تەرمی 46 کۆچبەر لە ترێلەیەك دۆزرایەوە

تەرمی 46 کۆچبەر لە ترێلەیەك دۆزرایەوە

 

تەرمی 46 کەس لە ترێلەیەكی هەڵگری کۆچبەرانی نایاسایی دۆزرایەوە لە شاری سن ئانتۆنیۆ لە ویلایەتی تەکساس كە بەجێیان هێشتبوون و 16 سەرنشینیش ڕزگارکراوە و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە. 

چارلز هوود سەرۆکی ئاگرکوژێنەوەی سن ئانتۆنیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: 16 بریندارەکە 12 کەسی پێگەیشتوو و چوار منداڵیشیان تێدایە، كەلە چاودێرییەکی چڕدا جێگیرکراون، ئەوان لە كاتی گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە بەخەبەر بوون ، ئێمە تا ئێستا نزیکەی 46 تەرممان دۆزیوەتەوە.

نەبوونی هەوای گونجاو لە ناو ترێلەکەدا، کە نزیکەی 240 کیلۆمەتر لە سنوورەوە لەگەڵ مەکسیکەوە دوور بووە، بووەتە هۆی نەبوونی ئۆكسجین، ئەمەلە کاتێکدایە كە پلەی گەرمی لە تێکساس بۆ 40 پلە بەرز بووە.

کرێکارێکی ناوخۆیی کە لەو شوێنە تێپەڕ دەبوو لە ناو ترێلەکەوە گوێی لە چەند كەسێك بوو داوای یارمەتییان دەكرد، تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات و ئەفسەرانی پۆلیس زوو دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شۆفێری ترێلەکە و بەجێ هێشتنی ترێلەکە كە کاتێک ئەو كەسانە لە ناوەوە بوون دەست نەكەوتووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

مارسلۆ ئیبرارد وەزیری دەرەوەی مەکسیک، ئاماژەی بەڕووداوەکەی تەکساس و ناردنی کونسوڵی مەکسیکی کرد بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەلایەنی کەم دوو کەس لەو کەسانەی گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە خەڵکی گواتیمالانن و پۆلیسی ئەمریکاش سێ کەسیان دەستگیرکردوە كە پەیوەندیان بەم ڕووداوەوە هەیە، هەروەها ترێلەکە هیچ پشكنینی تەکنیکیی نەبوو و بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بەکار هێنراوە.

رۆیشتنی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو کاتەوەی جۆبایدن چووەتە ناو کۆشکی سپییەوە بە شێوەیەکی زۆر زیادی کردووە، پارێزگاری تەکساس گرگ ئەبوت، جۆبایدن و سیاسەتی سنووری وڵاتی بە بەرپرسیاری مردنەکان ناوزەد کرد، بەرپرسانی سن ئانتۆنیۆ دەڵێن: تەنیا لەم مانگەدا نزیکەی 19 هەزار کۆچبەر چوونە ناو ئەو شارۆچکەی ویلایەتی تێکساس، كە تەنیا 240 کیلۆمەتر لە سنووری مەکسیکییەوە دوورە.

ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆچبەرە بەدبەختەکان لە نزیک شارەکە تووشی ڕووداو دەبن و گیانیان لەدەستداوە لە تراژیدیایەکی هاوشێوەدا لە ساڵی 2017دا، تەرمی 10 کۆچبەر لە بارهەڵگرێک لە پارکینگێک لە قەراغی سن ئانتۆنیۆ دۆزرایەوە هەرچۆنێک بێت ئەم ڕووداوەی ئەم دواییە یەکێکە لە کوشندەترین ڕووداوی تراژیدی لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆ کۆچبەران لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بە وتەی سەرۆکی بەشی ئاگرکوژێنەوەی تێکساس، ڕزگاربووەکان تووشی نەخۆشیی سەخت بوون و پلەی گەرمیی لەشیان زۆر بەرز بوو، هیچ ئاسەوارێکی ئاو لە ترێلەکەدا نەدۆزرایەوە.

پۆلیسی سن ئانتۆنیۆ بەدوای شۆفێری بارهەڵگرەکەدا دەگەڕێت، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەڕووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top