ڕۆژی 30ی ئەم مانگە ڕوفاتی (100) ئەنفالكراوی بارزانییەكان دەگاتەوە هەرێمی كوردستان

ڕۆژی 30ی ئەم مانگە ڕوفاتی (100) ئەنفالكراوی بارزانییەكان دەگاتەوە هەرێمی كوردستان

 

 

 سەوسەن محەمەد میرخان سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بڕیارە 30ی ئەم مانگە ڕوفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان و لە مەراسیمێکدا بەخاک دەسپێردرێنەوە.

 

ناوبراو زیاتر ڕوونی كردەوە كە 31ی تەمموزی 2022 کە خۆی یادی جینۆسایدی بارزانییەکانە، ڕوفاتەکان دەگەنەوە زێدی خۆیان و لە مۆنۆمێنتی بارزانییەکان لە مەراسیمێکی شایستەدا بەخاک دەسپێردرێنەوە.

 

سەبارەت بە ناسینەوەی تەرمەكانیش جەختی لەوە كردەوە كە تەرمەکان ناسراونەتەوە، بەڵام زانیاری دەربارەی وردەکاریی ئەوەی لە کام گۆڕانەدا بوون و چۆن پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە نەگەیشتووەتە دەستیان.

 

لەلای خۆشیەوە عادل مەلا ساڵح وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاندبوو كە ڕوفاتەکان لە بیابانەکانی عەرعەر لە باشووری عێراق دۆزرابوونەوە، بەڵام یەكسەر برابوون بۆ بەغداد، تاكوو پشکنینی  (DNA)یان بۆ بكرێت، دواتر دەركەوت كە هەموویان ناسراونەتەوە.

 

جێی وەبیر هێنانەوەیە ڕۆژی یەکشەممە31ی ئەم مانگە، (39) ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ئەنفالکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت کە لەو هەڵمەتەدا ڕژێم هەشت هەزار هاووڵاتی سنووری بارزانی بێ سەروشوێن کرد.

Top