لە ئۆگەندا زیاتر لە 900 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە
بەهۆی دیاردەی وشکەساڵی و برسێتییەوە زیاتر لە 900 کەس لە هەرێمی کارامۆجا لە باکووری ئۆگەندا گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی هەواڵی دیلی مۆنیتۆری ئۆگەندا، بە وتەی پیرانی ناوچەی کارامۆجای باکوور لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 900 کەس بەهۆی برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، 259 کەس لە کابۆنگ و 49 کەس لە ناچاك و 626 کەسیش لە شاری کوتیدو لە کارامۆجا گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی زۆربوونی وشکەساڵییەوە زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی لەهەرێمی کارامۆجا لە ناو چوون و ئەو هاوکارییە خۆراکییەی ڕەوانەی ئەم هەرێمە کراوە بەپێی پێویست نییە، بەرپرسانی ناوخۆ داوایان لە حکومەت کردووە هاوکاری زیاتر بۆ ئەم هەرێمە بنێردرێت چونكە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئەم هەرێمە سەختتر و ئاڵۆزتر دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر 10 کەس لەم ناوچەیە هەشت کەس لە ناوچەکە تووشی نائارامی و لە برسێتیی خۆراک دەناڵێنن.
گوڵان: سەردار خەلیل