هونەرمەند (محەمەد ئەربیلی) كۆچی دوایی كرد

هونەرمەند (محەمەد ئەربیلی) كۆچی دوایی كرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی 20ی حوزەیرانی 2022,هونەرمەندی گەورەو مەقامبێژ(محەمەد ئەحمەد ئەربیلی) كۆچی دوایی كرد .

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم هونەرمەندە باری تەندرووستی تێكچوو و ڕەوانەی یەك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كرا,دوای مانەوەی چەند ڕۆژێك لەژێر چاودێری پزیشكان بەڵام دواجار محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لە تەمەنی 89 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان كرد .

محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لە ساڵی 1933 لە شاری هەولێر لەدایكبووە, ئەم هونەرمەندە ساڵانێكی زۆر لە كاری هونەری بەردەوام بوو و دەنگێكی تایبەت بە خۆی هەبوو و بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و توركی گۆرانی و مەقامی تۆمار كردووە, دەستپێكی كاری هونەری ئەربیلی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1944 كاتێك لە قوتابخانەی (اربیل الاولى) دەبێت, لەوێدا محەمەد ئەربیلی سروود و گۆرانی پێشكەش دەكرد .

محەممەد ئەحمەد ئەربیلی دوای دەنگدانەوەی گۆرانی یاڵڵا شۆفێر بەناوبانگ دەبێت، و گۆرانیەکەی لە لایەن چەندین ھونەرمەندی مەزنی ئەوکات وەکو حەسەن زیرەک و ئیبراھیم تاتڵیسەس دەگوترێتەوە. ئیتر ئەم هونەرمەندە زیاتر پەرە بە خۆی دەدات و کات تەرخان دەکات بۆ نووسینی ھۆنراوە و دانانی ئاواز .

ئاسۆ كاكەیی

Top