پەرلەمانی كوردستان یاسای نوێی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری په‌سه‌ند كرد

پەرلەمانی كوردستان یاسای نوێی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری په‌سه‌ند كرد

           

 

 لە كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی  په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار یاسای نوێی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار په‌سه‌ند كرا و هاوكات خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میش بۆ پێشنیازه‌ یاسای گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا.

 

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژەی بەوە كرد كە  حكومه‌ت ده‌یه‌وێت سێكته‌ری گه‌شتوگوزار بكاته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهاتی ناوخۆیی و پرۆژه‌یاسای گه‌شتوگوزاریش ده‌بێته‌ هۆكاری په‌ره‌پێدان و ڕێكخستنه‌وه‌ی سێكته‌ری گه‌شتوگوزار.

 

هاوكات ڕوونی كردەوە كە پرۆژه‌یاسای گه‌شتوگوزار گرنگییه‌كی زۆری بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی سێكته‌ری گه‌شتوگوزار ده‌بێت، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا ئه‌و كه‌رته‌ به‌ یاسا ڕێك نه‌خرابوو، بۆیه‌ كاتێك به‌ یاسا ڕێكده‌خرێت، پاڵپشتییه‌كی گرنگ ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌رته‌ و بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت كار له‌م بواره‌دا بكه‌ن.

 

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جەختی لەوە كردەوە كە حكومه‌تی هەرێمی كوردستان هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌كانیان له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزاردا به‌گه‌ڕبخه‌ن، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە كاركردنی سه‌رمایه‌ له‌ هه‌ر سێكته‌رێكدا وا ده‌كات ده‌رفه‌تی كار دروستبێت و دروستبوونی وه‌به‌رهێنانی زۆریش له‌و سێكته‌ردا به‌هۆیه‌وه‌ ده‌رفه‌تی كار زۆر ده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌یه‌وێت سه‌رچاوه‌كانی داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات و به‌دیلی دیكه‌ بۆ زیادكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات بدۆزێته‌وه‌.

 

 

Top