د.گوڵدەران عەبدولڕەحیم عەزیز مامۆستا لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان: پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازیی نەوتی و تەرخانكردنی ڕێژەیەك لە داهاتی نەوت بۆ بووژانەوەی ژێرخان، لە قەیرانی دارایی دەمانپارێزێت

د.گوڵدەران عەبدولڕەحیم عەزیز  مامۆستا لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:     پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازیی نەوتی و تەرخانكردنی ڕێژەیەك لە داهاتی نەوت بۆ بووژانەوەی ژێرخان، لە قەیرانی دارایی دەمانپارێزێت

 

 

نەوت و گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان داهاتێكی گرنگە بۆ دابینكردنی مووچە و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، لەمەش گرنگتر بەكارهێنانی ڕێژەیەكی ئەم داهاتەیە بۆ وەبەرهێنان و پێشخستنی سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د.گوڵدەران عەبدولڕەحیم عەزیز مامۆستا لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سەلاحەدین كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

 

* هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوت و گازی سرووشتییە، كە بەو داهاتە توانراوە مووچەی تەواوی ئەمساڵی مووچەخۆران بدرێت، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە تا چەند گرنگە ڕێژەیەكی ئەم داهاتەی نەوت و گازی سرووشتی بۆ بونیاتنانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت؟

- دەرهێنان و پەرەپێدانی سێكتەری نەوت و گاز بۆ بەهێزبوونی پێگەی ئابووریی هەرێم و بەدەستهێنانی سەرچاوەی داهات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، گرنگیی لە ڕاددەبەدەری هەیە، لەمەش گرنگتر سوودوەرگرتنی تەواوی ئەم داهاتەیە لە ڕێگەی شەفافییەت و ئاراستەكردنی داهاتەكەی بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران، چونكە هەڵكشانی نرخەكانی بازاڕ پێویستیان بە سیولەی نەختینەیی هەیە بۆ ڕانەوەستانی جموجووڵی بازاڕ و ئابووری، ئەمەش پڕكردنی پێداویستیی خێزانەكان و بەردەوامیی چالاككردن و بەڕێوەچوونی دامەزراوەكانی حكومەت زامن دەكات، لەمەش گرنگتر دەبێت سیاسەتێكی ڕوون و ئاشكرامان هەبێت بۆ ئەوەی بەشێك لەم داهاتە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی هەرێم و گرنگیدان بە بونیاتنانەوەی ژێرخانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی خەرج بكرێت، چونكە دواجار داهاتی نەوت هەروا بە بەرزی نامێنێتەوە و مێژووی ئەم سامانە سەلماندوویەتی كە بەهای نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا بەردەوام لە ناسەقامگیریدا بووە.

* حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا باسی لە فرەچەشنكردنی ئابووری كرد، بۆ ئەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ببووژێنەوەو، سەرچاوەیەكیش بێت بۆ بەدەستهێنانی داهات. وەكو شارەزایەكی ئابووری ئایا ڕات وایە تا چەند لە هەوڵەكانمان بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری سەركەوتوو بووین؟

- ئەركی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانە كارێكی زیاتر بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارنامەیە، ئەگەر بە ناو بازاڕەكانی كوردستاندا بگەڕێین، بە ڕوونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە نەمانتوانیوە لە فرەچەشنكردنی ئابووریدا هەنگاوی گەورە بنێین، پاساوەكان هەرچییەك بن، دەبێت ئەنجومەنی وەزیران لێپرسینەوەی هەبێت و، بەدواداچوون بۆ ئەوە بكات كە تاچەند لەم سیاسەتەیدا سەركەوتوو بووە، سێكتەرەكانی نەوت و گاز و خانووبەرە گرنگن، بەڵام لەمە گرنگتر دەبێت پسپۆڕایەتی لە كەرتی كشتوكاڵ و فرەچەشنكردنی ئەم كەرتەدا بكەین. فرەچەشنكردنی ئابووری بە داهاتی نەوت دەكرێت، چونكە زۆر سێكتەر هەیە، ئەگەر حكومەت خۆی كاری بۆ نەكات، كەرتی تایبەت لەم بوارەدا ناتوانێت هەموو كارێك ئەنجام بدات، بۆ نموونە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ پێویستی بە پڕۆژەكانی بەنداو و ئاودێری هەیە، ئەمەش داهاتێكی زۆری دەوێت، هاوكات پێشخستنی پیشەسازی دابینكردنی سووتەمەنی و كارەبای بە نرخێكی پاڵپشتیكراو و ڕێگەوبان و كەرتێكی گواستنەوە و كۆگای گەورەی پێویستە، ئەمە وێڕای دەستی كاری كارامە و بەهرەدار، ئەمەش هەمووی پلان و بەرنامەی چڕی پێویستە كە زۆرجار بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ئەم كارە دەكرێت.

* ئابووری، جیاوازیی ئایدیۆلۆژیا و ململانێی سیاسی و مەزهەبی نازانێت، گرفتەكەی هەرێمی كوردستان لەوەدایە زۆر لە سیاسەتە دارایی و نەختینەیی و باجی گومرگ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بودجە مەركەزییە و لە دەسەڵاتی حەسریی عێراقدایە، ئایا لەم بارودۆخەدا هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زاڵبوون بە سەر بەربەستەكانی سیاسیدا پێویستە چۆن مامەڵە بكەن؟

-  ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ئابوورییەكی ڕەیعی پشتبەستوون بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، لە كاتێكدا عێراقی پێش ساڵانی پەنجاكان و شەستەكان و تا حەفتاكانیش گەنم و خورما و پێستە و چەندین بەرووبوومی دیكەی ڕەوانەی دەرەوە دەكرد و، هەرێمی كوردستان بە سەبەتەی خۆراكی هەموو عێراق دادەنرا، نابێت چیتر ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوت ببەسترێت، چونكە هەردوو ڕێكخراوی ئۆپێك و ئەواپێك بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز هەڵسوكەوت دەكەن، عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت كار بۆ دەركردنی یاسایەكی نەوت و گازی سرووشتی بكەن، دوور لە بەرژەوەندیی تایبەتی و ڕەچاوی تایبەتمەندێتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵیش بكرێت، ئەمەش زامنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و گرفت و كێشەكانی تایبەت بە نەوت و گاز چارەسەر دەكات. پێویستە لە سەرجەم سێكتەرەكاندا یاسای نوێ دەربچێت كە لەگەڵ واقیعی نوێدا بگونجێت، لەمەشدا هەماهەنگیی باش لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا هەبێت، بەتایبەتی لە گرێبەستە نەوتییەكاندا.

* تا چەند گرنگی بە پیشەسازیی نەوت و پترۆكیمیایی و پاڵاوتگەكان دراوە، بەتایبەتی كە ناردنە دەرەوەی نەوت، بە نرخێكی كەمترە لە سووتەمەنیی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی و زەیتی مەكینەی ئۆتۆمبێل و سەدان بەرهەمی دیكە؟

- ناردنە دەرەوەی بەرمیلێك نەوت تا دەردەهێنرێت و دەگوازرێتەوە و دەفرۆشرێت، بودجە و پارەیەكی زۆری لێ خەرج دەكرێت، دواتر هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەنزین و نەوتی سپی و گاز و گازوایل و پێداویستییەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی نەوت و پترۆكیمیاویی لە دەرەوەی وڵات بە نرخێكی گران دەهێنن، ئەمەش بەهای دیناری عێراقی لاواز دەكات، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی زیادكردنی پاڵاوتگەكانی بەرهەمهێنانی بەنزین و گازوایل و پێداویستییەكانی دیكە بدات، چونكە لە ئێستادا بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە نرخی جیهانیی بەنزین و پێداویستییەكانی دیكەی سووتەمەنی زۆر گران بووە. هیچ عەقڵانییەتی تێدا نییە یەك بەرمیل نەوت بە 130 دۆلار بفرۆشین، كە دەیان بەرمیلی دیكەی لە بەنزین و گازوایل و سووتەمەنییەكانی دیكە و بۆیاغ و زەیتی مەكینەی ئۆتۆمبێل لێ بەرهەم دەهێنرێت و بە نرخێكی زۆر زیاتر بهێنرێتەوە. گرفتی ئێمە كەمیی هەناردەكردنی كاڵا و بەرهەمی دیكەیە، واتا ناهاوسەنگی لە تەرازووی بازرگانیدا هەیە، ئەگەر نەوتی لێ دەربهێنین لە هاوكێشەكەدا، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە ئەگەر یەك بەرهەم لە ناردنە دەرەوە زیاد بكەین، یەكەیەكی زیادە لە داهاتی نەتەوەیی ئەو وڵاتە زیاد دەبێت.

* هەرێمی كوردستان لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە هەنگاوی بەرەو ئابووریی بازاڕ و كەرتی تایبەت ناوە، تا چەند دەكرێت ئەم كەرتە ڕۆڵێكی زیاتری لە گەشەكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا هەبێت؟

- كەرتی تایبەت لە هەموو وڵاتانی پێشكەوتووی جیهاندا لە پێشخستنی ئابووریدا ڕۆڵی سەرەكی و ڕاستەوخۆیان گێڕاوە، كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و گواستنەوە و پەیوەندی و گەیاندن و دەیان سێكتەری دیكە بە كەرتی تایبەت پێش دەكەوێت، تەنانەت خەرجییەكانی حكومەت كەم دەكاتەوە، كەچی لای خۆمان كەرتی تایبەت لە ڕووی خزمەت و كوالێتی و گونجاویی نرخیشەوە زۆر خراپە و لە هەندێك بواردا بە تەواوەتی قۆرخكاریی هەیە، وەكو بینیمان حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە زۆر لە گەورە كۆمپانیاكان بێ هیچ هۆكارێك لێخۆشبوونی باجیان بۆ كرابوو، یان چەند بوارێك لەلایەن چەند كۆمپانیایەكەوە قۆرخ كراوە، بێ ئەوەی هیچ باج و ڕسوومات و گەشەیەكیان هەبێت، كاتی ئەوە هاتووە لە بواری نەوت و گازیشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیای تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەمە خەرجییەكانی گەڕان و پشكنین و دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت و گازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە و هەلی كاریش بۆ سەدان دەرچووی زانكۆ دابین دەكات.

* یەكێك لە سیاسەت و ستراتیژییەتی حكومەت لە بووژانەوەی ئابووری و فراوانكردنی كاری كەرتی تایبەت بەدەستهێنانی هەلی كارە بۆ گەنجان، پێت وانییە وێڕای ئەو هەموو كۆمپانیایەی لە هەرێمی كوردستان هەن، هێشتا بەپێی پێویست نەتوانراوە ڕێژەی بێكاری دابەزێندرێت؟

- كاتێك بە هەزارەها ئاوارە و پەناهەندە و كرێكاری بیانی بێ هیچ ڕێنمایی و یاسایەك ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و جێگای كاری ناوخۆ بۆ گەنجەكانمان دەگرنەوە، ئەوا بێگومان دەرچوویەكی زانكۆ، یان كرێكار و كارمەندێكی كوردستانی كاری دەست ناكەوێت، بەتایبەتی كە كۆمپانیاكان پابەندی ئەو ڕێژەیە نین كە بۆ بەگەڕخستنی كرێكاری بیانی بۆیان دانراوە، ئەوان كرێی كار بێ بەها دەكەن، بۆیە پێویستیان بە كرێكاری عەرەب و بیانی و سووری و تەنانەت ئەسیوبی و ئەندەنووسی و بەنگلادیشی و توركی و فارس هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی كۆمپانیایەكی بیانی و بە پێدانی دەسەڵاتی ڕەها دەبێت نووسینگەی كار دابنێت و ئەو مافەی هەبێت سەردانی گەورە كۆمپانیاكان بكات و لێپرسینەوەش لە ژمارەی كرێكارانی بیانی بكات، لە كارە سەیر و سەمەرەكانی كوردستان ئەوەیە كە سەدان هەلی كار بۆ بیانی و كرێكارانی دەرەوەی هەرێم هەیە، كەچی گەنجەكانمان بەتایبەتی لە ڕەگەزی ئافرەت لە ماڵەوە بێكارن، یان ڕێگەی هەندەران دەگرن و، زیانێكی گەورە بەر خۆیان و خێزانەكانیان و هەرێمەكەش دەكەوێت. كۆمپانیاكانی بیانی لە كوردستان كار دەكەن و تادێت ژمارەی كۆمپانیاكان زیاد دەكات، كەچی ڕێژەی بێكاری هەر بەرزە، لە هەشتاكان و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا ئەگەر بەراوردی كەرتی گشتی و كارگە و بەرهەمەكان بكەین لەگەڵ ئەم سەردەمەدا، لە ڕووی بەرهەم و كوالێتی و داهاتەوە كەرتی گشتی باشتر بوو، كەواتە كەموكورتییەك لە كەرتی تایبەتدا هەیە و نەیتوانیوە لە خزمەتی دەستی كاری ناوخۆ بێت، كاتێ حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندن ڕادەوەستێنێت، دەبێت بەدیلی ئەمە نووسینگەكانی بەدەستهێنانی هەلی كار بێت، بەڵام هەلێكی كار كە كرێ و مووچەكەی لە ئاست هەڵاوسانی نرخ و پێداویستییەكانی تاكدا بێت، ئەگەرنا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی بچووك و پێدانی قەرز و پاڵپشتیی پرۆژە بچووكەكان دەست پێ بكاتەوە، وەك ئاسنگەری و دارتاشی و كاسبییەكانی دیكە، بە مەرجێك لە ڕووی پاڵپشتیی دارایی و گومرگی و باج و ڕسووماتەوە پاڵپشتییان بكات و ڕێگە نەدات بازاڕەكان بە بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ نغرۆ ببێت و دووچاری مایەپووچبوون ببنەوە.

Top