لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبووندا: چۆن ئاسەوارەكانی وشكەساڵی كەم بكەینەوە؟

لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبووندا:     چۆن ئاسەوارەكانی وشكەساڵی كەم بكەینەوە؟

 

نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی 17ی حوزەیرانی هەموو ساڵێكی كردووەتە ڕۆژی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، بە مەبەستی خستنەڕووی مەترسییەكانی دیاردەی بەبیابانبوون و ئاسەوارە ترسناكەكانی وشكەساڵی.

 وشكەساڵی وەك دیاردەیەك بە نزیكەی هەر 10 ساڵ جارێك ڕووی لە ناوچەی ئێمە كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاریی باشی لە بەرامبەردا نەكراوە بۆ ڕێگەگرتن لە ئاسەوارە مەترسیدارەكانی، بەڵام كە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا وشكەساڵی ڕاگەیەنرا، لە ساڵی پاریشەوە (بۆردی ڕووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی) لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێك هێنرا، كە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆكی دەستەی ژینگە و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەشناسی و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان تێیدا بەشدار بوون، بۆ خستنەڕووی پێداویستییەكانی هەر سێكتەرێك بە پێی ناوچە و پارێزگاكانی هەرێم و، میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی و، گرتنەبەری ڕێكاری پێویست، بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی كوردستان.

زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان وەك كێشەیەكی گشتگیری جیهانی تەواوی سەر گۆی زەوی بڕوانینە گرفتە ژینگەییەكان، چونكە زەوی و سیستمە ئیكۆلۆژییەكەی، سەرچاوەی سەرەكیی ژیان و بژێویی گشت دانیشتووان و گیانلەبەرانە و، ئەمەش داوای زیاتر تەبایی و كۆكبوونمان لێ دەكات لەگەڵ سرووشت و زەویدا، لە پێناو دابینكردنی هاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان پێداویستییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی نەوەكانی ئێستا و داهاتوودا، چونكە ئەو كاتەی كە هەسارەكەمان لە لایەن ئێمەی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی مەترسیی گۆڕانی كەشوهەوا و خراپ بەكاربردنی دەرامەتەكان و زۆر كێشەی دیكە دەبێتەوە، هەر ئەو كاتە خۆمان دەبینە هەڕەشە لەسەر هەسارەكەمان و، هەر خۆشمان ئەم تەنیا ماڵەی خۆمان دەڕووخێنین.

دیاردەی بەبیابانبوون و وشكەساڵی هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و چۆڵكردنی گوندو لادێكان و، كەمبوونەوەی دەرامەتە سرووشتییەكان لەبەردەستدا، وایان كردووە كە ئەمڕۆ نیوەی زیاتری دانیشتووانی جیهان لە نێو شارەكاندا بژین، بۆیە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەشوهەوادا، پێویستە ستایلی ژیانیش بگۆڕدرێن بە ئاراستەی برەودان بە چەمكی سەوزكردن، بۆیە ژینگەپارێزان كۆكن لەسەر ئەوەی كەئێستا كاتی وەبەرهێنانە لە بواری وزە نوێبوەوەكان و، دووبارە بونیادنانەوەی ژینگەییانەی شارەكان و، دەستكردن بە چارەسەركردنی كێشەی كەشوهەوا، بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا و بە جووڵەیەكی خێرا، ئاسەواری باشی ئەم گۆڕانكارییە دەربكەوێت، لەڕێگەی: بەخۆداچوونەوە بەو شێوازە هەڵەیەی ژیانكردن كە زۆرێك لە مرۆڤەكان ئالوودەی بوون، هەروەها گرنگیی گەڕانەوە بۆ نێو سرووشت و، هەڵسوكەوتی هاوڕێیانەی مرۆڤ لەگەڵ سرووشتدا و، پەرەپێدان بە كولتووری سەوزكردن و كەم بەكارهێنانی ئۆتۆمۆبێل و بایەخدان بە پیادەڕۆیی و، چاوخشاندنەوە بەدیزاینی شارەكان و، وەبەرهێنان لە بواری ژینگەدا و، ئامادەكردنی تاك و كۆمەڵگەی بەرپرسیار لە ڕێگەی هۆشیاری و یاساپارێزییەوە.

بۆ ڕێگرتن لە دیاردەی وشكەساڵی و بەبیابانبوون، پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی یەكێك لە سەرەكیترین پێكهێنەرەكانی ژینگە بدەین، كە ئەویش ئاوە، لێرەوە كاراكردنی ئەنجومەنێكی نیشتمانی بۆ ئاو، ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە ئامادەكردنی توێژینەوەی پەیوەست بە سیاسەتەكانی ئاو و كشتوكاڵ و ژینگە و، هەوڵدان بۆ زیادكردنی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكاندا و، هەوڵدان بۆ بنیاتنانی بەنداوێكی نوێ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ئاوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا، چونكە ئاو وێڕای ئەوەی پێداویستییەكی هەرە سەرەكیی ڕۆژانەی مرۆڤە، لە هەمان كاتیشدا ڕۆڵی ئاو لە زۆر بواری دیكەشدا دیار و بەرچاوە، وەك لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبووندا، چونكە كورد دەڵێت: ئاو و ئاوەدانی.

هەروەها ئاو ڕۆڵی هەبووە و هەیە لە سەرهەڵدانی شارستانیەتەكاندا، وەك بینراوە شارستانیەتی دۆڵی دوو ڕووبار، یان میزۆپۆتامیا، بە هۆكاری هەر دوو ڕووبارەكەیەوە بووە، بۆیە هەر بەو ناوەشەوە ناوی لێ نراوە، یان وڵاتی میسر كە بە دۆڵی نیل ناسراوە، ئەمانە و چەندەها نموونەی دیكە.

ناشكرێت ڕۆڵی ئاو لە پەرەسەندنی كولتووردا نەبینرێت، چونكە ئاو وەك بنچینەی ژیان و فاكتەرێكی هاوبەشی نێوان زۆربەی ئایینەكان لە پڕۆسەی خۆشتن و خۆپاككردنەوە و دەستنوێژ و شوشتنی مردوو، یان خۆ لەئاو هەڵكێشان، هەموو ئەمانە وایان كردووە كە سرووتە ئایینییەكان ببنە بەشێك لە كولتووری گەلان و، ئاو لەشیعر و پەخشان و پەند و فۆلكلۆریشدا ڕەنگی داوەتەوە.

ئەمە جگە لەوەی كە ئاو ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە ناساندنی گەلان بەیەكدی لە ڕێگەی ئەو ڕووبارانەی كە بە زیاتر لە یەك وڵاتدا تیپەڕ بوون و، بووەنەتە هۆكاری گواستنەوەی سەرەتاییانە كە وەك كەشتی لە ڕێگەی ڕووبارەكانەوە بازرگانییان كردووە و بە یەك گەیشتوون و، یەكدییان ناسیوە.

بۆیە ئەمڕۆ بەهۆی گۆڕانكارییە نەرێنییەكانی كەشوهەواوە جێگەی خۆیەتی ئێمەش وەك وڵاتانی دیكە لە خەمی پاراستنی سەرچاوەكانی ئاودا بین و، بەگرنگتر لە سامانی نەوتی بزانین، چونكە وەك گوتراوە: مرۆڤایەتی ساڵانێكی زۆر بە بێ نەوت ژیاوە، بەڵام نەیتوانیوە و ناتوانێت بە بێ ئاو بژی.

لەم پێناوەشدا ئەوەی زۆر گرنگە، هەبوونی ئیرادەیە بۆ كۆكردنەوەی ئاو و، هەبوونی ئیدارەشە بۆ چۆنێتیی بەكارهێنان و دابەشكردنەوەی ئاو، بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و، بایەخدان بە ئاو وەك بڕو وەك جۆر، لە پێناوی پاراستنی هەمەجۆریی زیندەوەران و (بایۆدایڤیرسیتی) و، باش ڕاگرتنی هاوسەنگیی ژینگەیی و، سەرخستنی ئاوی نێو ڕووبارە قووڵەكان، بۆ ئاستی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە ڕێگەی ترومپاو پەمپی تایبەتەوە، سەرپۆشكردنی ڕووبارەكان بە پانێڵی بەرهەمهێنەری وزە لە تیشكی خۆر زۆر پێویستە و، هەروەها ناوپۆشكردنی ڕووبارە لاوەكییەكانیش بە ماددەی تایبەت و، گۆڕینی كاری كشتییاری لە شێوازی كۆنەوە بەرەو شێوازی زیرەكی كشتوكاڵكردن و، كۆتاییهێنان بە شێوازیی كلاسیكییانەی ئاودان و ئاودێری و، دابەشكردنی عادیلانەی ئاو لە نێوان وڵاتان و یەكە ئیدارییەكاندا و، دووركەوتنەوە لە چەمكی ترساندنی ژینگەیی و، قەدەغەكردنی بەكارهێنانی پێكهێنەرەكانی ژینگە لە جەنگدا بە گشتی و ئاو بەتایبەتی.

لێرەدا و هاوكات لەگەڵ باسكردن لە ڕۆڵی ئاو لە كۆتاییهێنان بە وشەكەساڵی، گرنگە ئاماژە بە ڕۆڵی كشتوكاڵ و دارستانەكان و نەمامگەكان بدەین لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشكەساڵی و بەبیابانبووندا، لە ڕێگەی كاراكردن و كاركردن و یاسای پاراستنی دارستانەكان و پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و، پۆلێنكردنی نەمامگەكان لە ڕووی ژمارە و سوودمەندبوون لێیان و، چارەسەركردنی پاشماوە كشتوكاڵییەكان، بە سوود وەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای سەردەم و، چارەسەركردنی بەنداوە كۆنەكان و، دیزاینكردنی بەنداوە پێشنیاركراوەكان و، كەمكردنەوەی هەڵكەندنی بیری نوێ و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی.

لە دواجاردا لەبەر ئەوەی وشكەساڵی و بەبیابانبوون و گرفتە ژینگەییەكان سنووری سیاسی و ئیداری ناناسن و سنوور بڕن، بۆیە گرنگە لە ڕووانگەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقیشەوە هەوڵ بدەین ڕێگەچارەی گونجاو بدۆزینەوە، چونكە ماددەی 114 لە دەستووری عێراق لە حەوت بواردا دەسەڵاتی هاوبەشی دیاری كردووە لەنێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هەرێمەكاندا، كە لە خاڵی (سێیەم)دا دەڵێت دانانی سیاسەتی ژینگەیی بۆ زامنكردنی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و، پارێزگاریكردن لە خاوێنیی ژینگە، بە هاوكاری لەگەڵ هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی كە خۆیان لە هەرێمێكدا ڕێك نەخستووە.

بەم پێیە كاتێك پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی نیشان دا بۆ چوونە نێو ڕێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا، ئەم هەنگاوە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئێستا لە عێراقدا لیژنەیەكی باڵای تایبەت بە گۆڕانكاریی كەشوهەوا هەیە، كە نوێنەری دەستەی ژینگەش ئەندامە تیایدا، هەر ئەویش سەرۆكی لیژنەی گۆڕانكاریی كەشوهەوایە لە هەرێمی كوردستان، كە ئەو لیژنەیەی هەرێمیش بە سەرۆكایەتیی نوێنەری دەستەی ژینگە و بە ئەندامێتیی نوێنەری ئەم لایەنانەیە:

یەكەم: نوێنەری هەر یەك لە وەزارەتەكانی (كارەبا، شارەوانیی، كشتوكاڵ، بازرگانی، پلاندانان، ناوخۆ، تەندروستی، گواستنەوە، سامانە سرووشتییەكان، ڕۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا، پەروەردە، ئەوقاف، دەستەی وەبەرهێنان).

دووەم: نوێنەرانی كەرتی تایبەت لە هەریەك لە ژووری بازرگانیی هەولێر، ژووری بازرگانیی سلێمانی، ژووری بازرگانیی دهۆك، ژووری بازرگانیی هەڵەبجە.

سێیەم: بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی ژینگە لە هەر یەك لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، فەرمانگەی ژینگەی دهۆك، فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین.

ئەم لێژنەیەی هەرێم ڕاسپاردە و پێشنیازەكانی دەداتە لێژنەی كەشوهەوای عێراق لە ڕێگەی نوێنەری دەستەی ژینگەوە و، كۆبوونەوەی خولییان هەیە لە بەغداو هەولێر و، كاردەكەن بۆ هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پابەندبوون بە گشت ئەو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییانەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، كە كۆماری عێراق واژۆی لەسەر كردووە و پابەندبوونی خۆی پێیانەوە ڕاگەیاندووە، هەر لەم ڕوانگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتێك بە ئەركەكانی خۆی هەڵدەستێت، داوای ئەو مافانەشی دەكات كە ئەو ڕێكەوتننامانە دابینیان دەكەن.

ئێستا لێژنەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە هەرێم لە ڕێگەی: یاداشتنامەی لەیەكگەیشتن لەگەڵ ژینگەی عێراق و، كردنەوەی بەشی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە فەرمانگەی هونەریی دەستەی ژینگە و، سازدانی وۆركشۆپی هاوبەش لەگەڵ ژینگەی عێراق و هەماهەنگی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی گازەكانی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن و میسان، لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یارمەتییەكانی ڕێكخراوەكانی تایبەتمەندی نەتەوە یەكگرتووەكان و، گۆڕینەوەی داتاو زانیاری لەگەڵ ڕێكخراوە جیهانییەكان و، هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوە ژینگەییە لۆكاڵییەكان، لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ گۆڕینی ستایلی بەكاربردن و مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ژینگە.

 

Top