ئەندامێتیی فینلاند و سوید بە فەرمی لەلایەن ناتۆوە واژۆكرا
دوێنێ(سێ شەممە) لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا ئەندامانی ناتۆ پرۆتۆکۆڵی ئەندامێتیی هەر یەك لە فینلاند و سویدیان لە ڕێکخراوە بەرگرییە سەربازییەکە واژۆ کرد. ئەو دوو وڵاتە یەکسەر نابنە ئەندام و دەبێت وڵاتانی ئەندام لە پەرلەمانەکانی خۆیان پەسەندی بکەن کە چاوەڕێ دەکرێت ئەنجام بدرێت.
لەم ڕێوڕەسمەدا سکرتێری گشتی ناتۆ یەین ستۆڵتنبێرگ لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە ڕۆژێکی گرنگە بۆ فینلاند و سوید، بۆ ناتۆش ڕۆژێکی بەهەمان شێوە، هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە بوونی (32) وڵات لە دەوری مێزەکە، ئەوان بەهێزتر دەکات و گەلەکەیان هێندەی دیكە پارێزراو دەبێت.ئاماژەی بەوەش کردووە كە دەرگای ناتۆ بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە دیموکراسییانەی ئەوروپا کە ئامادەن و دەیانەوێت بەشداری بکەن لە ئاسایشی هاوبەشیاندا.
شایانی باسە هەردوو وڵات لە مانگی ئایاری ڕابردوودا داواکارییەکانیان پێشکەش کرد تا ببن بە ئەندامی ناتۆ، بەم هەنگاوە هەڵوێستی بێ لایەنی خۆیان یەکلاییکردەوە وەک وەڵامێک بۆ لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.