ئەستێرەی هۆڵیوود (جێمس كان) لە تەمەنی 82 ساڵیدا كۆچی دواییكرد
ئەستێرەی سینەمایی و ئەكتەری دیاری ئەمریكی (جێمس كان) لە تەمەنی 82 ساڵیدا كۆچی دواییكرد .
جێمس كان كە یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی هۆڵیوود, سەرەتا لە چەند كارێكی سینەماییدا بەشداری كرد و توانی پێگەیەكی هونەریی تایبەت بە خۆی درووست بكات و ناوبانگ دەربكات ئەمەش دوای دەركەوتنی لە چەند كارێك وەك فیلمی (red line 7000 movie) لە ساڵی 1965 و فیلمی (el dorado) لەساڵی 1966, بەڵام دواجار ئەم ئەكتەرە (فۆرد كۆپۆلا)ی دەرهێنەر دەناسێت و دەبێتە یەك لە پاڵەوانانی فیلمی (The Godfather), جێمس كان لەم كارە سینەماییە ڕۆڵی یەك لە ئەندامانی خێزانی (دۆن كۆرلیۆنی) دەبینێت كە كوڕە گەورەیەو كەسێكی توڕەو شەڕانگێزە كە هەر بەهۆی ئەویشەوە زیاتر كێشەكان ئاڵۆز دەبێت و تاوانەكان دەستپێدەكەن .
دوای ڕۆڵبینی لە فیلمی گاد فازەر جێمس كان زیاتر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت و دەبێت بە ئەستێرەی جیهانی, ئەم هونەرمەندە بەشێوەیەكی بەردەوام لە فیلمی سینەمایی بەشداری دەكرد و سەركەوتنی بەدەست دەهێنا, دوایین كاری بریتیبوو لە فیلمی (queen bees) كە ساڵی 2021 بڵاوكرایەوە .
شایەنی باسە..فیلمی(The Godfather) كە لە 3 بەش پێكدێت فرانسیس فۆرد كۆبۆلا كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە,فیلمەكە باس لە خێزانی كۆرلیۆنی و چەندین تاوانی مافیایی ئیتاڵی لە نیویۆركی ئەمریكا دەكات, كە چیرۆكەكەی لە ساڵانی 1945 بۆ 1950 وەرگیراوەو دەركەوتنی مایكڵ كۆرلیۆنی نیشان دەدات كە چۆن لە كەسێكی ئاساییەوە دەبێتە گەورەترین مافیا كە ئەستێرەی هۆڵیۆد(ئاڵ پاچینۆ)ڕۆڵی دەبینێت,هەروەها ئەستێرەی جیهانی (مارلۆن براندۆ-جێمس كان-رۆبەرت دی نیرۆ-ڕۆبەرت دۆڤاڵ-دیان كیتۆن-جۆن كیزل-تالیا شێری-ریچارد كۆنت-ئاندی گارسیا-ریچارد كاستیلانۆ و ژمارەیەك ئەستێرەو ئەكتەری سینەمایی دیكە لەم فیلمەدا بەشدارن .
چیرۆكی ئەم فیلمە لە كتێبێك وەرگیراوە كە لەلایەن (ماریۆ پوزۆ) ساڵی 1969نووسراوە, بەپێی لیستی نیویۆرك تایمز بۆ پڕ فرۆشترین كتێب بۆماوەی 67 هەفتە لە ڕێزبەندی یەكەمدا مایەوە, و لەماوەی دوو ساڵدا 9ملیۆن كۆپی لێ فرۆشرا .
ئاسۆ كاكەیی