بەهێزترین چەكی كورد  تەباییە ..

بەهێزترین چەكی كورد  تەباییە ..

 دوژمنان وداگیركەران  لە سەدەكانی رابردووەوە تا ئێستای  قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستانی هاتۆتە كایەوە، هەر لە دژی تاكی كورد و كوردستانییان و خاك و ووڵاتەكەی بووە، سەدان پلان و پیلانگێڕی لەسەر سنوور گوزەراندووە، بە ئامانجی داگیركاری و سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتیمان بووە  ،دوژمنان و بە هەموو توانایەكەوە و هەر جارێك دەرفەتان بۆ رەخسا بێت درێغیان نەكردووە بۆ لە ناوبردنی  كوردو كوردستان و ڕێگریكردن لە گەیشتن بە مافەرەواكانی لە بەرامبەریشدا  كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زڵهێزان زۆرجاران بەرامبەر هەموو ئەو تاوانكارییانە بێدەنگییان نواندووە ، بەداخەوە ئەوەی ئێستا لەناو خاكی كوردستان دەگوزەرێ جێگای سەرسوڕمانە و هەڵوێستێكی جوامێرانە و بەرپرسیارانە و نیشتمانپەروەرانە بە پێی پێویست وەرناگیرێ، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەر ووڵاتێكی دراوسێ و جیهان ئاساییە ئەویش بە ئامانجی بەرژەوەندی گشتی نەك بۆ تاك و حزب و لایەنێك، بەجۆرێك داهات و سوود و قازانجی بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێتەوە، نەك هەر لایەن و تاكێك بەكاری بێنێ و تەخشان و پەخشانی پێبكرێت، گرنگتر لەوە لەپەنای بازرگانی بوار بە وڵاتە داگیركەرەكان نەدرێت تیشكی ئاسۆیان لەسەر زەمین و خاكەكەت رووناك بكاتەوە و هەلومەرجی بۆ بڕەخسێت، وەك ئەوەی ئێستا بۆی گونجاو و رەخساوە، كە بەئارەزووی خۆی جارێك بە مووشەك و جارێكی تر بە درۆن و تۆپباران وگەمارۆدان هەوڵی لاوازكردنی و نەهێشتمان بدەرێت

 بۆیە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ، لە رێگەی هەموو لینكە دیپلۆماسی و سیاسییەكان و هێزی نەرم وەك چەكێكی كاریگەر چیتر ڕێگەنەدەین وڵاتانی داگیركەر بە پاساویی لێدانی و ڕاوەدوونانی گروپ و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكان و بەتایبەت پەكەكە كە مێژوو سەڵماندوێتی بێجگە لە زیانگەیاندن بە دۆز و شوناسی كوردستانی هیچ قازانجێكی تری نەبووە و لەگەڵ پەڵكێشككردنی سوپای داگیركەران سنوورێك بۆ ئەو پێشلێكاری و سنوورنەزاندن و بێ‌ رێزیكردن بە سەروەرییەكانی سەر كورد و كیانی كوردستان دابنرێت ،چونكە دەبێ  ئەو راستییەمان هەرگیز لە بیر نەچێت كە ، بست بەبستی ئەم خاكە بە خوێنی هەزارەها رۆڵەی قارەمان و شۆڕشگێڕی ئەم كوردستانە ئاودێر كراوە، بۆیە هەڵویست وەرگرتن و ئیدانەكردن هەر بەپەیام و قسە نابێ، پێویستە رێگای یاسایی كرداری و بەرپەرچدانەوە و هێلی سووری لەبەرامبەردا پەیڕەو بكرێت، بەدڵنییاییەوە ، دوژمنان و ناحەزان لە پێناو لێدان و لەناوبردنی كورد ودەستكەوتەكانی رێككەوتوو وهاودەنگن و ناكرێت متمانەیان پێبكرێت .

بە پێچەوانەوە و بێدەنگبوون لەئاست ئەم بەدڕەفتارییەی  تاران و ئەنقەرە و بێدەنگییەكانی بەغدا و خۆدزینەوە و شانۆگەرییەكان  وا دەكات كە پێشێلكاریەكان درێژەی دەبێت، هەر رۆژە و زەمینەیەك دەڕەخسێنێت و بیانوویەك دەدۆزێتەوە، پەكەكە بێت یا گروپە ئۆپوزسیۆنەكانی تر و یانیش بوونی بنكەی ئیسرائیل، بەردەوامن بن لە شەهیدكردن هاوڵاتیانی كوردستان و گەشتیاران و بەرژوەندییە ئابوورییەكان بەتایبەت كەرتی وزەی نەوت و غاز و بوارەكانی تر ـ كە مەرامی سەڕەكی دوژمنان وداگیركەران جارێكی تر لاوازكردن و ژێردەستكردنی كورد وكوردستانە .

بۆیە، گرنگە بزانین كە ، پرسی كورد بە چەندین هۆكاری ناوەخۆ و دەرەكی لە هەر ئاستێكدا بێت لە هەر دەور و زەمانێك یەكڕیزی و تەبایی پێویست بووە و بە یەكڕیزی و تەبایی سەركەوتووبووە و سەركەوتووش دەبین. لەهەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی خەبات بە درێژایی ساڵانی رابردوو گەلی كورد تەبا بووە بۆ رووداو و پێشهاتەكان و كارەساتەكان هەر ئەم  یەكهەوڵوێستی هەوێنی سەركەوتن و سەربەخۆیی و هەوێنی رۆژێكی وەك ئەمڕۆیە كە كورد بە خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەكات كەئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ متمانەیی و پشتیوانی یەكتری خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد لە ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی روونە و سەلمێنرا تەنیا یەكدەنگی و تەبایی بۆ  گەلەكەمان دەرمان و چارەسەرە و باشترین و بەهێزترین چەكە  بەرامبەر دوژمنان و داگیركەران.

 

 

Top