میدیا بۆ نابێتە پاسەوانی نیشتمان؟
بەکارهێنانی دەستەواژەی 'سەگی پاسەوان' بۆ رۆژنامەنوس لەتیۆری لیبراڵیەوە سەری هەڵدا وئایدیای ئەم تیۆرە وابوو کە رۆژنامەنوس و میدیا دەبێت وەک سەگی پاسەوان بێت کە چۆن شتێکی نامۆ دەبینێت هاواردەکات و خاوەن ماڵ ئاگاداردەکاتەوە, ئاواش رۆژنامەنوس و میدیا شتێکی نامۆیان بینی نیشتمان وبەرپرسان ئاگاداربکەنەوە. مارشاڵ ماک لۆهانیش دەڵێت میدیا درێژکراوەی چاوو گوێچکەو هزری مرۆڤە .بوونی میدیا بە سەگی پاسەوان بۆ نیشتمان یان هەرشتێک دەبێت راهێنراوبێت کە شتە نامۆکان چی بن ،خاوەنە راستەقینەکەی کێیە و کێ و چی نامۆیە؟ ئەگەر نا، ناتوانێت نامۆکان بناسێتەوە.راگەیاندنیش ئامرازی ناسنوردارە ،واتە بۆ تەنها مەبەستێک دیاری نەکراوە بەکاربهێنرێت بۆ هەرچی بەکارت هێنا ئەوئامانجەت دەداتێ.ئەوەی ئەمڕۆ لەجیهاندا دەرکی پێ دەکرێت دووجۆر فۆڕم لەراگەیاندن بەدی دەکرێت،فۆڕمێکی راگەیاندنی مەعریفی پەروەردەیی نیشتمانی ، فۆرمەکەی تریش ئامرازی'تەسویقی'،ئیتر بۆ تەسویقی سیاسی،کەسی ،ئایدیای بازرگانی...هتد لەکۆنفرانسی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیهانی لە وڵاتی عومان لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەسترا ، بەشی راگەیاندنی زانکۆی سوڵتان قابوس چەند پانێڵێکیان پێش کەش کرد لەسەر رەوشی میدیای عەرەبی ، لەم پانێڵەدا زۆر ئاشکرا ئەم دوو جۆرە یان جیاکردەوە ،ناونیشانی پانێڵێکیان ' میدیا یان ئامرازی تەسویقی' توێژینەوەکانی ئەم پانێڵە بەئاشکرا راگەیاندنیان جیاکردەوە لە ئامرازی تەسویقی.پێناسەو ناوی راگەیاندنیان تەنها بۆ ئەو میدیایە بەکارهێنا بەرپرسە لەخزمەتی نیشتمان و هاوڵاتی وپەروەردە ،ئەوەی دەرەوەی ئەمەیان ناساند وەک ئامرازی بازارگەری و بازاڕسازی ، ئیتر بۆ کاڵاو بەرهەمە پیشەسازیەکان بێت یان بۆ بازاڕسازی بۆ حیزب و گروپ و لایەن و کەسەکان.هەرشتێک لەشوێنی خۆی دات نەنا ئەو رۆڵەت بۆ ناگێڕێت کە دەتەوێت، میدیا خاوەندارەکەی بڕیاری بۆ دەدات چی دەکات لای کێ بوو ئەو رێچکەکەی بۆ دیاری دەکات ، ئەوەی پارەی بۆ دا هەر ئەویش ئامانجی بۆ دیاری دەکات،سیاسەتی خاوەنەکەی ستراتیژی بۆ دیاری دەکات . راگەیاندن زانیاری و مەعریفەیە ،زانیاری و مەعریفە دەبێت بزانرێت چۆن بەکاردەهێنرێت. باراک ئۆباما لە وتارێکیدا دەڵێت' یەکێک لەهەرگەورەترین هۆکار بۆلاوازبوونی دیموکراسی ئەوگۆرانکاریە قوڵە بوولەوەی چۆن کۆمینیکەیشن دەکەین چۆن زانیاری بەکاردێنینن'.لەکاتێکدا میدیا ئامانجێک لەئامانجە گەورەکانی دەبێت دروست کردنی دیموکراسی بێت، بەڵام کەشێوازی بەکارهێنانی گۆڕا ئەوئامانجە ش پێچەوانە دەبێتەوە کە بۆی بەکاردێنێت.لەکاتێکدا تیۆرکانی دەسەلات و سۆڤیەتی و کۆمۆنیستی میدیا دەخەنەوە دەست حوکمەت بە تەنها بۆ ئەوە نیە کۆنترۆڵ و دیکتاتۆریەتی پێ بەرهەم بهێنیت، بەڵکو خەمێکی نیشتمانیشی تێدایە .ئەوەبوو لیبراڵەکان کە خاوەنداریەتی میدییان لە دەست حکومەت دایەوە دەست خەڵک و مافی خاوەنداریەتی میدییان دایە هەرکەسێک بتوانێت میدیای هەبێت،ئیتر پاشاگەردانی وفەوزا دروست بوو ،نیشتمان و کەسایەتی وناوبانگی کەسەکان کەوتنە بەرنەشتەری میدیا ،بۆیە بەدوایدا وڵاتانی پێش کەوتوو بەرهەمی تیۆری بەرپرسیاریەتیان بەرهەم هێنا.میدیا بزنسێک نیە هەرکەس بیەوێت خاوەنی بێت، بەڵام کەمافیشت دا بەهەموو کەس و خاوەنداریەتیت لیبراڵ کرد بۆ بوونی میدیا، دەبێت بەرپرسی کەیت بەرامبەر هەندێک کۆدو پرینسیپ و پاراستنی نەتەوەو نیشتمان.چارەکە سەدەیەک تێ پەڕیوە لەم هەرێمە بەردەوام میدیا لەجۆرو لە ژمارەی زیاد دەکات تەنها یەک یاسا بۆ رێک خستنی دەرچووە ئەویش ٢٧ ساڵ بەر لەئێستە.جگەلەوەی میدیا لە دەستی حیزبیەوە چوو بەرەو خاوەنداریەتی تایبەت و کەسی و خاوەن د ەمووچاو نادیار،بێ ئەوەی یاسایەکی گشتگیری رێک خستن و بەرپرس کردنی هەبێت،تا ئەمرۆ وای لێهاتوە لە ئەرکی پاسەوانی بۆ نیشتمان ،راگەیاندنی جۆراوجۆرە دروست بووە ،نەک دژی نیشتمانە بەڵکو بانگەشەو زەماوەند بۆ روخانی هەرێم دەگێڕیت، لەبری بوون بە پاسەوانی نیشتمان بەشێکیان بونەتە پاسەوانی پلان وئەجندای ناحەزان وکار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی نیشتمانی فەرهەنگی کەلتوری ئەم کۆمەڵگە دەکەن.پاراستنی ئازادی رادەربڕین سیمایەکی ئەم هەرێمەیەو دەبێت پارێزراوبێت وداکۆکی لێ بکەین.بەڵام چاکسازی لەمیدیاو خستنەوە خزمەتی نیشتمان وهاوڵاتی بەیاساو کۆد ی بەرپرسیاریەتی دەمانپارێزێت لەم پاشاگەردانی و فەوزاو پشێویە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و پەروەردەییە .ئەوکات داوای لێ بکەین با پاسەوانی نیشتمان بێت.