وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا، سوپاسی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن و پێشمەرگەی كرد
دوێنێ هەینی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا، سوپاسی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن و پێشمەرگەی كرد، کە لە هەموو قۆناغێکدا پاڵپشت بوون بۆ یەکتری و هەموویان پێکەوە توانیویانە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆح و گیانی خۆیان بپارێزن.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێیەم ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە گوتارێکدا رای گەیاند "ئەرکی سەرەکی گشتی وەزارەتی ناوخۆ، بریتییە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کردن لە سەرو سامانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی یاسا و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆی هەرێم. لە كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، له تهممووزی 2019ـه وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوهی كارنامهی كابینهی نۆیهم و لهسهر فهرمان و راسپاردهكانی بهڕێز مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لە ئاستی کارگێڕی و یاسایی و دارایی ئەم ههنگاوی خوارەوەی هاوێشتووه: رێکخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران، رێز گرتن لە هاووڵاتییان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی رێکوپێک و نههێشتنی نۆره و قهرهباڵغی و جێبهجێكردن و سیستمی نۆرهی ئهلیكترۆنی و دابینكردنی شوێنی دانیشتن و گۆڕینی ئاراستەی کارمەند و ئەفسەران لە شێوازی رەفتار و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھاووڵاتیان. کارا کردنی سیستمی سكاڵای ئۆنلاین و چارهسهركردنی كێشه و گرفتهكانی هاووڵاتیان، کە تا ئێستا هەزار و 572 سكاڵای وەرگیراوە و چارەسەر کردنی بەشێکی هەرە زۆریان. کارا کردنی هێڵی گهرمی 414 و پێداچوونەوە بە میلاك و نەهێشتنی دیاردهی دهوام نهكردن. بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکان گواستراونەتەوە بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان".
وەزیری ناوخۆ هەروەها گوتی "بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و ئەکادیمی ئەفسەران و دانانی مەرجی ھەبوونی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرزکردنەوەی پلە، کاریگەری خۆی هەبووە. جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھێنانەکایەی یەکەی پاسەوانی و تێپەڕاندنی پەیڕەوی پاسەوانی، پەیڕەو کردنی سیستمی پاداشت و سزا بەسەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەران. پەیمانگهی پەرەپێدانی ئەمنی و کارگێری و تەکنەلۆجیای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆ، چەندین خولی ئەنجام داوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەفسەر و کارمەندی وەزارەت، لە هەمانکاتدا دەرچوواندنی یاسای کۆمپانیا ئەمنییەکان لە کوردستان بۆ یەکەمجار و یاسای نوێی چهك ژمارە 2ی ساڵی2022، بە یەکێک لە دەستکەوتەکان هەرە سەرەکییەکان دادەنرێت".
رێبەر ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش دا "چارەسەرکردنی کێشەی تۆماری لاوەکی هاووڵاتییان کە ماوەیەک بوو بە دەستییەوە دەیان ناڵاند، بهفهرمیكردنی ڤیزای ههرێم، زیادكردنی 6 نووسینگەی تری پاسپۆرت لە قەزاکانی (سۆران ، ئاکرێ ، زاخۆ ، کۆیە، چەمچەماڵ و ئامێدی) کە بە جۆرێک وەرگرتنی پاسپۆرت بە کاتێکی کورت و پێوانەیی. هەروەها پێداچوونەوە بە دیزاین و کوالێتی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل بە ھەموو جۆرەکانی و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی تابلۆی نێودەوڵەتی، و زیادکردنی زمانی کوردی بۆ مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل. لە هەمانکاتدا دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆن، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی و بۆ جێبەجێکردنی یاسا، كه لەو رێگایەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چەندین شەھید و بریندار داوه".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری ناوخۆ، گوتی "له كاتی كۆرۆنا وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگهکانی تری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو تواناکانی خستە کار بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان. بەم دواییەش داخستنی شوێنی فرۆشتنی چەک لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەستپێکردنی هەڵمەتی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت، کە خۆشبەختانە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، چ لەلایەن هاووڵاتییان، چ لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەت و لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەم فەرمانەی سەرۆکی حکومەت وەک خۆی جێبەجێ کراوە. لەم پێناوەشدا بۆ ئەوەی کە وەزارەت بەردەوامی بدات بە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان لە بەرنامەدایە کە ئەو بابەتانەی کە باسکراون لە داهاتووشدا کاری جدی لەسەر بکرێت، لە جێبەجێ کردنی یاسا لە پاراستنی هاووڵاتییان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەردەمیدان بە سەردەمیانە کردنی کاروچالاکییەکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەمانکاتدا لە بەرنامەماندایە کە ماف و شایستە داراییەکانی خانەنشینانی ناوخۆ لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە پڕۆژەیاسایەک کە ئامادە کراوە بدرێتە پەرلەمان و ئەو مافانە دابین بکرێن، کە ماوەیەکی زۆرە داواکاری سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە".
رێبەر ئەحمەد لە کۆتایی وتەکانیدا رای گەیاند "سوپاسی هەموو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و برا پێشمەرگەکان دەکەم، کە لە هەموو قۆناغێکدا لە هەموو کاتێکدا پاڵپشت بوون، بۆ یەکتری و هەموویان پێکەوە توانیویانە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆح و گیانی خۆیان بپارێزن".