ئایا کوردستان لەبەردەم جەنگێکی ناوخۆیی کەلتوریدایە ؟

ئایا کوردستان لەبەردەم جەنگێکی ناوخۆیی کەلتوریدایە ؟

 

 

جەنگی کەلتوری چیەCulture War ؟ جەنگی کەلتوری جەنگێکە لەسەربنەمای ئایدیا  و بیرو باوەڕو کەلتوری  جیاواز بناغەدەگرێت، ململانێیەک و و تێکۆشانێکە لەنێوان گروپەکانی کۆمەڵگە، هەریەکەیان دەیەوێت بیری خۆی زاڵ بکات بەسەر ئەویتردا، یاخوود ئاماژە دەکات بۆ ئەوجیاوازیەی  کەلەنێوان کۆمەڵگەدا هەیە و جەمسەردەگرێت لەسەر جیاوازی بەها ،یان رازی نەبوون  بە کەلتورو باوەڕی یەکتر لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا.رەنگە لەهەروڵاتێکدا بەجۆرێک بێت ئەم بەیەکدادانی کەلتوری و جیاوازی ئایدیایە.

ئەم بناغەگرتنە لەسەر ئایدیای جیاواز، لەمێژووی مرۆڤایەتیدا کۆنەولەسەرەتای ژیانی مرۆڤایەتی ئەم جەنگە بوونی هەبوو، لەوەتەی مرۆڤەکان  لەسەرزەوی بوونیان هەبوە هەڵگری ئایدیاو وبیروباوەڕی  جیاوازبوون .زۆرجار  رازی نەبوون بەئایدیاو بیرو باوەڕی ئەویتر ، ئەمەش هۆکاری زۆرێک  لەجەنگە سەربازی وکاولکاریەکانی بوە  لەمێژودا.گرفتەکە ش لەیەکتر رازی نەبوون نیە بەتەنها،   بەڵکو یەکتر رەت کردنەوەش دروست دەبێت تا بەرەو یەکتر سرینەوە.وە  ئەم جەنگە تەنها لەسەر بنەمای ئایدیاو بیری جیاواز دروست نابێت،بەڵکو لەسەر ئاینی جیاواز،زمانی جیاواز،باکگراوندی جیاواز،کەلتووری جیاواز،لەهەمان کاتدا جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکانی وەک جیاوازی چینایەتی و جیاوازی ئاستی بژێوی وەک نێوانی هەژارو دەوڵەمەند ،نێوانی شاری و لادێیی،نێوانی تەمەنەکان ،نێوان رەگەز وەک نێر ومێ ،نێوان لایەنگرانی پارتی سیاسی جیاواز ...هتد. مەترسی ئەمە بۆ ئەو وڵاتانەی کە فرەنەتەەوە فرە رەگەزو فرە ئاین  و فرەمەزهەبن زۆرترە ،  کەکۆمەڵگاکەیان لەسەر باکگراوندی جیاواز پێک هاتوە.دەرەنجامەکانیشی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی تری وەک لاوازبوونی   پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ نەکردن و توندوتیژی و نائارامی کۆمەڵەگەو دڵەڕاوکێ و نەمانی متمانە بەیەکتر، وەلەهەمووشیان مەترسیدارتر دابەش بوونە لەنێوانیان، تەنانەت لەناو یەک وڵاتیشدا.راپرسیەک لەسەر ٢٢ دەوڵەتە ئەنجام دراوە لەساڵی ٢٠١٨ بەناونیشانی Culture wars around the world: how countries perceive divisions'جەنگی کەلتوری لەجیهاندا،چۆن وڵاتەکان هەست بە دابەش بوون دەکەن' لەهەر وڵاتێک ١٠٠٠ کەس بۆ ئەم راپرسیە وەرگیراوە لە تەمەن وچینی کۆمەڵایەتی و باکگراوندی کۆمەڵایەتی جیاواز، نموونە لەوڵاتانی هەموو کیشوەرەکان وەرگیراوە.پرسیاری سەرەکی راپرسیەکە لەسەر ئەوبابەتەدا بووە کە 'ئایا جەنگی کەلتوری دەبێتە هۆی دابەش بوونی وڵات'لەوەڵامی تێکڕای بەشداربووان بەڵی هەبوە بۆ ئەم پرسیارەو جەنگی کەلتوریان بە هۆکاری دابەش بوونی وڵات زانیوە،ئەفەریقاو هیندستان و وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەئاستی پێشەوەی وەڵامەکان بوون کە باوەڕیان وابوە 'جەنگی کەلتوری'دەبێتە هۆی دابەش بوونی وڵات.پرسیارەکانی تری راپرسیەکە لەسەر جیاوازی تری ناوکۆمەڵگە بوون کە هۆکارە بۆ جەنگی کەلتووری ودابەش بوونی وڵات،وەک جیاوازی تەمەن،شوێنی نێشتەجێ بوونی وەک لادێیی وشاری،هەژاری و دەوڵەمەندی، پارتی سیاسی و جیاوازی ئاینی ومەزهەبی ،رەنگی پێست وجیاوازی چینەکانی کۆمەڵگەو،ئاستی خویندەواری ،رەگەز و نەتەوەو رەچەڵەک.هەر هەموو پرسیارەکان لەسەر هۆکاری ئەم جیاوازیانە بۆ دروست بوونی جەنگی کەلتووری و دابەش بوونی وڵات رێژەی بەڵێیان هێناوە لە هەموو وڵاتەکاندا، کەبۆ ئەم توێژینەوە وەرگیراون بەرێژەی جیاواز.گرفتەکەش تەنها لەدابەش بوون نیە بەڵکو گرفتەکە وەک ئەم راپرسیە شیکاری بۆ کردوە ،لەوەیە ئەم جەنگە کەلتوریە ئینتیماو ناسنامەی نیشتمانی وهاوڵاتی بوون لاوازادەکات و نایهێڵێت.بۆیە وڵاتانی فرە باکگراوندی جیاواز ئەم جیاوازیانەیان لەژێر چەتری ناسنامە و ئینتیمای نیشتمانی کۆکردوەتەوە ،بە ئامرازی جۆراوجۆری وەک راگەیاندن وپەروەردەو سیستمی حوکمڕانی نیشتمانی،  وکاری رێکخراوە پەروەردەیی و گەشەپیدانی مرۆیی وناحکومیەکان چارەسەرکردوە.ئەگەر نا بۆشایی و دابەش بوونەکە بەهێزتردەبێت.

ئەگەر سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، ئەم جیاوازیانەی ئەم راپرسیە ئاماژەی پێکردون هۆکارن بۆ 'جەنگی کەلتوروی و دابەش بوونی وڵات' هەموویمان بەزەقی هەیە، هەر لەجیاوازی باکگراوند وئینتیمای سیاسی ،جیاوازی ئاستی بژێوی و جیاوازی شارنشینی  ولادی نشینی وروئیای جیاواز بۆ پێگەی ژن و پیاو لەکۆمەڵگەو،سەرباری جیاوازیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکان.ئەویش بەهۆی ئەوەی مێژویەکی دریژخایەن ئەم هەرێمە ژێردەستەی رژێمێکی حوکمڕانی بوە ،کە کاری لەسەر ئەم جیاوازی و دابەش بونە کردوە ،ئەوەی لەدەرەوەی ئایدۆلۆژیای بەعسی و عەرەبی و مەزهەبی سونە  بوە ،بەهەموو مێژووی حوکمڕانی رژێمەکەی مافی نەبوە،سەرباری ئەوەی کاری لەسەر تۆخ کردنەوە جیاوازیەکانی تری کۆمەڵایەتی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە کرد لەرووی هەژاری و دەوڵەمەندی و شاری ولادێیی،خوێندەوارو نەخوێندەوار.ئەمانە هەمووی ماون و رەگی داکوتاوە لەناخماندا وبەئاسانی کاڵ نابنەوە.ئێستا جەنگێکی تر کەجەنگی یەکتر رەت کردنەوە بەفیکرو عەقیدە سەری هەڵداوە،پێی وایە کە ئاینداری و نەتەوەی و نیشتمانی بوون یەکناگرنەوە.ئەمەش رەهەندێکی قوڵی مێژووی هەیە لەکورستان.ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو کۆمەڵگەی کوردی، کەی بەکۆمەڵگەیەکی لێبوردەو ئارام  وپێکەوە ژیان ناسرابوو،کاتێک خەباتی رزگاری وبیری ئاینی و رەوشی هونەری وئەدەبی پێکەوە گریدراوبوون،،ئاین وخواپەرستی و شۆرشگێری لەیەکدا کۆکردبوەیوە ، ئاینی وەرگرتبوو بەڵام بەریتمە کوردی و کەلتوری وکوردی وسروشتە کوردیەکە ئاینداری دەکرد وکورداندبووی. لە نموونەی ئەوسەرکردەو سیمبولە کوردیانەی کەتوانیبویان دینداریو کوردایەتی وتەریقەت گرێ بدەن پێکەوە ونەهێڵن دژبەیەک بوەستنەوە،وەک هەردوو  شێخ عەبدولسەلام بارزانی نەمرو نەوەکانیان و شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری ،ئەحمەدی موفتی زادەو شێخ سەعیدی پیران دوای ئەوانیش سەرکردەکانی تر و شاعیرو ئەدیبەکانی تر کەلەسەر ئەم رەوتە دەچوون. بەڵام دواتر کەبیری هاوردە لە لایەن  چەپ  ولە گروپەئیسلامیە جۆراوجۆرەکان هات نۆرمێکی تری ژیان  فۆرمێ تری دینداریان هێنا ناوەوە ، ئیسلامیەکان  پێیان وابوو کەبیری نەتەوەیی وبیری ئاینی یەک ناگرنەوە لەگەڵ یەک ، دابڕانێکیان دروست کرد لەنێوان مزگەوت وقوتابخانەی کوردایەتی ونەتەوەیی، چونکە ئەم دوو رەوتەیان بەدژە یەک زانی،چەپەکانیش مزگەوتیان رەت کردەوە هەوڵیاندا بیرێکی چەپ بە بەرگی شۆرشگێریو خەباتی نەتەوەیی بکەن و دایبڕن لەئاین.دواتر کۆمەڵگە لەنێوان ئیسلامی وعیلمانی دابەش کرا ولەنێوان چەپ و ئیسلامی.ئیتر بیری تەکفیری و رەت کردنەوە ودابەش بوون چەکەرەی کرد . هەریەکەیان ویستی مۆدیلێک پەیڕەو کات لەومۆدیلەی   لەوسەرچاوانەی یان و ڵاتەی لێی هەڵقوڵاو،چەپەکان  ویستیان مۆدیلی سۆسیالی ولیبراڵی ومارکسی وکۆمۆنیستی وئیسلامیەکانیش ویستیان مۆدیلی ئیخوانی و جیهادی و وەهابی وسەلەفی ...هتد پیادەبکەن،هەریەکە لەمانەش زیانی گەیاند بەبیرە نەتەوەیی و ناسنامە نەتەوەیی کەلتوری فەرهەنگیە کوردیەکە، بەتایبەتی مەترسیەکەی لەوەدایە هیچ کام لەهەڵگری ئەم بیرانە کار بەچەمکی هاوڵاتی بوون و هاونیشتمانی بوون ناکات. بەڵکو ئیسلامیەکان کار بەچەمکی خوشک  وبرایەتی  وپەیوەندی خوشک وبرایەتی دەکەن نەک هاوڵاتی بوون ،بیر چەپەکانیش کار بە چەمی هاودید،هاوبیر...هتد دەکەن ،ئەم جۆرە پەیوەندی تاک نابەستێ بە خاک و نیشتمانەکەیەەوە ،چونکە ئەوە خوشک یان برا یان هاودید یان هاوبیری ئەوە، کەلەسەر رێبازەکەی ئەوە نەک ئەوەی کە هاونیشتمانیەتی، یان دراوسێیەتی یان تەنانەت بۆ هەندێک لەگروپە توندڕەوەکان خوشک و برای راستەقینەی خۆشی خوشک و برای نین، ئەگەر لەسەر رێبازەکەی ئەو نەبن ،چ جای هاوڵاتی وڵاتەکەی یان دراوسێ وهاوشاریەکەی..کۆمەڵگەیەکیان بەرهەم هێنا دیوار لەنێوانیان دروست بوە،یەکتر قەبوڵ ناکات ومتمانەی نیە، بویە دایەنگای گەشەی ئیرهابی فیکری. .لەولاشەوە نەبوونی میدیایەکی   نیشتمانی و لاوازی پەورەدی نیشتمانی و دابەش بوونی سێکتەری پەروەردەش بەسەر کەرتی گشتی و تایبەتی، هەرقوتابخانەیەک بە ئایدیا و سیستمێک نەوەکان پەروەردەدەکات.گەیاندوینیتە ئەوەی بڵێن بەڵی ئیستا کوردستان نەک لەبەردەم 'جەنگێکی ناوخۆیی کەلتوریدایە'بەڵکو دەرەنجام و ئاسەوارەکانی ئەو جەنگە کەلتوریە زەق ودیارن کە کۆمەڵگەیەکی نائارام و توندوتیژ و بێ متمانە ویەکتر رەت کردنەوە یەکتر تەکفیر کردن بەرهەم هاتوە.تەنها چەترێکی نیشتمانی ونەتەوەیی دەتوانێت کۆمانکاتەوە،کەمن گەشبینم ئەگەر کاری بۆ بکرێت.کوردستان لەساڵانی رابردووی زۆر ئاستەنگی لەمە سەختری بڕیوە .

 

Top