قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: حكومەتی هەرێم لەسەر چاكسازییەكانی بەردەوام دەبێت

قوباد تاڵەبانی   جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:     حكومەتی هەرێم لەسەر چاكسازییەكانی بەردەوام دەبێت

 

 

بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد، ئەمەش دەقی وتەكانیەتی:

 

بنەمای كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەتكردن و چاكسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەكەم، دەستمان بۆ چەند مەلەفێك بردووە كە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیەنێت.

بەردەوام بووین لە جێبەجێكردنی پڕۆگرامی بایۆمەتری كە لەم كابینەیەدا بە خۆشحاڵییەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەستپێكرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە ڕێكخستنەوەی میلاكاتی هەموو حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەر مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستان ژمارەی كەسی بێهاوتامان پێشكەش كرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێك بۆ حكومەتێكی ئەلیكترۆنی، كە سبەینێ هەر مووچەخۆرێك بتوانێت لە ڕێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێ بگات.

ئێمە كە بەرەو حكومەتێكی دیجیتاڵی دەڕۆین، ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەشی هاووڵاتییانی دەكەین، باشتر و خێراتر و شەفافتر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت كە بەرنامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەم كابینەیەدا پەرەی پێ درا. بەرنامەی خزمەت پێكهاتووە لە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە حكومەت پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكات، كە تاكو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاریی تاك و تایبەت لە نێوان حكومەت و هاووڵاتیدا هەیە. داوامان لە هەموو وەزارەتەكان كردووە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بكەن، تاكو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بە هاووڵاتیان بگەیەندرێت. ئەم خزمەتگوزارییانە كە لە لە پۆرتاڵی خزمەت كۆكراونەتەوە، هەموو یەكسان كراون، تاكو خزمەتێك لە دهۆك بە هەمان شێوەی سلێمانی پێشكەش بكرێت. ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە ئینتەرنێتدا، لەژێر ناونیشانی خۆیدا بەردەستە. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێكێك بۆ حكومەتێكی ئەلیكترۆنی و گەیاندنی هەندێك خزمەتگوزاری لە ڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە، كە ڕۆتین كەم دەكاتەوە و شەفافییەت زیاد دەكات.

هەر لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خزمەت، پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەریمان بە شێوازی تۆماری كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستاندا كردووە. پێشتر پڕۆسەیەكی زۆر ئاڵۆز و دەستی هەبووە كە ئێستا بە دیجیتاڵكردنی ئەم پڕۆسەیە توانیومانە تۆماری كۆمپانیا بە خێرایی بگەیەندرێت، ئەمەش نەك تەنیا ڕۆتین كەم دەكاتەوە، هەنگاوێكی گرنگیشە بۆ بەهێزكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

ئەمانە بەشێكن لەو چاكسازییانە، بەڵام كۆتاییان نایەت. بە هاوكاریی چەند وەزارەتێكی دیكە چاكسازیی تریشمان ئەنجام داوە، كە خزمەتێكی باشتر دەگەیەنن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

هەموومان دەزانین كە ناهاوسەنگییەك هەیە لە نێوان ئەو ئیمتیازانەدا كە لە كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەتدا هەن، بۆیە بە پەسەندكردنی یاسای كار، ئێمە بەشێك لەو ناهاوسەنگییەمان ڕێكخستووەتەوە. ئەمڕۆ لەژێر چەتری یاسای كاری نوێی هەرێمی كوردستان، ئیمتیازێكی زیاتر دەدرێت بەو كارمەندانەی كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن و لە هەمان كاتیشدا مافیان پارێزراوە.

لە پاڵ یاسای كار، ئیشمان بۆ پەسەندكردنی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی كردووە. ئەمەش لە هەمان كاتدا پاراستنێك دەبێت بۆ ئەو كارمەندانەی كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن و بۆ ئەو كەسانەشی كە لە خوار ڕێژەی هەژاریدان.

بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان بینیومانە ڕێژەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیادیان كردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زیاتری بە ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان داوە.

هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند كردووە. گرنگییەكی زیاتر و هێزێكی زیاترمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ژنان داوە. پشتیوانیی زیاتری هێزە ئەمنییەكان و دادگاكانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان كردووە. ئێمە ڕاستە حكومەتێكی تۆكمەمان پێویستە، حكومەتێكمان پێویستە كە ڕێنماییەكانی ئاسان بن و جێبەجێ بكرێن و كارا بین و كاریگەر بین، بەڵام ئێمە هەموومان دەمانەوێت لە كوردستانێكدا بژین كە شانازی پێوە بكەین. بۆیە پاراستنی یەكسانیی نێوان ژنان و پیاوان لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە ئەولەوییەتەكان و هەموومان كاری لە پێناودا دەكەین.

بۆیە دوای سێ ساڵ كاركردن لە كابینەی نۆیەم، دەتوانم بڵێم كە ئەنجامی باشمان بووە، لە پێناو خزمەتكردن و لە پێناو چاكسازی. بەڵام زۆر كاریش ماوە كە بكرێت. لەبەر ئەوە ئێمە لەو ساڵەی كە ماومانە، هەموو هەوڵێكی خۆمان بۆ تەواوكردنی ئەو چاكسازییانە و دەستپێكردنی چاكسازی دیكە تەرخان دەكەین، كە بتوانین پێكەوە باشتر خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین و حكومەتەكەمان كاراتر و باشتر بكەین.  

 

Top