هەڵەبجە... پڕۆژەیەک بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ئافرەتان و منداڵان جێبەجێ دەكرێت
بە پشتیوانی و کۆمەکی دارایی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت، لە پڕۆژەكەدا ژمارەیەک لە ڕاهێنەر و پارێزەر و توێژەر کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ژنان و مافەکانیان دەكەن.
ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بەم پرۆژەیە زانیاری زیاتری بڵاوكردووەتەوەو كە ڕێکخراوی لانەی منداڵان پڕۆژەی پاراستنی مافەکانی منداڵان و ئافرەتان لە پارێزگای هەڵەبجە و لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشەپێدان جێبەجێ دەکات، پڕۆژەکەش بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت.
جێی باسە ئافرەتان لە هەڵەبجە هەستیان بە بۆشایەک کردووە کە ئاشنا نین بە مافەکانی خۆیان، پڕۆژەکەش شەش مانگ دەخایەنێت، دەیانەوێت هۆشیاری بە ئافرەتانی هەرزەکار بدەن لەسەر مافەکانیان و هاوسەرگیریی پێشوەختە کە ڕووی لە هەڵکشانە، لە کاتێکدا ڕێژەی جیابوونەوە زیادی کردووە.
زیاتر لە سێ ساڵە فەرمانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە، بەڵام تا ئێستا نەکراوەتەوە، بە هۆکاری نەبوونی فەرمانبەری پێویست، ئەم پڕۆژەیەش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تا ڕێگری بکات لە کپکردنی ئافرەتان و بەدەمەوە نەچوونی مافەکانیان.