعس و سەدام بۆ هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان و تەواوی گەلی كوردستان بەمشێوەیە بوو:

1. هەر لایەنێكی سیاسی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مستەفا بارزانی، یان سەرۆك مسعود بارزانی پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان بكات، ئەوا چارەنووسیان وەك چارەنووسی بارزانییەكان دەبێت.

2. كارتێكی گوشار بوو بۆ ئەوەی دانوستاندنەكەی لەگەڵ ڕەحمەتی مام جەلال سەركەوتوو بێت و بەرەو ئەو ئاراستەی بەرێت كە بەعس و سەدام ئامانجیانە و، دوای ئەوەی دانوستانەكە بێ ئاكام كۆتایی هات و دووبارە مام جەلال و یەكێتی شەڕیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس دەست پێ كردەوە، بەڵام هێرشەكانی بەعس زۆر توند نەبوون و سەدام لەوە ترسا ئەگەر گوشاری زیاتر بخاتە سەر یەكێتی و مام جەلال، ئەوا ناچار دەبن لەگەڵ پارتی ئاشت ببنەوە و دووبارە یەكڕیزیی كورد دروست ببێتەوە، بەڵام ئەمەش بە دڵی بەعس و سەدام وەرنەچەرخا و پارتی و یەكێتی ئاشت بوونەوە و بە هەوڵەكانی كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو ئەو ئاشتبوونەوەیە سەركەوت و بووە بناغەیەك بۆ بەرەی كوردستانی، ئیدی لەو كاتەوە لای بەعس و سەدام هەموو كورد وەك بارزانییەكانی سەیر دەكرا، هەر بۆیە لە ساڵی 1988 هەڵەبجەی بە چەكی كیمیاوی بۆردومان كرد، دوای ئەویش پرۆسە بەدناوەكەی ئەنفال «10 ئەنفالەكە» دەستی پێ كرد و، ئەمەش كۆتایی ئەو پەیامە بوو، ئەوەی وەك بارزانییەكان بیربكاتەوە، چارەنووسی وەك بارزانیەكان دەبێت.

 پەیامی گێڕانەوەی ڕووفاتی بێسەروشوێنەكانی ئەنفال

سەرۆك بارزانی لە پێشوازیی هێنانەوەی ڕووفاتی بێسەروشوێنەكانی ئەنفال «هەموو ئەنفالەكانی كوردستان» خۆی ئامادە بووە و هەوڵی داوە لەو ڕێوڕەسمانە پەیامی خۆی ئاراستەی دۆست و دوژمن بكات بەمشێوەیە:

1. لە ڕێورەسمی پێشوازی و بە خاك سپاردنی ڕووفاتی بێسەروشوێنەكانی گەرمیان سەرۆك بارزانی جیا لەوەی تاجە گوڵینەی وەفاداری لەسەر ڕووفاتەكان دانا، لەكاتی بە خاك سپاردنیشیان تەرمی ڕووفاتەكان لەسەر شانی سەرۆك مسعود بارزانی بوو، جیا لە جامانە سوورەكەی سەری، جامانەیەكی ڕەشیشی لەملدا بوو. سەرۆك بارزانی ویستی لەم مەراسیمەدا پێمان بڵێت: «بارزان و بارزانی نە ناوچەیە و نەهۆزێكی دیاریكراو و، عەقیدەی بارزان، عەقیدەی كوردبوون و كوردستانیبوون و متمانەبەخۆبوون و سەربەخۆیی كوردستانە، هەر بۆیە هەر ڕۆڵەیەكی ئەم كوردستانە هەڵگری ئەم عەقیدەیە بێت، بارزانی-یە.»

2. هەر لە ڕێورەسمی پێشوازیكردنی لە ڕووفاتی هەموو بێسەروشوێنەكانی ئەنفال، سەرۆك مسعود بارزانی پەیامی بۆ تێكڕای داگیركارانی كوردستان ناردووە و پێی ڕاگەیاندوون كە هەموو گەلی كوردستان هەڵگری عەقیدەی كوردبوون و كوردستانیبوون و سەربەخۆیی كوردستانن، ئەوجا، یان ئەوەیە ڕێز لە مافەكانیان دەگرن، یان هەموو ئامادە دەبن بە شێوەی ڕووفاتەكانی ئەنفال بمرن.

 

40 ساڵ‌ چاوەڕوانی بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتەكانیان     ئەنفالی بارزانییەكان  31ی تەمموزی 1983
40 ساڵ‌ چاوەڕوانی بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتەكانیان     ئەنفالی بارزانییەكان  31ی تەمموزی 1983
Top