مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ 13مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ 13مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 25/7/2022، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی 13مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: ''بە بۆنەی (١٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان''.

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە: ''ئێمە لە کاتێکدا ئەو یادەتان پیرۆز دەکەین، ڕۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان''.

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە ''بە هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانەتر هەوڵ بدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی سیاسی و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و فەراهەمکردنی گوزەرانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیان و گەلە خۆڕاگرەکەمان''.

Top